فاتیمەی مەدریدی

فاتیمەی مەدریدی


«فاتیمە» کچی فەلەکناسی بەناوبانگ (أبو القاسم مسلمة بن أحمد الفرادی)ـە کە بە «پیاوە مەدریدییەکە» ناو دەبرێت، فەلەکناسێکی بەناوبانگی موسڵمان بووە، لە سەدەی دەیەمدا لە ناوەڕاستی شاری «مەدرید» لەدایک بووە. فاتیمەی کچیشی هەر لەدایکبووی شاری مەدریدە -پایتەختی ئەمڕۆی ئیسپانیا-، بەڵام زۆربەی ژیانی لە «کۆردۆبا» بەسەر بردووە کە ئەو کات ناوەندی زانستیی جیهانی بووە.


لەگەڵ باوکی لە توێژینەوەی فەلەکناسی و بیرکاریدا کاریان کردووە، پێکەوە دەستکاری و ڕاستکردنەوەی خشتە فەلەکییەکانی «ئەلخواریزمییان» کردووە؛ «ناوەندی جیهان»یان لە پایتەختی خەلافەت دانا. هەروەها کاریان لەسەر ساڵنامە و حیسابکردنی شوێنی ڕاستەقینەی خۆر و مانگ و هەسارەکان و فەلەکناسیی گۆشەیی و خشتەی ئەستێرەناسی و حیساباتی «پارالاکس» و مانگگیران و بینینی مانگ کردووە.


فاتیمە جگە لە هاوکاری لەگەڵ باوکی، چەندین بەرهەمی لەسەر فەلەکناسی نووسیوە کە بە «چاکسازییەکانی فاتیمە» ناسراوە. کارە هاوبەشەکە لە لایەن فاتیمەی مەدریدی، بە ناوی «ڕیسالیەت لەسەر ئەستێرەناسی» لە پەرتووکخانەی «ئێسکۆریال» پارێزراوە.



https://web.archive.org/web/20171009193257/http://astrojem.com:80/mujeres/fatimademadrid.html

9/5/2024 9:20:39 PM