ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری لە مەترسییەکانی خواردنەوە کحوولییەکان دەدات!

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری لە مەترسییەکانی خواردنەوە کحوولییەکان دەدات!


ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕاپۆرتێکی نوێی بڵاو کردووەتەوە کە تیشک دەخاتە سەر کاریگەرییە زیانبەخشەکانی خواردنەوە کحوولییەکان. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، تەنیا لە ساڵی ٢٠١٩دا، ٢.٦ ملیۆن کەس بە هۆی خواردنەوە کحوولییەکانەوە گیانیان لەدەست داوە، کە ٧٠٠ هەزار کەسیان تووشی برینداربوون هاتوون و، ئەوانی دیکە تووشی نەخۆشیی جۆراوجۆر بوون.


ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات: خواردنەوە کحوولییەکان کە «ئیثانۆڵ»یان تێدایە، ماددەگەلێکی ژەهراویین و دەبنە هۆی وابەستەبوون. هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە تەنانەت بڕێکی کەمیش لە کحوول مەترسیدارە.


بەپێی داتاکانی ڕێکخراوەکە، نزیکەی ٢٠٩ ملیۆن کەس -کە ٣.٧٪ ـی دانیشتووانی پێگەیشتووی جیهان پێک دەهێنن- لەگەڵ ئالودەبووان بە کحوول دەژین. هەروەها خواردنەوە کحوولییەکان ڕۆڵیان لە ٢٠٠ جۆری نەخۆشی و برینداربووندا هەیە، کە ٣١ جۆریان بە بەڵگەی زانستی تەواو سەلمێنراون کە هۆکارێکی سەرەکین.


ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە خواردنەوەی کحوول ڕۆڵی هەبووە لە مردنی ٤٧٤ هەزار کەس بە هۆی نەخۆشییەکانی دڵەوە و، ٤٠١ هەزار کەسیش بە هۆی شێرپەنجەوە. هەروەها ٤.٤٪ ـی حاڵەتەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە پەیوەندییان بە خواردنەوە کحوولییەکانەوە هەیە.


لە کۆتاییدا، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژە بەوە دەکات کە خواردنەوە کحوولییەکان دەبنە هۆی سەدان هەزار حاڵەتی برینداربوون و ڕووداوی هاتوچۆ و بەربوونەوە لە سەرتاسەری جیهاندا.


سەرچاوە:

https://www.who.int/news-room/fact-sheets/detail/alcohol

9/5/2024 9:25:17 PM