ئایا ئاهەنگی دەستپێکردنی ئۆڵۆمپیادی پاریس شکستی هێنا؟
ئایا ئاهەنگی دەستپێکردنی ئۆڵۆمپیادی پاریس شکستی هێنا؟ بە بڕوای من نەخێر، بەڵکوو دەستپێکردنێکی سەرنجڕاکێش و بەهێز و قووڵ بوو لەسەر شانۆیەکی فراوان و گەورە، هەروەها نمایشەکان سادە نەبوون و تەنیا لە ناوچەیەکی بچووکی یاریگادا سنووردار نەکرابوون.
وەک ڕۆژنامەنووسێک کە گرنگی بە شێوازی گێڕانەوەی چیرۆک دەدەم، مەراسیمی کردنەوەکە باشترین شێوازی گێڕانەوەی چیرۆکێکی ئاڵۆز بوو، بەو پێیەی بە چەند چیرۆکێکی جیا جیا و چەند دیمەنێکی پەرشوبڵاو دەستی پێ کرد، کە گەشە دەکەن و دواتر یەک دەگرنەوە، هەتا گەیشتنە کۆتا دیمەن کە هەمووان پێکەوە کۆ دەبنەوە و ڕستەیەک دەڵێنەوە.
لە لایەنی «سیمبۆڵ»ـی ناو چیرۆکەکانەوە، هیچ هەڵەیەکی تێدا نەبوو، هەموو شتێک چڕ و هێژا بوو، هەموو ڕەنگ یان دیمەنێک ئاماژەیەکی هەڵگرتبوو و، تێکەڵبوونی ئاماژەکانیش لە کۆتاییدا تابلۆیەکی بەرهەم هێنا کە سیمبوڵێکی مەزنی لەخۆ گرتبوو.
سەبارەت بە کێشانی دیمەنەکانیش، ئاوێتەبوونی نێوان شوێنەکانی وێنەگرتن و دیمەنی شانۆیی تایبەت بە خۆی، واتای نوێی بۆ بەرهەم هێناین. هەموو ئەمانەش بەس بوون بۆ ئەوەی بڵێین: "ئاهەنگێکی بليمەتانە بوو، لە ڕووی ئەو هەوڵانەی بۆ نووسینەوە و گێڕانەوەی چیرۆکەکە درابوون." بەڵام ئەی چی لە پشت هەموو ئەمانەوە یە؟
بەردەوام ئەو وێنایان بۆ دروست کردووین کە وەرزش کردەوەیەکی کێبڕکێکاری و سەرگەرمییە و، بە تەواوی دابڕاوە لە کاریگەرییە قووڵ و دابەشکەرەکان، هەمیشە ئاماژە کولتوورییەکانی ئاهەنگەکانی کردنەوەی ئۆڵۆمپیاد نمایشێکی کولتووری بوون کە سەرنجی لەسەر بەها جیهانییە هاوبەشەکان چڕ کردبوویەوە، یاخود نمایشێکی بەبازاڕکردن بوون بۆ وڵاتی خانەخوێ.
بەڵام ئاهەنگەکەی پاریس کارێکی فەلسەفی و بانگەشەکاریی بێوێنە بوو، نوێژێکی ئایینی بوو بۆ شارستانییەتی نیولیبراڵی لە ڕوانگە کولتوورییەکەیەوە و بەرهەمە ئایینییە نوێیەکانیەوە: لە پەرستنی جەستە و، بەرەوپێشبردنی ئارەزووبازی وەک ئامانج و مەبەستی بوونی مرۆڤایەتی.
دوورخستنەوەی ئایینەکان بەگشتی و مەسیحییەت بەتایبەتی، چونکە فەڕەنسا لە سەرەتای ئاهەنگەکەدا گاڵتەی بە مەسیح کرد و، لە جێی خۆی و حەوارییەکانی تابلۆیەکی ئارەزووبازانەی جێندەری دانا! وەک ئاماژەیەک بۆ سەرکەوتنی خودای «چێژ» بەسەر خودای «ئازار» لە چوارچێوەیەکی کولتووری بانگەشەکاریدا، هەروەها لە پێشکەشکردنێکی «دابەشکاری» دا دژایەتی زۆرینەی ئاڕاستە مرۆییەکانی ئەمڕۆی زیاد لە حەوت ملیار کەسی کرد.
ئاهەنگەکەی پاریس «باڵابوونی باوەڕی بێدینی/نیولیبراڵی» بوو بەسەر هەموو ئایینەکانی جیهان و کولتووری گەلاندا لە وڵاتێکدا کە بە دەست هەڵکشانی ڕاستڕەویی توندڕەوەوە دەناڵێنێت هەروەها لە کیشوەرێکدا کە خەریکە ڕاستڕەوی لەنێوی دەبات.
لێرەوە، چی دیکە ناتوانرێت ئەم کارە بلیمەتانەیە بە وەسفە کۆنەکان وەسف بکرێت، وەک ئەوەی تابلۆیەکی مرۆیی گشتگیر بێت کە مرۆڤایەتی لە ژێر یەک بنمیچدا کۆدەکاتەوە، بەڵکوو سەرمایەداری و لیبرالییەتی ڕۆژئاوا چیتر ئەو «خەیاڵی» و «ڕۆمانسی»ـە نین کە بەڵێنی چاکە و ئاشتی بە جیهان دەدەن!
ڕۆژئاوا لەم وەشانە مەبەستدارە بەوردی هەڵکۆڵراوەیدا، مژدەی مردنێکمان پێ دەدات کە سواری ئەسپێک بووە بە هاوڕەگەزبازی و سووکایەتیکردن بە ئایینەکانەوە بەرەو جیهان دێت، هەروەها مژدەی سەرکەوتنی هەموو ئەو شتانەمان پێ دەدات کە گۆشەگیر و کەمینە و پەراوێزخراو و نائاسایین بەسەر سروشتی مرۆڤایەتیی جێگیر و ئارام و جواندا!
هەوڵێکە بۆ سەپاندنی هەراوهوریایی ڕەنگەکان بەسەر دیمەنێکی ناشیرینی شارستانییدا، و بانگەشە و ڕاگەیاندنی ئایینێکی نوێ بە بەرچاو و گوێی هەموو خەڵکیەوە، ئەمە خوازەیەکی نوێیە بۆ فەلسەفەی یارییە ئۆڵۆمپییە یۆنانیەکان و، جیاکردنەوەی لە چوارچێوەی ئایینی یەکەمی یۆنانییەکان بۆ چوارچێوەیەکی ئایینی کە زۆر بەڕوونی گوزارشت لە ئایینی نوێی ڕۆژئاوا دەکات.
خودی ئاهەنگەکە گوزارشت لە قەیرانێکی ڕەوشتی و سیاسی دیکە دەکات، کاتێک ڕووسیا بە هۆی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد دوور دەخرێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاهەنگ بۆ ئـ..ـیسڕائیل دەگێڕێت وەک ڕێزلێنانێک بۆ کۆمەڵکوژییەکانی! وەک ئەوەی ڕۆژئاوا بڵێت: "ئەمە بەلەمەکانی ئێمەیە، هەر گەلێک سواری بێت و ملکەچی بۆ خوداوەندە نوێیەکەی بنوێنێت، ئەوا بەخێربێت ئەگەرچی تاوانبار یان بکوژ بێت. هەر گەلێکیش بنەماکانمان ڕەت بکاتەوە ئەوا دەبێتە گۆڕەپانێک بۆ دوورخستنەوە و لەناوبردن و پەراوێزخستن، لە هەر کوێیەک بێت و هەرچییەک بێت!"
ئەنەس حەسەن
#ئاستانە_Astana