لێبوردەیی لە نێوان موحەممەد (ﷺ) و «ستالین»دا

لێبوردەیی لە نێوان موحەممەد (ﷺ) و «ستالین»دا


ڕۆژهەڵاتناسی فەرەنسی «لویس سیدیو» دەڵێت: بە ڕاستی ئەوەی کە هەندێک لە نووسەران دەیکەن ستەمە لە موحەممەد و، ڕاستییەکانی مێژوویش کە هەندێک دەڵێن: "موحەممەد دڵڕەق و ترسنۆک بووە!" ئەمانە لەبیریان چووە کە موحەممەد کەمتەرخەمی نەکرد و، هەوڵی زۆری دا بۆ هەڵوەشاندنەوەى خوی تۆڵەکردنەوە کە لەناو عەرەبدا بە میراتی مابووەوە و، خویەکی زۆر خراپ بوو، دەڵێیت ئەو نووسەرانە ئەو ئایەتانەى قورئانیان نەخوێندووەتەوە کە موحەممەد تێیدا زیندەبەچاڵکردنی ژنانی هەڵوەشاندووەتەوە، وەکوو بڵێی بیریان نەکردبێتەوە لەو لێبوردنە پڕ ڕێزەى نواندی بەرانبەر بە سەرسەختترین دوژمنەکانی خۆی دوای فەتحی مەککە.


 هەروەها دەڵێی نەیان بینیوە کە عەرەب تۆڵەکردنەوەى پێ واجب بووە، هەروەها پێیان وا بووە دەتوانیت هەموو کەسێک بکوژیت مادام ببێتە مەترسی بۆ سەرت، وەک ئەوەی نەزانن موحەممەد ئەو دەسەڵاتە زۆرەى بۆ فەراهەم بووبوو، بەڵام خراپ بەکاری نەهێنا بۆ تێرکردنی حەز و ئارەزووەکانی خۆی و، ئەوەى -زۆر جار- کەمتەرخەمی نەکردووە لە ڕاستکردنەوەى ستەمی هاوەڵەکانی. هەمووان دەزانن بۆچوونەکەى عومەری ڕەت کردەوە لەبارەى کوشتنی دیلەکانەوە، هەروەها کە کاتی بڕیاردان هات لەبارەى سزادانی «بەنی قورەیزە»وە وێڵی کرد بۆ «سەعدی کوڕی موعاز» کە هاوپەیمانی بەنی قورەیزە بوو تا ئەو یەکلایی بکاتەوە، هەروەها هەمووان دەزانن ئەو لە بکوژەکەی حەمزەى مامی خۆی خۆش بوو و، ئەو هەرگیز هەر داوایەکی نەرمی و لێبوردەیی لێ کرا بێت ڕەدى نەکردووەتەوە، هەروەها کە خالد خەڵکانێک بە ناڕەوا دەکوژێت -سەرباری ئەوەی لە ئازاترین سەرکردەکانی بوو- بە ئاشکرا ناڕەزایەتی دەر دەبڕێت و بە دەنگی بەرز دەفەرمووێت: «خوایە، من بەریم لەو کارەى خالد.» 


ئەم توڕەبوون و تەبەراکردنەى پەیامبەر (ﷺ) لە خالید بە هۆی دیلکوشتنەوە، لە کاتێکدایە کە ستالین بە پێکەنینەوە باسی سەربازێکی خۆی دەکات کە دیلی کوشتووە! ئەوەتا «میلۆڤان دالێس» (Milovan Đilas) لە کتێبی: «گفتوگۆیەک لەگەڵ ستالین»دا دەڵێت: "لە کاتێکدا باسی شێوازی جەنگی «یوگسلافیا»مان دەکرد، ئاماژەم بە ئەوە کرد: ئێمە دەستبەسەرکراوە ئەڵمانییەکانمان نەکرد بە دیل، چونکە ئەوان هەموو دیلە یوگسلافییەکانیان کوشتبوو." ستالین بە پێکەنینەوە قسەکەى پێ بڕیم وتی: "یەکێک لە شەڕڤانەکانمان کۆمەڵێک دیلی ئەڵمانی لەژێر دەستدا بوو، لە ڕێگادا هەموویانی کوشتبوو تەنیا یەک دانەیانی هێشتبووەوە کە گەیشتبووە بارەگا، وتبوویان: "ئەى ئەوانی تر کوان؟!" وتبووی: "فەرمانی فەرماندەى گشتیم جێبەجێ کرد کە پێی فەرمووین: 'هەموویان بکوژن تا دواهەمین کەسیان، ئەمەش دواهەمین کەسیانە!'"


پەرتووک: کۆیلایەتی و کەنیزەک لەدیدی ئیسلام و ئەوانی ترەوە

نووسینی: م. عەلی خان


#کۆیلایەتی_و_کەنیزەک_لەدیدی_ئیسلام_و_ئەوانی_ترەوە

#ئاستانە_Astana

#پەرتووکەکانی_ئاستانە

9/5/2024 9:28:24 PM