بڕوابوون بە ڕۆژی دوایی؛ کلیلی کۆنترۆڵی نەفس

بڕوابوون بە ڕۆژی دوایی؛ کلیلی کۆنترۆڵی نەفس

 

هەرچی بڕوابوونە بە ڕۆژی دوایی، کۆنترۆڵکردنی هەموو وتە و کردەوەیەکی بچووک و گەورەی مرۆڤە، تەنانەت هیچ خەیاڵ و ختوورەیەکیش نایەت بە بیر و ئەندێشەیدا بەبێ ئەوەی هەوڵی باشکردنی نەدات، ئیتر چ جای بگاتە ئەوەی ببێتە وتە، یان کردەوە، چونکە ئەو بڕوای بە ڕۆژێکە کە لێپرسینەوەی سەختی تێدا دەکرێت، نابێت هیچ وتەیەک بڵێت بەبێ بەرپرسیارێتی، چونکە لەو ڕۆژەدا گوێ و چاو و دڵ بەرپرسیارن، ﴿وَلَا تَقْفُ مَا لَيْسَ لَکَ بِهِ عِلْمٌ إِنَّ السَّمْعَ وَالْبَصَرَ وَالْفُؤَادَ کُلُّ أُولَٰئِکَ کَانَ عَنْهُ مَسْئُولًا﴾ [الإِسراء: ٣٦]

 

نابێت هەنگاوێک بنێت، ڕوانینێک بکات، هەڵوێستێکی هەبێت، یان خۆی بگرێتەوە، مەگەر دوای بیرکردنەوە لە سەرەنجامی کارەکەی کە چاکە، یان خراپ؟ چونکە لەو ڕۆژەدا برا لە برای خۆی ڕا دەکات، کوڕ لە باوک و خۆشەویست لە خۆشەویستەکەی. ﴿يَوْمَ يَفِرُّ الْمَرْءُ مِنْ أَخِيهِ﴾، ﴿وَأُمِّهِ وَأَبِيهِ﴾، ﴿وَصَـحِبَتِهِ وَبَنِيهِ﴾ [عبس: ٣٤-٣٦]. ڕۆژێکی هێندە سەختە کە هەر کەسێک سەرگەرمی کاری خۆیەتی، [لِکُلِّ امْرِىء مِنْهُمْ يَوْمَئِذ شَأْنٌ يُغْنِيهِ﴾ [عبس: ٣٧]


 هیچ ئەندامێکی جەستەی لە خراپەدا بەکار نابات، چونکە دەزانێت هەر ئەو ئەندامانەی جەستەی دەبنە شایەت لەسەری لەو ڕۆژەدا، لە لای خۆشەویستانیشی ئابڕووی دەبەن. ﴿الْيَوْمَ نَخْتِمُ عَلَىٰ أَفْوَاهِهِمْ وَتُکَلِّمُنَا أَيْدِيهِمْ وَتَشْهَدُ أَرْجُلُهُم بِمَا کَانُوا يَکْسِبُونَ﴾ [يس: ٦٥]، ﴿وَقَالُوا لِجُلُودِهِمْ لِمَ شَهِدتُّمْ عَلَيْنَا قَالُوا أَنطَقَنَا اللهُ الَّذِي أَنطَقَ کُلَّ شَيْءٍ﴾ [فصلت: ٢١] کەواتە ئەم بڕوایە بە یەکجاری مرۆڤ و کردەوەکانی کۆنترۆڵ دەکات.


لە پەرتووکی: من کێم؟

نووسینی: م. مەڕوان کوردی


پرسیار بۆ خوێنەر:

بە بۆچوونی ئێوە، چۆن دەکرێت لە سەردەمی ئەمڕۆدا گرنگی بڕوابوون بە ڕۆژی دوایی بۆ نەوەی نوێ ڕوون بکرێتەوە، بەتایبەت لە سایەی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کە لە کۆمەڵگادا ڕوو دەدەن؟


#من_کێم

#ئاستانە_Astana

#پەرتووکەکانی_ئاستانە

9/5/2024 9:20:11 PM