حەقیقەتی نەورۆز!

حەقیقەتی نەورۆز!

نەورۆز؛ لێکدراوی دوو بڕگەی فارسییە، بڕگەی یەکەمی (نو)ە و بڕگەی دووەمیشی (ڕوز)ە واتە ڕۆژ، پێکەوە واتای «ڕۆژی نوێ» دەدات. «موحەممەد ئەمین هەورامی» لە فەرهەنگی (ئیریەڤەج)دا دەڵێت: "(نو - nu) ئەم وشەیە بە واتای «ئێستا - نووکە - هەنووکە» هاتووە، لە ئینگلیزیدا وشەی (Now) هەمان واتای هەیە، لە هیندی کۆندا ئەم وشەیە بووە بە (نوئەم - nunam) و لە پاڵەویشدا بووە بە (نوون - nun) و بە بلو جیش (نوو - nu)، یان (نوون)ە، لە فارسی ئەمڕۆدا بووە بە (ئەکنون - aknun)."

بۆیە پێی دەڵێن: "ڕۆژێکی نوێ"، چونکە گواستنەوەی مرۆڤەکان بووە لە ڕۆژێکی سارد و سەختەوە بۆ بەهار، کە گۆڕانکارییەکی گەورە بەسەر کەشوهەوادا هاتووە.
هەندێکی تریش دەیگێڕنەوە بۆ سەرکەوتنی (مییدیا)، وەک نیشانەیەک بۆ سەرکەوتن ئاگریان کردووەتەوە.

یەکەم ڕۆژی نەورۆز
نەورۆز ناوی ئەو ئاهەنگانەیە کە چاوەڕێی هاتنی ساڵی نوێ دەکەن، لە زۆرێک لە کۆمەڵگەی فارسی و ئاسیای ناوەڕاست، کاتێک وەرزی زستان دەگۆڕێت بۆ بەهار، کە زۆربەی کات لە ٢٠ یان ٢١ی ئازار، هەموو ساڵێک ڕوودەدات، لە ڕۆژژمێری فارسی کۆندا، ١٦ی مانگی (فروردینە)ە کە هاوکاتی ٢٧ی مارسە.

ئەو وڵاتانەی یادی نەورۆز دەکەنەوە
ئەم یادە لە زۆر وڵات بەڕێوە دەچێت بەشێوەی جیاواز، وەک لە وڵاتانی: کازاخستان، کوردستان، ئۆزبەکستان، تاجیکستان، تورکمانستان و ...هتد.

نەورۆز ئاهەنگێکە، کە هەزاران ساڵە یادی دەکرێتەوە لەلایەن کەسانێکەوە چێژی لێ وەردەگرن لە چەند باوەڕێکی جیاوازدا، نەورۆز بەشێکی ڕەگی لە دابونەریتی ئایینی زەردەشتیدا هەیە، لە ئاڤێستادا زەردەشت جەخت لە چەمکە فراوانەکان دەکاتەوە، وەک کاری گونجاوی چاکە و خراپە لە جیهاندا و پەیوەستبوونی مرۆڤ بە سروشتەوە، زەردەشتییەکان زاڵ بوون بەسەر زۆربەی مێژووی ئێراندا، ئەمڕۆ لە هەموو جیهاندا چەند کۆمەڵگەیەکی زەردەشتی هەن و گەورەترینیان لە باشووری ئێران و هیندستانن.

لە زۆرێک لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا، نەورۆز یاد دەکرێتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا لە ناوچەی جوگرافیدا بە ناوی (پێرسیا) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاستدا سەری هەڵدا، کولتووری جیا لەسەر بنەمای ئەو زمان و خۆراک و مۆسیقا و چالاکییە خۆشانەی کە لەنێو زۆرێک لە خەڵک و گرووپە ئیتنیکییەکانی ئەم ناوچەیەدا ژیاون بە فارسی ناسراوە، نەورۆز بوو بە ئاهەنگێکی جەماوەری لەنێو ئەو کۆمەڵگەیانەی کە لە فارسەوە گەشەیان کردووە، کاریگەری لەسەر ناوچە کولتوورییەکان هەبووە، لە کاتێکدا کە ناوچەی فیزیکی بە ناوی (پێرسیا) چیدی بوونی نییە لە ئێستادا، بۆیە ئێستا زۆرێک لە وڵاتانی تاجیکستان و ئۆزبەکستان و کازاخستان و کوردستان و تورکمانستان و چەندین وڵاتی تر یاد دەکرێتەوە، کە پێشتر هەموویان لەژێر ناوی هەرێمی «پێرسیا»دا بوون.

بۆیە زۆرێک لە مێژوونووسان جەژنی نەورۆز بە جەژنی ئایینی زەردەشتی و نەتەوەی فارس دادەنێن،
زەردەشتییەکانی ئەمڕۆش دەڵێن: "جەژنی ئایینی پێشینەکانیان ٧ دانەیە کە خوای گەورە ڕێگای پێداون شادی و ئاهەنگی تێدا بگێڕن و یەکەم کەس کە بەردی بناغەی دانا «زەردەشت» بووە."

دکتۆر (الشفیع الماحی احمد) دەڵێت: "سەرەڕای ئەوەی کە زۆربەی جەژنە کۆنەکانی فارسەکان، تا ئەندازەیەکی زۆر مۆرکی ئایینی پێوە دیار بوو، وەک هەموو شتەکانی تر لە ژیانیاندا، بەڵام دوو جەژنیان دەتوانین تا ڕادەی دڵنیایی وەربگرین کە شەرعییەتیان پێ داوە و زەردەشت بناغەی شادی تێدا داناوە، بەڵام پاشماوەکانی تر لەم جەژنانە جەژنی کۆمەڵایەتین و بە هاتنی چاخەیەک بەدوایەکەکاندا گۆڕاون بە چەند جەژنێکی میللی، کە ئەو دوو جەژنەش جەژنی «نەورۆز» و «میهرگان»ە، کە گەورەترین جەژنن لای زەردەشتییەکان، هێشتاش ئەم دوو جەژنە زەردەشتییەکانی ئێران و هیند بایەخی گەورەی پێ دەدەن."

بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، ئەوەیە کە یادی نەورۆز مێژووەکەی کۆنترە لە مێژووی ئایینی زەردەشتییەت، بۆیە ناتوانین بڵێین یادی نەورۆز وابەستەیەکی تەواوی هەیە بە ئایینی زەردەشتییەتەوە، چونکە مێژووی زەردەشتییەت، دەگەڕێتەوە بۆ هەزار ساڵ پێش زایین - سەبارەت بە مێژووی ئایینی زەردەشتییەت خیلافێکی زۆر هەیە، بەڵام ئێمە کۆنترینمان وەرگرتووە. - بەڵام «نەورۆز» مێژووەکەی کۆنترە، زەردەشتییەکانیش وەکوو سوود بینین سوودیان لەو بۆنەیە وەرگرتووە، جگە لەمە زەردەشتییەکان سوودیان لە پەرستشی ئایینەکانی پێش خۆشیان بینیوە و لێیان وەرگرتن و بەکاریان هێناوەتەوە لە شێوازی پەرستشەکانیاندا.

بۆیە دەتوانین ئێمە بڵێین: "نەورۆز جەژن و بۆنەیەکی کۆنی نەتەوە ئارییەکانە، بە میرات بۆ نەتەوەکانی ئێستا ماوەتەوە."

نەریتی نەورۆز
لە بەیانی ڕۆژی نەورۆزدا خەڵکی زوو هەڵدەستن، چونکە بڕوایان وایە کە باشترین ساتەکانی ڕۆژی جەژن ساتی بەرەبەیانە، خۆیان دەشۆن و نان دەخۆن، پاشان بۆ نزیکترین پەرستگا دەڕۆن لەگەڵ هاوئایینییەکانیاندا بۆ نوێژی بەکۆمەڵ، لەوێ گەردنی یەکتری ئازاد دەکەن و لە خودا دەپاڕێنەوە، لەگەڵ کۆمەڵێک ڕێوڕەسمی تر، پاشان لە دووەم ڕۆژی جەژنەکەیانەوە تا شەشەم ڕۆژ خەڵکی لە شوێنە گشتییەکاندا کۆدەبنەوە.

ئەو خواردنانەشی کە دەیخۆن بریتییە لە (sabzi pollo mahi) ماسییە، کە بە برنجێکی تایبەتی دەکرێت بەسەردا و برنجەکە تێکەڵە بە سەوزەوات، جگە لەوەش «نان بێرینگی» و «سامانو» و «باقلاڤە» دەخۆن.
لە ئێستادا زەردەشتییەکانی هیند بەتەواوی بەم شێوازە ئاهەنگ دەگێڕن.

نەورۆز، لەنێوان ئەمڕۆ و مێژوودا
وەک باسکرا لە سەرەتادا نەورۆز جەژنێکی ئایینی و نەتەوەیی بووە، بەڵام لە ئێستادا لە مۆرکە ئایینییەکە دەریان کردووە.
ئەوەی لە ئێستادا باس دەکرێت، جەنگی نێوان زوحاک و کاوەی ئاسنگەرە، کە مێژوونووسان ناکۆکییەکی زۆریان هەیە لە دیاریکردنی نەتەوەی ئەم دوو کەسایەتییە، هەندێک زوحاک بە کورد دادەنێن و کاوەش بە فارس، هەندێکیشیان بە پێچەوانەوە.

ئەوەی گرنگە، ئەوەیە کە ئێستاش لە گوندی نەوێی بناری سورێن زیندان و ئاش و کۆشکی زوحاک ناسراوە و شوێنەواری ماوەتەوە، بە پێچەوانەی ئەوەی کە ئەفسانەکان باسی دەکەن، کە سەرچاوەکەی شانامە بووە، خەڵکی گوندەکەش زوحاک بە کورد دادەنێن، دەڵێن زوحاک هەمان ئەو ئاستیاکە بووە کە دوا پادشای ماد بووە و کاوەش هەمان کۆرشی هەخامەنشییەکان بووە! چونکە ئەگەر سەرنجێکی ئەو ماوە مێژووییە بدرێت، کە بیگێڕینەوە سەر ساڵنامەی کوردی و حەوت سەدەی بەر لە مەسیح، تەنیا دەوڵەتی (ماد) دەبینین لە ناوچەکەدا، هەروەها لە مێژووی ناوچەکەدا نەمانبیستووە کەسێکی عەرەب بێت و هەزار ساڵ حوکمی بکات.

بەڵکوو ئەوەی هەبووە حوکمی کوردەکانی (میدییا) بووە و دوا پادشایان (ئاستیاک) بەهۆی کۆرشی هەخامەنشیی فارسەوە لەناو چووە و تەختی کوردیان لەناو بردووە و هەڵتەکاندووە.

چیرۆکی نێوان زوحاک و کاوە، ئەفسانەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، وەک ئەوەی کە دەوترێت زوحاک دوو مار لەسەر شانی بووە و زۆر شتی لەسەر دەگێڕنەوە، بەڵام ئەگەر سەرنجی ئەفسانەکان بدەین لەگەڵ ڕووداوە مێژووییەکەدا، دەردەکەوێت کە ئاستیاک «زوحاک»ە و کاوەش «کۆڕش»ە و فارس وەکوو دوژمنایەتییە هەمیشەیییەکەی بۆ کورد، ئەم ئەفسانەیەیان دروست کردووە، بۆ تێکدانی مێژووی گەلێک.

بۆنەکانی یەکەم ڕۆژی بەهار
پێویستە بزانرێت کە کۆمەڵێک بۆنە کەوتووەتە یەکەم ڕۆژی بەهارەوە، «سەری ساڵی کوردی - سەری ساڵی فارسی - سەری ساڵی زەردەشتییەکان - جەژنی نەورۆز»، هەروەها هەر لەم ڕۆژەدا ماددەکان بەسەر ئاشوورییەکاندا سەرکەوتن و ئاشوورییەکان ڕووخان، ئەمە لێرەدا خاڵێکی نەرێنییە بۆ کورد، کە لەم ڕۆژەدا ئاهەنگ دەگێڕن!

ئەمە هەموو بۆنەیەش وای کردووە، کە وردە وردە تێکەڵییەکی زۆر ڕووبدات لە یادکردنەوەی بۆنەکاندا،
کە ئێستا زۆرێک لە ناوچەکان بە جۆرێک ئەم یادە دەکەنەوە کە دوورە لە شێوازی بەڕێوەچوونی نەورۆز لە ڕاستیدا.

#ئاستانە_Astana

3/20/2022 2:14:11 PM