كَأَنَّهُم بُنْيَانٌ مَّرْصُوصٌ...

كَأَنَّهُم بُنْيَانٌ مَّرْصُوصٌ...


برایانی ئازیز، ئەی ئەو کەسانەی تاک تاکە هەوڵی سەرخستنی ئەم ئایینە دەدەن و دەتانەوێت دەستێکتان هەبێت لە بڵاوکردنەوەی ئەم ئایینەدا. ئێمەی موسڵمان لە عەقیدەماندا کاری بە کۆمەڵ و جەمعییەت هەیە. کۆبوونەوەی موسڵمانان پێکەوە هێندە لای خودا گرنگە کە ئەو پێی خۆشە موسڵمانان لە ڕۆژێکدا پێنج جار پێکەوە ڕیز ببەستن. پێکەوە کۆمان دەکاتەوە و ئەرکی جیامان پێ دەبەخشێت.


لە کاتی جەنگدا، کەسێک شەوان حەرەس دەبێت، کەسێک ئاڵا دەگرێت بەدەستەوە و یەکێکی تریش چاودێریی بەرانبەر دەکات، کەسانێک پیادەن و ڕمیان بەدەستەوەیە، کەسانێکیش سوارین و شیر بەدەستن، کۆمەڵێکی تریش تیروکەوانیان پێیە و بەشێکی جەیشەکەیان گرتووە، پیاوان لە پێشەوە ڕیز ڕیز وەستان و ئافرەتانیش لە دواوە خۆیان بۆ تیماری برینداران ئامادە کردووە، هەموو ئەمانە کەسێک لەپێشی جەیشەکە سەرکردایەتییان دەکات.


ئەمانە خودا بە دیوار و یەک پارچە ناوی بردوون، ئەمانە خۆشەویستی خودان.


ئێستاش لە مەیدانی دەعوەدا تاک بە تاکمان ئەرک و بەرپرسیارییەتی جیامان هەیە و ئامانجمان یەکە. ناکرێت هەموومان ڕۆڵی سەرکردە، یان پاسەوان ببینین، ناکرێت هەموومان ببین بە نووسەر، یان وەرگێڕ، یان بەڕێوەبەری پرۆژە ... شکست دەهێنین ئەگەر هەموومان بمانەوێت ببین بە سەرکردە، جەمعییەتی ئیسلامی واتە کۆکردنەوەی هەموو توانا و وزە و چین و توێژەکان، واتە کۆبوونەوەی قائید و نووسەر و پلانداڕێژەر و جێبەجێکار و فەڕاش و ... تاد. خودا بە کۆی هەموو ئەمانە دەڵێت دیوار. خۆ بە تەنیا بە بلۆک ناوترێت دیوار، ناکرێت هەموومان ڕۆڵی بلۆک ببینین، دیوار پێک هاتووە لە گەچ و چیمەنتۆ و بلۆک و بناغەیەکی بەهێز. ڕەنگە خەڵکی دەرەوە تەنیا گەچەکە ببینن، بەڵام ئەگەر گەچ خۆی جیا بکاتەوە و بلۆکێک ڕاینەگرێت، سوودی دەبێت؟ ئەی ئایا بلۆک بێ ڕووپۆشی گەچ جوانە؟ بێگومان نا.

ئەگەر کەسێک لە جەنگدا ئاڵای ئیسلام بەرز بکاتەوە و شیروەشێنێک بەرگری لێ نەکات، ناکوژرێت؟ ئایا کۆمەڵێک شمشێر بەدەست، کۆمەڵێک تیروکەوان لە پشتەوە بەرگرییان لێ نەکەن، سەرکەوتوو دەبن؟ بێگومان نا.


ئەوەی گرنگە، یەکگرتنی کۆی موسڵمانان و ئەهلی قیبلەیە، لەم سەردەمەدا کە عالەمانییەت و کوفر قەپاڵی کردووە بە گیانی موسڵماناندا، ناکرێت دەست لە جەمعییەت بەر بدەین و توانای تاکەکەسیمان بتوێنینەوە. دڵنیا بن هەر کەسێک بە ناوی عەقیدەوە تەفرەقە بنێتەوە و خۆی و خەڵکی لە جەمعی موسڵمانان دوور بخاتەوە، ئەوە خۆی کێشەی عەقیدەیی هەیە، لە هەمان کاتدا جێی دەستگرتن و بەزەییە، چونکە نازانێت کە خەریکە وەکوو مەڕ بە تەنیا لە کۆمەڵەکەی و شوانەکەی دوور دەکەوێتەوە و دەبێتە نێچیری عالەمانییە گورگەکان.

﴿وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعًا وَلَا تَفَرَّقُوا﴾


لە یەکگرتن و کاری بە کۆمەڵدا، هەم خۆشەویستیی خودا بەدەست دەهێنن، هەم سەرکەوتن. 

﴿إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الَّذِينَ يُقَاتِلُونَ فِي سَبِيلِهِ صَفًّا كَأَنَّهُم بُنْيَانٌ مَّرْصُوص﴾


زەکەریا ژاکاو

#ئاستانە_Astana

9/10/2024 8:57:08 PM