دروستكردنى عەقڵى رەخنەگرانە

نووسينى: أحمد السيد

وەرگێڕانى رێكخراوى ئاستانە

عەقڵى رەخنەگرانە ئەو عەقڵەيە كە پشكنين دەكات، بەبێ بەڵگە بانگەشە قبووڵ ناكات، بەڵگەى ناڕەوا و خراپيس پەسەند ناكات، هەڵەى مەنتيقيش بەسەريدا تێناپەڕێت.

زۆرێك لەو گومانانەى بەرامبەر توێژى گەنجان دەوروژێنرێن، كاريگەرترين هۆكار كە وادەكات كاريگەرييان هەبێت، بريتيە لە نەبوونى بيركردنەوەى رەخنەگرانە و عەقڵيەتێكى پشكنەرانە، بۆيە گرنگيدان بە چاندنى واتا و مەبەستى بيركردنەوەى دروست، بيركردنەوەيەك كە بتوانێت وەرگيراو و بەرپەرچدراوەى زانياريەكان لێك جيابكاتەوە، بە بابەتێكى زۆر گرنگ دادەنرێت لە خۆقايموقۆڵكردن لە ئاست گومانەكان و بەهێزكردنى بەرگريى هزريدا.

زانايانى ئيسلام زۆر گرنگييان بەوە داوە پێش ئەوەى زانيارييەك پەسەند بكەن، پشكنين و وردبينى بۆ بكەن، لە ديارترين نموونەكانيش ئەو وردەكارييەيە كە زانايانى فەرموودە خولگەيەكى پشكنينى سەرسوڕهێنەريان بەرهەمهێناوەو بەو خولگە پشكنەرە، رەخنەيان گرتووە لە گێڕەرەوانى فەرموودە و تەنها بە روووكەش هەڵنەخەڵەتاون، بەراوردى گێڕانەوەكانيان كردووەو هەرچى مونقەتيعە بە لاوازيان داناوە، كەسە درۆزنەكانيان ئاشكرا كردون، هەتا ئەو رێبازە رەخنەييان بوو بە پارێزەرێك بۆ سوننەت و فەرموودەكانى پێغەمبەرى خوا (صلی اللە علیه وسلم).

هەروەها زانايانى موسڵمان گرنگييان داوە بە باسكردنى بنەماكانى جەدەلى دروست و ديمانە و گفتگۆى بەرهەمدار، باسى بەڵگە پەسەندكراوەكان و بانگەشە بەرپەرچدراوەكانيان كردووە، ئەمانەو چەندين شتى تريش كە پێويست دەكات پشكنين و وردبينييان بۆ بكرێت لە كتێبەكانى (هونەرى توێژينەوەو ديمانە) يان (زانستى جەدەل) دا خراونەتە بەرباس.

ئەمەى پێشوو جياوازە لەو عەقڵيەتە گومانگەراى كە سەرمەستە بە (نازانم) و (لەوانەيە) و (چووزانم)، چونكە عەقڵى رەخنەگربەپێى ئاستى بەرپەرچدانەوەو گومانكردن لە هەواڵ و زانيارييەكان نيە، بەڵكو بەپێى تێبينيكردنى ئەو هۆكار و بەڵگانەيە كە وا دەخوازن شتێك بەرپەرچ بداتەوە يان وا دەكەن شتێك پەسەند بكرێت.

بيێگومان پێويستمان بە خول و وانە و جێبەجێكردنى كرداريى تايبەت بەو بوارە هەيە بە چەشنێك رێنموونيمان بكات بەرەو پەيڕەوى دروستى بيركردنەوەى رەخنەگرانە و جياكردنەوەى ئەم مۆدێلە لە بيركردنەوەى نەرێنى گومانگەرا، دەتوانين منداڵەكانمان پەروەردە بكەين لەسەر بيركردنەوەى رەخنەگرانە، ئەويش بە پەيڕەوكردنى بەسەر ئەو هەواڵ و راوبۆچوونانەى كە لە خوێندنگە و لەنێو هاوڕێكانياندا دەيانبيستن، بەو چەشنە بە دادگاييكردنى ئەو هەواڵ و زانياريانە، رادەهێنرێن لەسەر بنەماى پشتڕاستكردنەوەو شرۆڤەى تەندروست.

هۆكارێكى يارمەتيدەرى بەهێزكردنى پێناوەكانى عەقڵى رەخنەگرانە، بريتيە لەوەى شارەزاييت هەبێت بە شێواز و تواناكانى لێكۆڵينەوەى زانستى، عەقڵى رەخنەگر پێويستى بەوەيە شارەزاى سەرچاوەكانى زانياريى بێت و بزانێت بۆ وردبينى و چەسپاندن، چۆن مامەڵەيان لەگەڵدا بكات، بۆيە پێويستمان بەوەيە سەبارەت بە چۆنێتى گەڕانى ئەليكترۆنى و پەڕەيى بۆ زانياريەكى نێو سەرچاوە متمانەپێكراوەكان، هەروەها چۆنێتى گەڕان بۆ راستى فەرموودە لە ئينتەرنێت و لەنێو كتێبەكاندا، خولى تايبەت ببينين.

7/11/2020 2:43:44 AM

بەشەکانی کورتە وتار

1