زانستی مەخلوق لە بەرانبەر خالقدا!​

زانستی مەخلوق لە بەرانبەر خالقدا! 


چەند کەس لە ئێمە لە بیردۆزی ڕێژەیی ئەنیشتاین تێگەیشتووە؟ کێ هەژموونی تەواوی بەسەر پۆلێنی زیندەزانی و بەشە جیاجیاکانی بایلۆژیدا هەیە؟ کێ بە شێوەیەکی گشتی شارەزایە لە هەموو بەشەکانی کۆمپیوتەردا؟ هەر کام لەو زانستانە تاقیکاری و مرۆڤایەتییانەی کە لە زانکۆکانی جیهاندا دەخوێنرێت چەندین ساڵی دەوێت بۆ وەرگرتنی پسپۆڕی و شارەزاییەک بە بارتەقای خۆی، دەبینین زانا یاخود فەیلەسووفێک هەموو تەمەنی خەریکی یەک زانست بووە، بەدڵنیایی پزیشکێک بە سەدان لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و پەرتووکی خوێندووەتەوە، بەڵام جگە لە پسپۆڕییەک لە زۆر نەخۆشی تر نازانێت، بە چەندەها نەخۆش دێنە بەردەمی و پێیان دەڵێت نەخۆشیەکەتان پسپۆڕی من نییە و هیی دکتۆرێکی ترە، بگرە زۆر جار هیچ کام لە دکتۆرەکان چارەیان لا نییە.


هەیە هەموو تەمەنی خەریکی ئەندازیاری بووە، هەیە تەنیا هەوڵی فێربوونی زمانی داوە، بەڵام لە کۆتاییدا هەموو زمانەکان نازانێت، هەیە تەنیا خەریکی فیزیا بووە، پیر بووە لە فیزیادا و تا ئێستا بەدڵنیاییەوە قسە لەسەر بیردۆزەکان ناکات.


با بڕۆینە دەرەوەی زەوی و لە دوورییەکی زۆرەوە تەماشای تۆپە شینەکە بکەین، بە ملیۆنان مرۆڤ و ملیاران بوونەوەری تێدایە، ئەسپە و خەریکی غاردانە، باوکێكە شیرینی بۆ خێزانەکەی دەباتەوە، ئەندازیارێکی نەوتە و لە کێڵگەیەکدا کار دەکات، لۆرنس کراوس و دۆکینز و هۆکینگ هەوڵی سەلماندنی نەبوونی خودا دەدەن، لەولاوە باوەڕداران بە پێچەوانەوە بوونی خودا دەچەسپێنن. ئێمە لە دوورییەکی بێدەنگەوە سەیری ئەم هەسارەیە دەکەین کە پڕە لە قەوچەبازی فەیلەسووفان و یاسا بێسوودەکانی فیزیاناسان و جموجوڵە بێمەبەستەکانی مرۆڤ.


ئەگەر زیاتر دوور بکەوینەوە ئەوا نە زەوی دەبینین نە کۆمەڵەی خۆر، وە هەموو ئەو زانست و بیردۆزەی کە خەڵکی هەوڵی بۆ دەدەن نامێنێت و کاریگەرییان نابێت لەسەر من و تۆ، ساتێک بووەستە و سەیری گەردوون بکە، چەند هەسارە دەبینیت؟ چەند هەوری گەردوونی دەبینیت؟ چەند گەلە ئەستێرە چەند کونی ڕەش و چەند و چەند دەبینیت؟


دەزانیت سەرچاوەکانی زانین و زانستمان بەسەر ئەمانەدا هیچە و مرۆڤ لەسەر کاغەز قسەی لەسەر دەکات بە ئەگەرەوە؟ دەزانیت هەتا دوور بکەوینەوە ئێمە هەر نەزانین بە شتەکان؟


با بگەڕێینەوە سەر زەوی و بپرسین، چی دەربارەی قووڵایی دەریاکان دەزانیت؟ ئایا گەیشتوویت بە ناسین و دۆزینەوەی هەموو زیندەورەکان. ناوی چەند ڕووەک دەزانیت، ئەو موبایلەی ئێستا بەدەستەوەیە لە چەند بەرنامەی شارەزایت؟ چی لەسەر بەستەڵەکی باشوور؟

تۆ لە چی دەزانیت؟ ... هیچ، دووبارە هیچ و هیچ و هیچ.

ئێمە لە هیچ نازانین، خودا دروستکەری هەموو ئەوانەیە، ئەو عیلمی بە هەموو دروستکراوەکانی هەیە، ئەو دەزانێت مرۆڤەکەی بەردەستی خەریکی خێرە، یان شەڕ، ئەو ڕابردوو و داهاتوو و هەموو زانیارییەکان دەزانێت، ئێمە هەژار و نەدارین لە بەرانبەریدا، هەموو مرۆڤایەتی بە یەک دەنگ هاوار بکەن و جنێو بە خودا بدەن دەنگیان ناگاتە سەر مانگ، ئەگەر زیندەوەری تر لەم جیهانە پڕ وردەکارییەی ئێمەدا هەبێت گوێی لە ئێمە نابێت کەچی لەسەر خودا دەڵێین.


ئێمە بۆ شارەزابوون لە نهێنیەکانی فیزیا و کیمیا دەیان ساڵمان بووێت ئەی سەبارەت بە نهێنیەکانی خودا چەندمان دەوێت؟ تۆ ژمارەی ساڵمان بۆ بژمێرە و منیش بێعیلمی خۆمان دەژمێرم، ئێوە قسە بکەن و من دەڵێم ئێمە هیی ئەوە نین قسە لەسەر خودا بکەین، ئێمە بێعیلم و ئەو زانا، ئێمە خۆبەگەورەزان و ئەو گەورە، ئێمە هەژار و ئەو دەوڵەمەند ...


مەحوی وتەنی:

"دنیا کە هیچە جوملە دەزانن کەچی چ کەس 

مەردانە بۆ خودا نیە دەس هەڵگرێ لە هیچ

تا سەر نەبۆتە گۆ، دە لە دنیا دەتۆ شەقێ

هەر ئەو شەقە بەکارە کە وا هەڵدرێ لە هیچ"


{يَا أَيُّهَا النَّاسُ أَنتُمُ الْفُقَرَاءُ إِلَى اللَّهِ ۖ وَاللَّهُ هُوَ الْغَنِيُّ الْحَمِيدُ} واتا: «ئه‌ی خه‌ڵکینه‌ هه‌ر ئێوه‌ هه‌ژاری لای خوان وه‌ ته‌نیا خوایه‌ بێنیازی ستایش کراو.»


#ئاستانە_Astana

9/5/2024 9:07:47 PM