پێکەوەژیان، یان سڕینەوە؟!

پێکەوەژیان، یان سڕینەوە؟!


لە ئەمڕۆی جیهانی ئیسلامی و، جیهان بە گشتیدا هەوڵی نزیککردنەوەی دید و ڕوانین و ئایینە جیاوازەکان دەدرێت لەگەڵ ئایینی ئیسلام، لە کوردستانیش بەردەوام هەست بەوە دەکەین، ئەوەی زۆر جەختی لەسەر دەکرێتەوە «پێکەوەژیان»ـە، داوای ئەوە دەکرێت هەمووان یەکتر قەبووڵ بکەین و پێکەوە بژین. 

ئەویش لە چوارچێوەی دەوڵەتی مۆدێرندا و لە چوارچێوەی دەستوورێکدا کە بەشێوەیەک دابڕێژرێت هەم موسڵمانان و هەم عالەمانییەکان پێی ڕازی بن، بە جۆرێک لە کاتی گۆڕانکاریدا ئێمە تەنیا دەموچاوەکان بگۆڕین و، سیستەم و چوارچێوەکان وەکوو خۆیان  بمێننەوە، واتە: بە گۆڕینی بەرپرسگەلێکی عالەمانیی بە کەسانێکی پابەند بە ئایین هیچ گۆڕانکارییەک لە سیستەم و دەستووردا دروست نەبێت، بەڵکوو تەنیا ئەرکیان دابینکردنی لایەنی خزمەتگوزاریی وڵات و ئاوەدانکردنەوەی بێت. ئەم دیدە لە لایەن کەسی موسڵمانیشەوە تەرح دەکرێت و دەخرێتە ڕوو، ئەوەی لێرەدا ئێمە پێویستە بپرسین ئەوەیە: "ئایا ئەم دیدە تا چ ئاستێک لەگەڵ ڕۆحی ئیسلام دەگونجێت و، تا چ ئاستێک ئێمە دەتوانین لەگەڵ ئەم دیدە هەڵکەین و، لە هەمان کاتیشدا شوناسی خۆمان بپارێزین؟"


سەرەتا، دەبێت ئەوە بزانین کە دەوڵەتی مۆدێرن خۆی بە چەق و سەنتەر دەزانێت، ڕێگە نادات لە دەرەوەی خۆی هیچ جموجووڵێک هەبێت، هەر چی ئەو قەدەغەی کرد یاساغە، هەر چی ئەو ڕێگەی پێ دا ئەنجامدانی درووستە و کێشەی نییە! لەم حوکمانەشدا گوێ بە دەرەوەی خۆی نادات، بۆ نموونە: کاتێک لەباربردنی منداڵ ڕێگەی پێ دەدرێت، دەوڵەت بەلایەوە گرنگ نییە کە ئایین چ هەڵوێستێکی لەوبارەیەوە هەیە، لەو دۆخەشدا کەس مافی ئەوەی نییە ڕێگە لەو بڕیارە بگرێت، بەڵکوو مادام بە یاسا بڕیاری لەسەر دراوە ئەنجامدانی ئاساییە!

«کارڵ شمیت دەڵێت»: "بوونی دەوڵەت بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر باڵادەستیی دەوڵەت و زاڵبوونی بەسەر عورفی قانوونیدا، دەوڵەت خۆی ڕزگار دەکات لە هەموو عورفەکان و، خۆی دەبێتە موتڵەق بە تەواوی مانا، دەوڵەت دەتوانێت یاسا هەڵپەسێرێت لە بارودۆخی تایبەت و هەڵاوێردراودا لەسەر ئەو بنەمایەی کە هەقی ئەوەی هەیە پارێزگاری لە خۆی بکات."¹

شمیت لێرەدا ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە دەوڵەت دەبێتە موتڵەق، سەرچاوە و مەڕجەعی تەواو تەنیا خۆیەتی، ڕوونە لەم دۆخەدا هەیمەنەی خێزان، وەکوو یەکەم سەرچاوەی پەروەردە و بە کۆمەڵایەتیبوون لاواز دەبێت، کولتوور و ئایین و ... دەبێت هەموویان خۆیان پێناسە بکەنەوە و بچنەوە نێو دەوڵەتەوە، بە گوزارشتێکی تر دەوڵەت دێت دووبارە پێناسەی خێزان دەکاتەوە، ئایین پێناسە دەکاتەوە، ئەوە دەوڵەتە پێمان دەڵێت کامە ئایینە و کامە ئایین نییە، ئەوە دەوڵەتە پێمان دەڵێت کام خوێندنەوەیە بۆ ئایین ڕاستە و کامە قەبووڵکراوە. 


لە لایەکی ترەوە عالەمانییەت حەقیقەت لە هەموو ئایینەکان دەسەنێتەوە و، مافی ئەوەیان پێ نادات بانگەشەی حەقیقەت بکەن، هەموو ئایینەکانیش یەکسان دەکات، لە لای بەشێکی عالەمانییەکانیش ئایینە فرەخواییەکان زۆر باشترن لە ئایینە تەوحیدییەکان، چونکە بە لای ئەوانەوە ئایینە تەوحیدییەکان بانگەشەی هەقیقەتی ڕەها دەکەن و تەنیا دەگەڕێنەوە بۆ یەک هێز کە خودایە، لێرەشەوە بانگەشەی هەقبوون بۆ خۆیان دەکەن و بەرانبەرەکانیان ڕەت دەکەنەوە، بە پێچەوانەی ئایینە فرەخواییەکانەوە کە چەند خوایەک دەسەڵاتیان هەیە و، هەر شتێک خودایەکی تایبەتی هەیە. هەر چەند لە ڕاستیدا ئەم ئایینانەش بانگەشەی هەقیقەتیان بۆ خۆیان کردووە و بەرانبەریان قەبوڵ نەبووە. 

ئا لێرەوە لە بابەتی پێکەوەژیان بڕوانین بە واتای یەکتر قەبوڵکردن نایەت، بەو واتایەی کە منێکی موسڵمان وەک ئەوەی ئایینەکەم لێم داوا دەکات بژیم، یان مەسیحییەک بەپێی ئایینەکەی بژی و، هەردووکمان پاڕێزگاری لە شوناس و بوونی خۆمان بکەین. بەڵکوو لێرەدا پێکەوەژیان واتای توانەوە و سڕینەوەی منی موسڵمانە، عالەمانییەت هەموو شوناسەکان دەسڕێتەوە و یەک پاکێجی یەکگرتوو پێشکەش دەکات، کە دەبێت هەموو دانیشتووانی کۆمەڵگەیەک بەبێ جیاوازی پێیەوە پابەند بن، هەموومان یەک پێناس و یەک شوناسمان هەیە، هەموومان پێمان دەوترێت هاووڵاتی، شوناسەکانی تر دەسڕێنەوە یان تەواو کاڵ دەکرێنەوە، ئەمەش کە هەموومان دادەماڵرێن لە هەموو شوناسێکمان پێی دەوترێت «پێکەوەژیان»! چ پێکەوەژیانێک؟!پێکەوەژیانێک کە واز لە شوناس و ئایینی خۆمان بهێنین و بەشێوەیەکی کردەیی بەپێی سەرچاوە و مەرجەعێکی تر بڕۆین بەڕێوە!

بۆیە ئەمە پێکەوەژیان نییە ئەمە توانەوەیە، توانەوەیە لەنێو سیستەمێکی عالەمانییدا، عالەمانییەت ئامادە نییە ئایینەکەی ئێمە قەبووڵ بکات، ڕازیش نابێت ببێتە سەرچاوە و مەرجەعی دەوڵەت، کەوابوو بۆچی ئێمە لەژێر ناو و پاساوی «پێکەوەژیان»دا چارەنووسی کۆمەڵگە و ئایینەکەمان پێشکەشی ئەوان بکەین و، ژیانی خۆمان بدەینە دەست ئەوان؟ بۆچی بانگەشە بۆ دەوڵەتێکی ئاوا بە ناو بێلایەن بکەین؟! کە لە ڕاستیدا دەوڵەتێکی وا «عالەمانییە» بێلایەن نییە، لێرەدا هەڵگرانی ئەم دیدە بە خشکەیی ئایین دەکەنە دەرەوە و عالەمانییەت دەکەن بە سالار و سەردار، لە کۆتاییشدا کاکی عالەمانی ئەم بانگەشەیەی پێ خۆشە، چونکە ئێمە لە نێو ئایەت و حەدیس و توراسی خۆماندا دێین دیدەکانی ئەو پشتڕاست دەکەینەوە، بە واتایەکی تر هەر دیدە عالەمانییەکەی ئەومان پێشکەش کردووە بەڵام لەژێر دیدێکی ئایینیدا. بۆیە ئەم پێکەوەژیانە لە بنەڕەتدا سڕینەوەی هەموو شوناسەکانە و سەپاندنی شوناسێکی دیاریکراوە بە سەر کۆی کۆمەڵگەدا، ئەو شوناسەش شوناسێکی عالەمانییە و، کۆمەڵگە دەکاتە عالەمانی و هەموو لاکێشە و چوارگۆشەکان هەڵدەوەشێننەوە و پێوەرەکان دەگۆڕن، دواتریش دەستکاری هەموو دامەزراوەکان دەکەن و، بە دیدی خۆیان دایدەڕێژنەوە بە ئایینیشەوە، وەکوو چۆن ئێستاش دەستیان پێ کردووە و لە هەوڵدان هەتا تەواوی دامەزراوەکان بگۆڕن، هەر لە خێزانەوە هەتا پەروەردە و تەواوی دامەزراوەکان دەگرێتەوە،


ئەوەی گرنگە لە کۆتاییدا ئاماژەیەکی خێرای پێ بدەم ئەوەیە: ئەم بانگەشانە تەنیا لە ڕووکاردا موتەسامیح دەردەکەوێت، ئەگەر نا لە ناوەڕۆکدا زۆر توندوتیژە و، بەهیچ جۆرێک لە دەرەوەی خۆی ئامادە نییە دیدێکی تر قەبوڵ بکات، بەڵکوو خۆی دەسەپێنێت و بە پاساوی جۆراوجۆر بەرانبەرەکانی دەهاڕێت و دەیانسڕێتەوە. 


١- اللاهوت السیاسی، کارل شمیت، ترجمة. رانیة الساحلی، یاسر الصاروط، المرکز العربی اللأبحاث و دراسة السیاسات، بیروت، ٢٠١٨، ص ٢٨- ٢٩.


ئاڤار قەرەداغی

#ئاستانە_Astana

9/5/2024 9:26:15 PM