کەباب فۆبیا!
کەباب فۆبیا!
لە تازەترین مەهزەلەی ڕاستڕەوەکانی فەڕەنسا، لێدوانێکی «ئیریک زەمور»ە کە تیایدا دەڵێت: "نامەوێت لەهەموو کوچە و کۆڵانێکی فەڕەنسا، کەبابخانەیەک ببینم." وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە «کەباب» خواردنێکی ڕۆژهەڵاتییە و بەتایبەتتریش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە سەریهەڵداوە، وەک هەڕەشەیەک دەیبینن لەسەر شوناسی فەڕەنسی!
«ئیریک زەمور» سیاسییەکی ڕاستڕەو و توندڕەوی فەڕەنسییە و چەندەها بۆچوون و تێڕوانینی توندی هەیە بەرانبەر پەنابەران و موسڵمانان، تەنانەت لە لێدوانێکدا باس لەوە دەکات کە گەر ببێتە سەرۆک، ناوی «موحەممەد» قەدەغە دەکات و کەس بۆی نییە مناڵەکەی ناو بنێت «موحەممەد».
بەڵام ئەوەی جێی پێکەنینە، ئەوەیە: تەنانەت ئەم توندڕەوییە خواردەمەنییەکانیشی گرتووەتەوە و کار گەیشتووە بەوەی فۆبیا دروستبکرێت لە بەرانبەر خواردنە ڕۆژهەڵاتییەکان، بەتایبەتیش کەباب!
«کەباب فۆبیا» دیاردەیەکی تازە نییە، بەڵکوو لە ساڵی ٢٠١٣وە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان دژبەریی خۆیان بۆ کەباب دەربڕیوە و بە هەڕەشەی دادەنێن لەسەر شوناسی فەڕەنسی!
#ئاستانە_ Astana