خەدیجەی کچی خوەیلید (ڕەزای خودای لێ بێت)
خەدیجەی کچی خوەیلید (ڕەزای خودای لێ بێت)
ناوی خەدیجەی کچی خوەیلیدی کوڕی عەبدولعوززای قوڕەیشی ئەسەدییە، خێزانی یەکەمی پێغەمبەری خوا (ﷺ) و، یەکەم ئافرەتی موسڵمان بووە.
خەدیجە سەرەتا هاوسەری «ئەبی هالەی کوڕی زوڕارە» بوو، دوای ئەو شووی کرد بە پیاوێکی تر کە ناوی «عەتیقی کوڕی عابید» بوو، ئەو پیاوەی مرد، ئینجا هاوسەرگیری لەگەڵ پێغەمبەر (ﷺ) کرد. ئەم ئافرەتە لەناو هۆزەکەیدا زۆر ناسراو بوو، چونکە هەم لە خێزانێکی ناسراو بوو، هەم سامانێکی زۆر زۆری هەبوو و هەمووان حەزیان دەکرد ئەو ئافرەتە بخوازن، هێندە بە پاکداوێن ناسرابوو کە لەناو هۆزەکەیدا بە «ئافرەتە پاکەکە» ناوی دەرچووبوو.
خەدیجە سامانێکی زۆری هەبوو، بۆیە داوای لە پیاوانێکی شارەزا دەکرد کاری بازرگانی بۆ بکەن، بەرانبەر بەوە بڕێک قازانجی دەدات پێیان، جا کاتێک ڕاستگۆیی و دەستپاکی پێغەمبەری خودای (ﷺ) بیست، بڕیاریدا لەگەڵیدا مامەڵە بکات، ئەوەبوو سەرسامی ڕەوشتبەرزیی و تایبەتمەندیی پێغەمبەر (ﷺ) بوو و، پێشنیازی خۆی کرد بۆی تا ببێتە هاوسەری. ماوەی پێکەوە ژیانی پێغەمبەری خوا و خەدیجە، نزیکەی (٢٥) ساڵ بوو. خەدیجە لە ماوەی ژیانی لەگەڵ پێغەمبەر (ﷺ)، زۆر ڕێزی لێ دەگرت و بە گەورە تەماشای دەکرد، پێغەمبەر (ﷺ) هەر چی بفەرمووایە ئەو بڕوای پێ دەکرد. خەدیجە یەکەم کەس بوو باوەڕی بە پێغەمبەر (ﷺ) هێنا، ئەمەش کۆدەنگی هەموو موسڵمانانی لەسەرە.
کاتێک پێغەمبەری خوا (ﷺ) سروشی بۆ دابەزی، جۆرێک لە دڵەخورپێ دایگرت و گەڕایەوە ماڵەوە بۆ لای خەدیجەی کچی خوەیلیدی خێزانی، فەرمووی: "دامپۆشن، دامپۆشن"، دایانپۆشی تا حاڵی ئاسایی بووەوە، ئینجا پێغەمبەر (ﷺ) بارەکەی گێڕایەوە بۆ خەدیجە و فەرمووی: (لقد خشیت علی نفسی)، واتە: «بەڕاستی لە حاڵی خۆم دەترسم»، خەدیجەش پێی وت: "نە بەخوا، هەرگیز خوا سەرشۆڕ و شکستخواردووت ناکات، چونکە تۆ پەیوەندی خزمایەتی دەگەیەنیت و، ئەرکی قورس و هاوکاری لە ئەستۆ دەگریت و، دەستگیرۆیی هەژار و مایەپووچان دەکەیت و، ڕێزی میوان دەگریت و خزمەتی دەکەیت و، پاڵپشت و دڵدەرەوەی بارشێواوانیت."
ئینجا پاش ئەو دڵدانەوەیە، خەدیجە پێغەمبەری (ﷺ) برد بۆ لای وەرەقەی کوڕی نەوفەل کە کابرایەکی نەصرانی بوو و نووسینی عیبرانیشی دەزانی، کابرایەکی پیری نابینا بوو، خەدیجە پێی وت: "ئامۆزاکەم، گوێ لە برازاکەت بگرە"، وەرەقە بە وردی گوێی لە پێغەمبەر (ﷺ) گرت و، دواجار پێی وت: "کە ئەو بووە بە پێغەمبەر". ئەم خاتوونە، پشتیوانێکی گەورە بوو بۆ پێغەمبەر (ﷺ)، بەڵکوو هەرکات پێغەمبەر (ﷺ) لە دەرەوە بەدەست بێباوەڕانەوە قسەی ناخۆشی بەرانبەر بکرایە، کە دەگەڕایەوە ماڵەوە، خەدیجە دڵی هێور دەکردەوە و خەفەتی سەر شانی لادەبرد.
خەدیجە دایکی هەموو منداڵەکانی پێغەمبەر (ﷺ) بوو، جگە لە «ئیبراهیم» کە لە «ماریە» بوو، ئەم منداڵانەی لە پێغەمبەر (ﷺ) بوو: «قاسم کە کوڕە گەورەی بوو، عەبدوڵڵا ناسراو بە تەیب و تاهیر، ڕوقییە کە کچە گەورەی بوو، زەینەب، ئوموکەلسوم، فاتیمە)، هەموو کوڕەکانی پێغەمبەر (ﷺ) لە خەدیجەوە پێش دابەزینی سروش وەفاتیان کرد، بەڵام کچەکانی مانەوە تا ئیسلام هات و باوەڕیان هێنا بە ئیسلام و کۆچیان کرد بۆ مەدینە.
خەدیجە زۆر خواناس بوو، پێغەمبەر (ﷺ) مژدەی پێدابوو کە لە بەهەشتدا خانوویەکی هەیە. دواجار سێ ساڵ پێش کۆچی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ مەدینە، کۆچی دوایی کرد. خۆشەویستی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ خەدیجە، بە مەرگی ئەم خاتوونە کۆتایی پێ نەهات، بەڵکوو زۆرجار بە چاکە باسی دەکرد، تەنانەت ڕێزی دەستەخوشکەکانی خەدیجەی دەگرت.
#ئافرەتە_هاوەڵەکان
#یاران