ئەمە جیهانی منە!

ئەمە جیهانی منە!


لە شوێنی خۆمدا وشک بووم، کاتێک ئەو پیاوە بە تەمەنەم بینی کە باوکم ئەسپاردەی کردبووم. پێش دوو ڕۆژ لە باکوورەوە هاتبوو، بەبێ ئەوەی پرزۆڵەیەک لە ماڵەکەی لەگەڵ خۆی بهێنێت.


بە دەنگێکی لەرزۆکەوە وتی: "باوکت پێی وتم کە چاویلکەکەی بە من دەدەیت، چونکە من نابینم، یادەوەری چاویلکەکەم لەژێر داروپەردووی کەڵەکەبوودا لەناو چوو، هیچ چاویلکەیەکیش لە ناوەندەکانی چارەسەرکردنی بیناییدا نەماوە."

بە سەرسووڕمانەوە لێم پرسی: "مامە، تۆ چۆن دەتوانیت بە چاویلکەکەی باوکم ببینیت! لە کاتێکدا بە گوێرەی نمرەی چاوی تۆ دروست نەکراوە؟!"

وەڵامی دایەوە: "تەنیا ڕووناکییەکی کز لەگەڵ بینایی خۆمدا بەسمە."

خەریک بوو پێی بڵێم: "جا چاویلکەت بۆ چییە بەڕێزم؟! جگە لە مردن و خوێن و بۆردوومان، چی دیکە نییە بیبینیت! بە بینایی خۆت قایل بە، دەتەوێت چی ببینیت، مامە گیان! لێرە جگە لە وێرانی هیچی دیکەی لێ نییە."


بەڵام قسەکانم پوخت کردەوە و، چاویلکەکەی باوکمم توند لە باوەش گرت، پێش ئەوەی بیدەمە دەست پیاوە بەتەمەنەکە. پاشان پێم وت: "باوکم پێش جەنگ ئەم چاویلکەیەی کڕی، بەڵکوو تۆش دونیای بەو جۆرە پێ ببینیت کە باوکم دەیبینی!"


بە دەستە لەرزۆکەکانییەوە لێی وەرگرتم و، بەهێواشی لە چاوی کرد، منیش بەبێدەنگی و خشوعەوە چاوە ڕەساسییە چرچهەڵگەڕاوەکانیم دەخوێندەوە کە خۆرئاوابوونی تێدا هەڵکۆڵرا بوو. ئەویش دەیوت: "سوپاس بۆ خودا، ئەمڕۆ قورئانەکەم دەبینم!"

کاتێک لە چاوی دەکرد تەماشام دەکرد، دواتر قورئانەکەی کردەوە و، چاوێکی بە وشەکاندا گێڕا، لە کاتێکدا چاوەکانی سەرڕێژ بووبوون لە فرمێسک وتی: "ئەمە جیهانی منە!" 

خۆم پێ نەگیرا و وتم: "لە چاوەکەنی تۆدا جیهانەکەی باوکم دەبینم."


مەریەم قوش


#ئاستانە_Astana

9/5/2024 9:23:18 PM