(ماكرۆن) و هاوشێوەكانی: بەشی یەكەم
قورئان دەفەرموێت كێشمەكێشی نێوان هەق و ناهەق تا قیامەت بەردەوام ئەبێت (وَلَا يَزَالُونَ يُقَاتِلُونَكُمْ حَتَّى يَرُدُّوكُمْ عَنْ دِينِكُمْ إِنِ اسْتَطَاعُوا...217 البقرة )واتە: بەردەوام ئەجەنگن لەگەڵتان تا ئەگەر بۆیان بچێتە سەر لەدین وەرتانگێڕن. بۆ ئەمەش سەروماڵ بەخت دەكەن(إِنَّ الَّذِينَ كَفَرُوا يُنْفِقُونَ أَمْوَالَهُمْ لِيَصُدُّوا عَنْ سَبِيلِ اللَّهِ فَسَيُنْفِقُونَهَا ثُمَّ تَكُونُ عَلَيْهِمْ حَسْرَةً ثُمَّ يُغْلَبُونَ وَالَّذِينَ كَفَرُوا إِلَى جَهَنَّمَ يُحْشَرُونَ (36) الانفال ) .ئێستا ساڵانە زیاتر لە «360» ملیار دۆلار بۆ مژدەدان كۆدەكرێتەوە كە رۆژی ملیارێك دەكات، تەنانەت لە ئەفەریقا هێلیكۆپتەر لە خزمەتی قەشەكاندایە كەچی بەو هەموو توانا و ئیمكانیەتەیانەوە نەیانتوانی بەهێندەی دكتۆر ((عبدالرحمان سمیگ)) رۆڵ ببینن كە بە ئیمكانیاتییەکی كەمەوە «یانزە ملیۆن و نیو» كەسی موسڵمان كرد لە سی ساڵدا.
ناحەزان هەموو هۆكارەكانی سەردەم لەخزمەتیاندایە وڵاتانی زلهێز پاڵپشتیان ئەكەن، ئینجا بەوەشەوە بەڵگەكانیان وەك تەونی جاڵجاڵۆكەیە و خۆی ناگرێت، ئاخر باشە ئەوان ئەڵێن ئیسلام و قورئان یاسای بیابانە و بەكەڵكی ئەم زەمانە نایەت، دەی باشە بێزەحمەت وەرن بەرنامەی جێگرەوەی ئیسلام چیە فەرموون ئەوە ئەرز و ئەوە گەز، دیارە هیچیان نیە، ئەگەر ژیاری رۆژئاوا بە بەدیل ئەزانن، ئاخر خۆ وا ئاگر بەربۆتە گیانیان نازانن چیبكەن ئەو هەموو ئەوروپیە موسڵمان ئەبن و ئەترسن لە داهاتوودا نەخشەی جیهان بگۆڕێت و ئەوروپا هەموو موسڵمان ببن.
دكتۆر ((فازیل سولەیمان)) ئەڵێت: زۆرجار ئەوەی ناحەزان بڵاوی ئەكەنەوە ئەبێتە مایەی هیدایەت، ئەندازیارێك بەناوی (ئەمیر) هەفتەی یەك دوو ئیمیەلی بۆ دەناردم و وەڵامم ئەدایەوە چاوەڕێ بووم موسڵمان بێت، كەچی ساڵ ونیوێك دەنگی نەما، دوای ئەوە نامەیەكی ناردو وتی: كاتی ئەوە هاتووە بتبینم، هات بۆنووسینگەكەم لە قاهیرە و وتی: ساڵ و نیوێكە سەیری (زەكەریا بوتروس) ئەكەم لەگەڵ وەڵامەكانی تۆدا، ئیتر گەیشتومەتە قەناعەتی تەواو ئەمەوێت موسڵمان ببم.
برادەرێك خوشكەكەی موسڵمان بوو لەقاهیرە و لەتاو خێزانەكەی ناچاربوو بەجیا بژی، كتێبی «خلق المسلم» ی (محمد غەزالی) دا بەبراكەی كە ئەفسەربوو ئەویش موسڵمان بوو، ئینجا چوونە لای دایكیان وپێیان وت: دایە ئێمە هاتووین پێت بڵیین بەڕاستی شوێن دینی مەریەم و مەسیح بكەوە سەلامی خوایان لێبێت، دایە تۆ كە ئەبیتە موسڵمان پێغەمبەر موحەممەدت ﷺ دەست دەكەوێت و حەزرەتی مەسیحیش لەدەست نادەیت. دیارە دایكیان پێویست بوو ئاوا قسەی لەگەڵ بكەن چونكە ئاین گۆڕین ئاسان نیە.
ئاخر ئینجیل لەسەدا شانزەی كەلامی خوایە بەشایەتی دووسەد زانای ئەوروپی بوارە جیاجیاكان، ئینجا هەرچی پیرۆزییە بۆخوا و پێغەمبەرانی نەیانهێشتۆتەوە، ئاخر كەی ڕەوای هەقە كە تێیدا هاتووە گوایە حەزرەتی یەعقوب (حاشاوابێت) تا بەیانی زۆرانبازی لەگەڵ خوادا كردووە و وتوویەتی وازت لێناهێنم هەتا پیرۆزم نەكەی، ئەوەی ئەوان باسی دەكەن چ خوایەكە؟ بەو هەموو كەموكورتییەی هەیانە، گومان لای ئێمە دروست ئەكەن و شەو و رۆژ خەریكن (بَلْ مَكْرُ اللَّيْلِ وَالنَّهَارِ إِذْ تَأْمُرُونَنَا أَنْ نَكْفُرَ بِاللَّهِ وَنَجْعَلَ لَهُ أَنْدَادًا.السبأ 33 )
تكایە ماویەتی..
بە پێنووسی ئەندازیار عوسمان