خۆشنووسە کوردەکەی حەڕەمی مەککی
خۆشنووسە کوردەکەی حەڕەمی مەککی
شێخ «موحەممەد تاهير عەبدولقادری کوردی» لە ساڵی ١٩٠٠ـی زاینی لە شاری مەککە لەدایک بووە، لەدوای خوێندنی لە خوێندنگەی «فەلاح» دەچێتە میسر و، لە زانکۆی ئەزهەر درێژە بە خوێندنی زانستی شەرعی دەدات، لەگەڵ خوێندنەکەیدا شێخ موحەممەد لە خۆشنووسی و قاڵبوونەوە تێیدا دانابڕێت، تا ئەوەی لە فێرگەی «خۆشنووسی شاهانەی میسر» وەک خۆشنووسێکی گەورە ناوبانگ دەر دەکات، پاشان دەگەڕێتەوە مەککە و بۆ ماوەی چەندین ساڵ وەکوو مامۆستای خۆشنووسی چەندەها خۆشنووس لە وڵاتانی ئیسلامی پێ دەگەیەنێت، هەروەها لە ساڵی ١٩٥٥ دەبێتە ئەندامی فراوانکردن و بیناکردنی حەڕەمی مەککەی پیرۆز.
بە هۆی ئاستی بەرزییەوە لە خۆشنووسیدا شەرەفی نووسینەوەی یەکەم چاپی قورئانی پیرۆزی پێ بەخشرا بە نەخشی عوسمانی، ئەمەش یەکەم چاپ بوو لە مەککەی پیرۆز، دواتر بە (مصحف مكة المكرمة) ناسرا، شێخ موحەممەد هەروەها شەرەفی دانانی چوارچێوەی زیویی بۆ بەردە ڕەشەکەی کەعبەی پیرۆز پێ بەخشرا، هەر خۆشی وێنەیەکی ناوازەی بۆ مەقامی ئیبراهیم نەخشاند. خاوەندارێتیی زیاتر لە ٤٠ بەرهەم و هەستاندنەوەی بواری خۆشنووسییە لە حیجاز.
ئەم زانایە بە ئاسانی شوێن دەستی هەستی پێ دەکرێت، لە ساڵی ١٩٨٠ گیان دەسپێرێت و، لە شاری مەککەی پیرۆز بەخاک دەسپێردرێت.
#ئاستانە_Astana