مەترسییەکانی پشتکردنە داوەریی شەرع لە کێشە خێزانییەکاندا

مەترسییەکانی پشتکردنە داوەریی شەرع لە کێشە خێزانییەکاندا


کاتێک ناکۆکی لەنێو خێزاندا دەکەوێتەوە، هەندێک لە تاکەکانی پەنا دەبەنە بەر دامەزراوگەلێکی ناوخۆیی کە ئەجێندای ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە وڵاتانی موسڵماندا پەیڕەو دەکەن و، بۆ دیاریکردنی ئەرکەکانی هەر تاکێک شوێن پێناسەکانی ئەوان دەکەون. ئەم ڕێکخراوانە هەوڵە ماندوونەناس و نەپساوەکانیان بۆ ئەوەیە قەوارەی خێزان درز تێ بخەن و، ڕۆڵە خۆڕسکەکانی بسڕنەوە، وەکوو لە زنجیرەی «جەنگ لە دژی فیترەت»دا ئاماژەمان پێ کردووە، پێناسەکانیان بۆ ماف و ئەرک لەگەڵ پێناسە ئیسلامییەکەدا پێکدادەرە، بە مانای وشە پەیماننامەکانی ئەوان بریتییە لە ئایینێکی جێگرەوەی ئیسلام، ئایینێک کە ڕێگە بە زینا و هاوڕگەزبازی دەدات و، حەڵاڵی خوا حەرام دەکات، وەکوو هاوسەرگیرییکردن پێش تەمەنی هەژدە ساڵی، تەنانەت ئەگەر کوڕ و کچەکە پێگەیشتوو و گونجاویش بن بۆ پڕۆسەکە؛ بە هەمان شێوە لە تەشریعەکانی پەیوەست بە ئافرەت و سەرپەرشتیاریی پیاو و کاربەدەستبوونی و چەمکانی دیکەشدا. 


جا وەختێک ناکۆکی لە نێوان تاکەکانی خێزاندا هەڵدەگیرسێت و، یەکێکیان پەنا دەباتە بەر ئەم ڕێکخراوانە، ئیتر چ کوڕ،یان کچ، یان هاوسەر، یان خوشک بێت، بۆ ئەوەی دەستێوەردان لە خێزاندا بکەن و مافێک بەو تاکە بدەن کە پەنای بۆ بردوون کە شەرع نەیداوەتێ، ئەوسا ئەم تاکە پشتی لە شەریعەتی خوا کردووە و دژەکانی بە داوەر کردووە. سا با وریای ئەوە بن و، دەماریان لەسەر هەڵە و تاوان گەرم و گیر نەبێت و پێچەقی نەکەن. 


لەسەر هەموو موسڵمانێکە بڕوانێت ئایا ئەمەی ئەو دەیەوێت چنگی بخات لە ناکۆکییەکاندا، مافێکە بەڕاستی شەرع پێی دابێت؟ یان نەخێر، شەرعی خوا ئەو مافەی پێ نەداوە، بەڵکوو ئەوانەی کە دوژمنی خوان و حەڵاڵ حەرام دەکەن و حەرام حەڵاڵ دەکەن ئەو مافەیان پێ داوە! جا ئەگەر وایە، ئیدی چۆن داوای دەکات و، دەستی ئەم ڕێکخراوانەش دەهێنێتە ناو کەیسەکەوە و دەیەوێت مافی تاکێکی دیکەی خێزانەکەی بۆ پێشێل بکەن؟ ئەگەریش ئەمەی کە دەیەوێت، مافێکی شەرعیی خۆیەتی کە یەکێک لە تاکەکانی خێزان لێی زەوت کردووە، دڵیشی بەرایی نادات دەستی لێ هەڵبگرێت، ئەو کات لەسەریەتی پەنا بباتە بەر ڕێگە شەرعییەکان بۆ بەدەستهێنانی، وەک ئاگادارکردنەوە و بەقسەهێنانی دەمسپییان و پیاوماقوڵان، نەک پەنابردنە بەر ئەم ڕێکخراوانەی کە هیچ بایەخێک بە ئاشتەوایی و چاکسازیی ناو خێزان و سەرچاوەیەتیی شەریعەت نادەن، کاریان تەنیا ئەوەیە بە چەپک و گورزە ئەو ڕاپۆرتانە پێشکەشی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بکەن کە حاڵەتە سەرکەوتووەکانی جێبەجێکردنی پەیماننامە پێچەوانەکانی شەریعەتی تێدا تۆمار کراوە و، ئەجێنداکانی هەڵوەشاندنەوەی خێزانی موسڵمانی تێدا پەیڕەو کراوە، هەروەها گیانی تاکگەرایی و خۆپەرستی لە کۆمەڵگەدا بڵاو دەکاتەوە.  


ئەمەش دەرگایەکی گەورەی خراپەیە کە لە وڵاتی موسڵماناندا لەسەر پشتی دادەنێن، هاوڕێ لەگەڵ زیادبوونی چالاکیی ئەم ڕێکخراوانە و سنووردارکردنی چەند بەندێک لە یاسای باری کەسی کە لەگەڵ هەندێک لە ئەحکامی شەریعەتی ئیسلامیدا گونجاو بوون. هەمان باس بابەتیش لە کێشەکانی نێوان مێرد و بنەماڵەی ژندا و بە پێچەوانەشەوە دووبارە دەبێتەوە. 

با موسڵمانان بە پیاو و ژنیان، کیژ و کوڕیان، بچووک و گەورەیان لەمەدا لە خوا بترسن. منداڵانی موسڵمان و تازەپێگەیشتووان لە نێر و لە مێ ئەمەیان لە یاد بێت، خۆیان وەرنەدەنە ئەم بازنه مەترسیدارەوە کە تایبەتترین سیفەتەکانی دووڕوویی بەبێ هەستپێکردن تێدا ڕەنگ دەداتەوە.


پەرتووک: بەرلەوەی شوراکە لێبدرێت

نووسینی: د. ئیاد قونەیبی


#بەرلەوەی_شوراکە_لێبدرێت

#ئاستانە_Astana

#پەرتووکەکانی_ئاستانە

9/5/2024 9:26:59 PM