ساڵڕۆژی وەفاتی شمشێری خودا «خالیدی کوڕی وەلید»

ساڵڕۆژی وەفاتی شمشێری خودا «خالیدی کوڕی وەلید» 

«خالیدی کوڕی وەلید» لە ساڵی ٥٩٢ی زایینی لە شاری مەککە لەدایک بووە، واتە ٢٥ ساڵ پێش کۆچ، کوڕی یەکێک لە سەرسەختترین دوژمنەکانی پێغەمبەر موحەممەد (ﷺ) بووە کە «وەلیدی کوڕی موغیرە»ـیە، خالید دیارترین ژەنەڕاڵی مێژووی ئیسلامە، تاکە سەرکردەی جەنگییە کە لە هیچ جەنگێکدا نەدۆڕاوە، هاوەڵی پێغەمبەر موحەممەد (ﷺ) بووە، هەروەها سەرکردەی سوپای خەلافەتی ڕاشدین بووە. 

پێغەمبەری خودا (ﷺ) نازناوی «شمشێری ‌هەڵکێشراوی خودا»ی پێ داوە، لەبەرئەوەی زۆر زیرەک و چاونەترس و شارەزا بوو لە بواری جەنگدا. 

خالید بەشداری لە زیاتر لە سەد جەنگدا کردووە، لەوانەش «جەنگی ئوحود» لە دژی موسڵمانان پێش ئیسلامبوونی و پاشان «جەنگی یەرموک» و «جەنگی موئتە»ی دژی ڕۆمەکان و «جەنگی فیزار» دژی فارسەکان. 

خالید لە «جەنگی ئوحود» کە ‌تێیدا لەبەرەی سوپای بێباوەڕان شەڕی دەکرد دژی موسڵمانان، لەو جەنگەدا هێزی بێباوەڕانی مەککە توانییان سەربکەون بەسەر هێزی موسڵماناندا بە یارمەتی خالید کە توانیی هێرشێکی هەڵگەڕاوە بکاتە سەر موسڵمانان و تێکیان بشکێنێت. 

پاش «ڕێککەوتننامەی حودەیبییە» لە ئایاری ساڵی ٦٢٩ی زایینی خالید لە مەککەوە بەڕێ کەوت بۆ مەدینە، لە ڕێگادا چاوی کەوت بە «عەمری کوڕی عاس» و پێکەوە ‌بەڕێ کەوتن بۆ مەدینە و موسڵمان بوون. 

ڕاستەوخۆ پاش موسڵمانبوونی، بەشداری «جەنگی موئتە»ی کرد دژی ڕۆمە خاچپەرستەکان لە ساڵی ٦٢٩ی زایینی، لەو جەنگەدا پێغەمبەری خودا (ﷺ) «زەیدی کوڕی حارس»ـی دەستنیشان کرد وەک سەرکردەی سوپا، فەرمووی: "ئەگەر زەید شەهید کرا ئەوا جەعفەر سەرکردەیە، ئەگەر ئەویش شەهید کرا ئەوا عەبدوڵای کوڕی ڕەواح سەرکردەی سوپا بگرێتە دەست." 

ئەو سێ کەسەی کە پێغەمبەر (ﷺ) دەستنیشانی کردن وەک سەرکردە، شەهید کران و دوای ئەوان خالیدیان دەستنیشان کرد وەکوو سەرکردە. ژمارەی موسڵمانان لە «جەنگی موئتەدا»دا ٣٫٠٠٠ هاوەڵ بوو، هەروەها سوپای ڕۆم ٢٠٠٫٠٠٠ سەرباز دەبوون. بەڵام سوپای موسڵمانان توانییان سەربکەون و تەنها ١٢ هاوەڵ شەهید کرا، خالید لەو شەڕەدا نۆ شمشێری شکاند! 

خالید بە فەرمانی خەلیفە «ئەبوبەکری سەددیق» (خوا لێی ڕازی بێت.) هێرشی کردە سەر «موسەیلەمەی درۆزن» و لەناوی برد لە «جەنگی یەمامە»، خالید توانیی فەتحی شام و فارس و ڕۆژاوای ڕۆم و دوورگەی عەرەبی بکات. 

خالیدی جەستە پڕزام، زۆر بە ئاواتەوە بوو کە بە شەهیدی بگەڕێتەوە بۆ لای خودا، بەڵام لە ساڵی ٦٤٢ی زایینی بەرانبەر ٢١ی کۆچی لە ١٨ی ڕەمەزان لەسەر جێگە لە (حومس) کۆچی دوایی کرد. 

دوایین وتەی خالید ئەمە بوو: "من بەشداری زۆر جەنگم کردووە و بەدوای شەهیدبووندا گەڕام، جێگایەک نەماوە لە لەشمدا جێگای ڕم و شمشێر و خەنجەری پێوە نەبێت و ئێستاش لێرەم خەریکە وەک وشترێکی پیر دەمرم لەسەر جێگە! دەبا نەخەوێت چاوی ترسنۆکەکان." 

یەکێک لە وتە بەناوبانگەکانی ئەوەیە کە دژی پاشای فارس فەرمووی: "بە گەلێکەوە ھاتووم، مردنیان خۆش دەوێت وەک چۆن ئێوە ژیانتان خۆش دەوێت!"

#ئاستانە_Astana

4/25/2022 8:57:39 PM