منداڵت بۆ چییە؟! ئێمە بە دڵی خۆت بۆت دروست دەکەین!

منداڵت بۆ چییە؟! ئێمە بە دڵی خۆت بۆت دروست دەکەین!

تا ئێستا بیرت کردووەتەوە منداڵەکەت «ڕاستی نەبێت» و ڕۆبۆت بێت؟

بە شێوەیەکی ئاسایی دایک و باوکێک کە لە ژینگەیەکی ئاسایییەوە هاتبن، بیریان بۆ ئەو بیرۆکە نامۆ و ناسروشتییە ناچێت، بەڵام ئێستا بەهۆی داڕووخانی پەیوەندی خێزانی و ناشتنی فەزیڵەتی خانەوادە، لەژێر ناوی «ئازادی»ی و هەروەها بەکاڵاکردنی دایکان، بەوەی؛ کار بکەن وەکوو کۆیلەیەکی سەرمایەداری و نەتوانن بیر لە بەخێوکردنی منداڵ بکەنەوە و منداڵ بخەنەوە و ئەرکەکانی بگرنە ئەستۆ!
پڕۆژەیەکی ترسناک و قێزەون پەیدا بووە بۆ ئەوەی هەستی نەبوونی منداڵی ڕاستەقینە پڕ بکاتەوە، لەڕێگەی دروستکردنی منداڵی کۆمپیوتەری و دانانی ئاستی زیرەکی ژیری دەستکرد، ناسراو بە (artificial intelligence) وەک جێگرەوەیەک بۆ منداڵی ڕاستەقینە. کە تێیدا منداڵە دەستکردەکە بیردەکاتەوە و کاردانەوەی هەیە بۆ قسە و کردارەکان و لەڕێگەی کامێراوە شتەکان دەبینێت و وەڵامی دەداتەوە، هەروەها لەڕێگەی هونەری گرافیکەوە وێنە و وردەکارییەکی زۆری دەموچاو بۆ منداڵەکە دەکرێت کە وا دەکات زۆر لە منداڵی ڕاستەقینە بچێت، تاوەکوو قوربانیانی مۆدێرنە هەڵبخەڵەتێنرێن و باوەڕ بەو وەهمە درۆینەیە بکەن کە لە ڕاستی دەچێت.

«کاتریۆنا کامپبێڵ» کە یەکێکە لەو کەسانەی کار دەکات لەسەر ئەم پڕۆژانە دەڵێت: "لە داهاتوودا دەکرێت مرۆڤەکان لەڕێگەی دەستکێشێکی تایبەتی ئەلیکترۆنی یاری بکەن لەگەڵ منداڵەکانیاندا و خواردنیان پێ بدەن و لە باوەشیان بگرن" هەموو ئەمانە لە دونیای وەهم و خەیاڵییەوە، نەوەک لە ڕاستیدا.

پڕۆژەی لەم جۆرە دەرخەری ئەوەیە کە بۆشایی کوشندەی عاتیفی هەیە و ڕێژەکانی نەخۆشییە دەروونییەکانی وەک «خەمۆکی و دڵەڕاوکێ» لەوپەڕی بەرزبوونەوە دایە، ئامارەکان دەری دەخەن کە بەکارهێنان و پێشخستنی تەکنۆلۆژیا بەم جۆرەی کە دەکرێت هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی خەمۆکی و کێشە دەروونییەکانی تر.

کاتێک دەیانەوێت بەم پڕۆژە ترسناکانە ئەو بۆشایییانە پڕ بکەنەوە، ئەوەندەی تر کارەسات دروست دەبێت، وەک چۆن لەناو عەرەبدا پەندێکی بەناوبانگ هەیە کە لە شیعرێکی «ئەبو نوواس»ی شاعیری سەردەمی عەباسییەکان سەرچاوەی گرتووە کە دەڵێت: (وداوە بالتی کانت هی الداءُ)، واتە: "دەردیان تیمار کرد بە خودی دەردەکە."

ئینجا لێرەشدا ڕۆژئاوا (غرب) کەوتووەتە هەمان کێشەوە کە دەیەوێت چارەسەری ئەو هەموو چاڵ و بۆشایییە دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیانەی ڕۆژئاوا بکات، بە بەکارهێنانی خودی ئەو دەردانەی کە بوون بە هۆکار لە دروستبوونی ئەو کەلێن و بۆشایییانە.

#ئاستانە_Astana

سەرچاوەیەک لە یوتیوب
https://youtu.be/yzFW4-dvFDA

 

7/16/2022 11:52:35 PM