گرینگی خێزان لە ئیسلامدا
گرینگی خێزان لە ئیسلامدا
یەکێک لە بەشە هەرە گرینگەکانی سیستەمی کۆمەڵایەتی خێزانە، خێزان لە شەریعەتی ئیسلامیدا یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکان و بەردەوام هەوڵی پاراستن و مانەوەی دراوە، چونکە مانەوەی خێزان مانەوەی کۆمەڵگەیە، هەر کات تێکچوو یان لەیەکترازا، ئەوکات کۆمەڵگە بەرەو لەناوچوون دەڕوات و ڕێڕەوی ژیان دەشێوێت.
بۆیە ئیسلام هەمیشە هەوڵی داوە خێزان دروست ببێت، هانی موسڵمانانی داوە هاوسەرگیری بکەن، بەرچاوڕوونیشی داوە بە تاکەکان کە بۆ هاوسەرگیری بکەن؟ لەگەڵ کێدا بیکەن؟ چۆن ڕەفتار لەگەڵ یەکدا بکەن؟ ئەرک و مافەکانیان چییە؟ چۆن بڕوانین بۆ منداڵ و پەروەردەکردنیان؟ ئەم باسانە و چەندین باسی تری گرینگ کە لە تێڕوانینی ئیسلام بۆ خێزان بەدیار دەکەوێت.
چونکە خێزان ڕاگری کۆمەڵگەیە لە هەرەسهێنان، بە ئەزموون هەر یەکێک لە ئێمە گەیشتووین بەو دەرەنجامەی زۆرینەی ئەوانەی گرفت دروست دەکەن لە کۆمەڵگەدا ئەوانەن کە دوورن لە خێزان یان خێزانێکی هۆشیاریان نییە پەروەردەیەکی تەندروستی کردبن، پێکەوە کۆنابنەوە لەسەر خوانێک، هەست بە بۆشاییەکی زۆری دەروونی دەکەن، پەنا دەبەنە بەر هەموو شتێک، خۆ ئەگەر ئەوان هەستیان بە چەتری خێزان بکردایە بەسەریانەوە کە پڕیەتی لە خۆشەویستی، سۆز، بەزەیی و هەموو مانا جوانەکان، بەدڵنیاییەوە زۆرجار خۆیان دەگرتەوە لە خراپە، چونکە خێزان یان ئەوەیە ڕێگە نادات ئەو ئاسوودەییەی هەیە لە خێزانەکەی بیشێوێنێت یان ویژدانی ڕێگەی نادات ئەو ئاسوودەییەی کە تیایدا دەژی لە خێزانێکی تری تاڵ بکات.
ئینجا بڕوانین لە کۆمەڵگەدا، کێن ئەوانەی شەڕانگێزن، خراپەکارن، یان تەنانەت زۆرن ئەوانەی بە باشی ناخوێنن؟ بێگومان بەشێکی زۆریان ئەوانەن کە بێبەشن لە خێزانێکی بەختەوەری هۆشیار.
لە پەڕتووکی: «من کێـــم؟»
نووسینی: مەڕوان کوردی
#ئاستانە_Astana