چی دەبوو گەر هەستمان بە ئازار نەکردایە؟

چی دەبوو گەر هەستمان بە ئازار نەکردایە؟


تا ئێستا ئەو پرسیارەت بە مێشکدا هاتووە ئاخۆ چی دەبوو گەر هەستمان بە ئازار نەکردایە؟ ئایا دەبێت ئەم ئازارانە بێسوود بن؟


بێگومان وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەکرێت دوورودرێژ بێت، بەڵام تەنیا بەکورتی دەتوانین بڵێین: لە ڕاستیدا لە ڕووی پزیشکییەوە نەخۆشییەکی لەم جۆرە هەیە بە ناوی (congenital insensitivity to pain) (CIP). نەخۆشییەکی دەگمەنە، نەخۆشەکە هەر لە لەدایکبوونییەوە توانای هەستکردن بە ئازاری نییە، بەڵام نەخۆشییەکی کوشندەیە.


بۆچی؟ چونکە نەخۆشەکە ناتوانێت هەست بکات بە هیچ ئازارێک، تا خۆی لێ بپارێزێت و، بە گشتی لە ئەگەری خۆ بریندارکردن و بەرکەوتنی شلەمەنیی گەرم، ناتوانن هەست بکەن کە تەندروستییان باش نییە. بیر بکەوە کەسێک هەستێت بە لێکردنەوەی پێستی لەشی و هەست بە ئازار نەکات!


بۆیە ئازارەکان گرنگن بۆ ئێمە و بۆ پزیشکان تا لە کێشەکانمان تێ بگەین و ئاگادارمان بکەنەوە لە مەترسییەکان. 


پەروەردگار چ ڕەحمەتێکی داناوە لە دووتوێی ئەم ئازارەدا! هەروەها ئازارەکانی کردووە بە هۆکارێک بۆ پێداچوونەوە و گەڕانەوەی مرۆڤەکان، وەک خۆی دەفەرمووێت: ﴿وَلَنُذِيقَنَّهُم مِّنَ الْعَذَابِ الْأَدْنَىٰ دُونَ الْعَذَابِ الْأَكْبَرِ لَعَلَّهُمْ يَرْجِعُونَ﴾.


ئازارەکان چەندەها ڕەحمەت و ئاماژەیان لەخۆیان گرتووە. ناتوانین خەیاڵی ژیانی سەرزەوی بکەین بەبێ بوونی ئازار. ئاخۆ دەبێت تاوانکاران چۆن سزا وەربگرن؟ ئایا کەس سڵ لە خۆکوشتن دەکاتەوە؟ دەبێت چۆن بزانین ئێمە لە مەترسیداین؟


ئازارەکان ڕەگەزی سەرەکیی بەردەوامی ژیانن کە ڕەحمەتی پەروەردگار بەڕوونی تێیاندا دەردەکەوێت.


#ئاستانە_Astana

9/11/2024 10:18:44 PM