لە خودای بۆشاییەکانەوە بۆ زانستی بۆشاییەکان!

لە خودای بۆشاییەکانەوە بۆ زانستی بۆشاییەکان!


یەکەم کەس زاراوەی «خوای بۆشاییەکان» (The God of Gaps)ی بەکار هێنا، هەندێک لاهووتییە کریستییانەکان بوون کە ڕەخنەیان لە هەندێک بڕوادار گرت لەوەی بۆشاییە زانستییەکان دەدەنە پاڵ خودا و، بە خودا بۆشایی نەزانراوە زانستییەکان پڕ دەکەنەوە. بە مانایەکی ڕوونتر: کاتێک هۆکاری -بۆ نموونە- بوومەلەرزە، گڕکان، تۆفان، درم و پەتایان نەدەزانی دەیاندانە پاڵ خودا، بەڵام کاتێک زانست دێت و ئەم بۆشاییانە پڕ دەکاتەوە و هۆکاری بوومەلەرزە، گڕکان، تۆفان، درم و پەتا دەدۆزێتەوە و، ڕێگەچارە بۆ بەرگری و خۆپاراستن دادەنێت، ئەو کاتە ڕۆڵی خودا نامێنێت و، ئەو کەسانەی بە هۆی نەزانینی هۆکاری ئەو کارانەوە بڕوایان بە خودا هێنابوو، باوەڕیان لەق دەبێت و لە دین وەردەگەڕێن.


خودی ئەم زاراوەیە بۆ دژایەتیی خودا و دین دانەنرا، بەڵکوو وەک ئامۆژگارییەک بوو بۆ بڕواداران کە بۆشایی نەزانینی هۆکاری زانستی بە خودا پڕ نەکەنەوە و، پشت بەو جۆرە بەڵگانە نەبەستن و نەبنە هۆکاری لەقکردنی باوەڕی خەڵک.


بەڵام دواتر بێباوەڕان ئەم زاراوەیان بۆ بەکارهێنانی دژی خودا و دین و باوەڕ قۆستەوە و بە لایانەوە وایە کە تا زانست زیاتر پێش بکەوێت و هۆکاری ڕووداوە سروشتییەکان ئاشکرا بکات; ڕۆڵی خودا کەمتر دەبێت، تا دەگاتە ئاستێک خودا ڕۆڵی لە گەردووندا نامێنێت، ئیتر کە بەڵگەی بوونی خودا ڕووخا، شتێک بە ناوی خودا بوونی نابێت.


لە هەشتاکاندا فەیلەسووفی هێز و پووچگەرایی ئەڵمانی فردریک نیتچە (Wilhelm Friedrich Nietzsche)

لە پەرتووکی «زەردەشت وەهای گوت» (Also sprach Zarathustra) باسی لە کاری لاهووتییە کریستیانەکانی کرد و بەوە تۆمەتباری کردن کە هەموو نەزانراو و بۆشاییە زانستییەکان بە وەهم و خەیاڵەکانییان پڕ دەکەنەوە. مەبەستی ئەوەیە خودا تەنیا وەهمێکە و ئەوانیش بەو وەهمە بۆشاییەکان پڕ دەکەنەوە.


زانای بایۆلۆجیی کریستیان هێرنی درومۆند (Henry Drummond) لە سەدەی نۆزدەدا ڕەخنەی لە کریستییانەکان گرت بەوەی هەر شتێک زانست پەی پێ نەبردبێت ئەوان دەیدەنە پاڵ خودا و بۆشاییەکانیان و، بە خودا پڕی دەکەنەوە. دواتر لاهووتی ئەڵمانی دیرتیش بونهوفر (Dietrich Bonhoeffer) لە سەدەی بیستدا، لە سەرووبەری جەنگی جیهانیی دووەمدا، لە زیندانەکەیدا پێش ئەوەی نازییەکان بیکوژن لە نامەکانیدا ئەم مانایەی بەکار هێناوە و ڕەخنەی لێ گرتووە، بۆ نموونە لە نامەیەکدا دەڵێت: "چەند هەڵەیە لەبەر ئاستی نزمی زانست و کەمی شارەزاییمان، خودا بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانمان بەکار بێنین، تا ئەو کاتەی ئاسۆی زانست فراوانتر دەبێت -ئەمەش شتێکی مسۆگەرە- ئەو کاتە خودا دوور دەخرێتەوە و پەراوێز دەخرێت و بەردەوام لە پاشەکشێدا دەبێت، بەڵام ئەوەی پێویستە ئەوەیە: خودا لە زانست و زانیارییەکانماندا ببینین، نەک لە نەزانییەکانماندا."


دواتر ئەم زاراوەیە لە ساڵی ١٩٥٥ لە لایەن ماتماتیکناسی زانکۆی ئۆکسفۆرد چارلز ئەلفرید کۆلسۆن (Charles Alfred Coulson) نووسەری پەرتووکی «زانستەکان و باوەڕی مەسیحی» (Science and Christian Belief) بەکار هێناوە و، دەڵێت: "خوداوەند یان لە هەموو سروشتدا بەبێ بۆشایی هەیە، یان هەر بوونی نییە." مەبەستی ئەوەیە: یان خوداوەند لە هەموو سروشتدا ڕۆڵی هەیە، یان هەر بوونی نییە. ئەم قسەیەی چارلز کۆلسۆن وەڵامی ئەو کەسە مولحیدانەیە کە وا دەزانن بڕواداران بڕوایان وایە کە خودا تەنیا لە بابەتە شاراوەکاندا ڕۆڵی هەیە.


هەندێک لە زانا مولحیدەکان باوەڕیان وایە زانست لە دواڕۆژدا وەڵامی گشت پرسە وجوودییەکان دەداتەوە و دەستی خودا لە گەردوون دوور دەخاتەوە، بەمەش مرۆڤ لە کۆت و زنجیری باوەڕبوون بە خودا ڕزگاری دەبێت. بە ڕاستی ئەو زانایانە لە خەون و خەیاڵدا دەژین. چەند ساڵە بانگەشە بۆ گەیشتن بە حەقیقەت دەکەن و مژدەی گەیشتن بە فیردەوسی مۆدیرنە و پۆست مۆدێرنە دەدەن! بەڵام تا ئێستاش هیچ. کوا ئەو فیردەوسە خۆشە؟! کوا یەک وەڵامی زانست لە یەک پرسی میتافیزیکییدا؟ چ جای وەڵامی گشت پرس و ئارێشەکان.


ئێروین شرودنگەر (Erwin Schrodinger) پێمان دەڵێت: "ئەم بەڵێنانە تەنیا فریودان و خەڵەتاندن نەبێت شتێکی تر نییە و دیدی زانست ناتەواوە، چونکە زانست هیچ لە جوانی و ناشیرینی، چاک و خراپ، خودا و نەمری و مانەوە نازانێت، بەڵام وا خۆی دەر دەخات کە دەزانێت و وەڵامی داوەتەوە، بەڵام هەندێک لە وەڵامەکان دەگەنە ئاستێکی نزم و گاڵتەجاڕی کە وامان لێ دەکات بەهەند وەرینەگرین."


لە پەرتووکی: وڕێنەی ئیلحاد

نووسینی: پڕۆفیسۆر د. عوسمان هەڵەبجەیی


#وڕێنەی_ئیلحاد

#ئاستانە_Astana

#پەرتووکەکانی_ئاستانە

9/5/2024 9:16:52 PM