ئیفلاسی عالەمانییەت بەرانبەر بە ئایین

ئیفلاسی عالەمانییەت بەرانبەر بە ئایین،

تێزێک لە فەیلەسووفی ئەڵمانی «کارل شمیت»ـەوە


پاش سەرگەردانبوونی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا و ناشتنی دەوڵەتی ئایینی و دانانی قەوارەی دەستکردی مرۆڤ، هەوڵی ئەوەیان دا کە تەواوی ئەو توراس و کولتوور و بناغە ئایینییانەی کە لە پاشخانیاندا هەبووە بسڕێتەوە، وەکوو چۆن هەرزەکارێکی پڕ لە گرێی دەروونی دەیەوێت بەگژ دابونەریتی باوانییەوە بچێت، وەکوو یاخیبوونێک 

کۆمەڵگەی ڕۆژئاواش سەرلەنوێ ویستی شتێکی تر دروست بکات کە زۆر نامۆیە بە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی کە بریتییە لە عالەمانییەت، بەڵام مایەی تێڕامان ئەوەیە کە ڕۆژئاوا شکستی هێنا لەوەی کە خۆی لە بەها باڵا ئایینییەکان دابڕێت و، لە کۆتاییدا عالەمانییەت دزێکی لەرزۆک بوو کە لە سەرگەردانی بێبنەمایی هەستا بە دزینی بەها ئایینییەکان کە لە دەوڵەتە ئایینییەکان هەبووە بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی،

بۆ نموونە هەر یەک لە دەستەواژەکانی «شکۆی دەوڵەت (السیادە)، شەرەف، ئازایەتی، جەنگی پیرۆز، شەهید» کە ئەم دەستەواژانە شتانێکی تەواو ئایینیین، بەڵام دەوڵەتی نوێ نەیتوانیوە خۆی لێ بەدوور بگرێت، بۆ نموونە کاتێک جەنگێک ڕوو دەدات دەوڵەتی عالەمانی هەر زوو دەکەوێتە بانگەشەی پاراستنی شکۆ (سیادە)، هەروەها باسی داستانەکانی ئازایەتی و شەرەف دەکات وەکوو هەر خیتابێکی ئایینی، یاخود بە کوژراوەکانی دەڵێت شەهید بەبێ ئەوەی دەوڵەتەکەی دوور و نزیک پەیوەندی بە ئایینەوە هەبێت.


شایەنی باسە فەیلەسووفی ئەڵمانی کارل شمیت پەرتووکێکی تەرخان کردووە بە ناوی «لاهوتی سیاسی» کە تێیدا ئاماژە بەوە دەکات کە دەوڵەتی نوێ بنەماکانی لە لاهووتەوە بردووە.


هەروەها ڕەخنەیەک دەگوازێتەوە کە فەیلەسووفی فەرەنسی «بۆوتمی» لە جان جاک ڕۆسۆ کە یەکێکە لە سەرەتاییترین عالەمانییە مۆدێرنستەکان لە فەرەنسا، کە لە ڕەخنەکەیدا دەڵێت: "جان جاک ڕۆسۆ لەبارەی دەسەڵات و حاکمی گەل هەمان بۆچوونی هەیە کە فەیلەسووفان هەیانە لەبارەی خوداوە کە پێی وایە هەموو شتێک دەکات خراپە نەبێت." بە مانایەکی تر هەمان ئەو مەفهوومە لاهوتییەی بۆ خودا هەبووە لە ڕۆژئاوا جان جاک ڕۆسۆ بردوویەتی و ناوەکەی لە خوداوە گۆڕیوە بۆ پادشا، بە هەمان شێوە «دیکارت» لەبارەی دەسەڵات و حاکمییەت لە نامەیەکیدا دەڵێت: "خودا یاسا فیزیاییەکانی دروست کردووە بە هەمان شێوەی ئەوەی پادشا یاسای دەستکرد لە دەوڵەتەکەیدا دروست دەکات بۆ بەڕێوەچوون."


بەم جۆرە دابڕانی کردووە لەنێوان خودا و یاساداناندا وەکوو چۆن کەسێکی ڕبووبی دابڕان دەکات لەنێوان خودا و بەڕێوەچوونی کاروباری مەخلوقات.


بۆی بە لێکدانەوەی وتەی ئەم فەیلەسووفە سەرەتاییانەی عالەمانییەت دەردەکەوێت کە عالەمانییەت نەیتوانیوە ببێت بەو کیانە سەربەخۆیە نامۆیەی کە خۆی لە هەموو نۆرمە ئایینییەکان دابڕێنێت، توانیویەتی دەوڵەت و دین جیا بکاتەوە، بەڵام هەرگیز جەوهەر و کرۆکە ئایینییەکان کە مرۆڤی لەسەر خەلق بووە نەتوانراوە بسووتێنرێت و وەلا بنرێت.


خوای مەزن دەفەرمووێت: {فَأَقِمْ وَجْهَكَ لِلدِّينِ حَنِيفًا فِطْرَتَ اللَّهِ الَّتِي فَطَرَ النَّاسَ عَلَيْهَا} [الروم: 30] گرنگ نییە مرۆڤ چەند خۆی دابڕێنێت لە خودا و چەندێک ڕێگەی کوفر و سەرپێچی بگرێتە بەر، بەڵام کرۆکی ئایینی لە دەوڵەتداریدا هەر دەمێنێت، تەنیا دەکەوێتە سەر ئەوەی ئایا مرۆڤەکان دەوڵەتی عالەمانی پێ بنیات دەنێن کە بە شێوەیکی دزێو دەستەواژە ئایینییەکان بەکاربهێنن، یاخود سەربەرزانە خۆیان دەکەن بە ئەندامێک لە شانەی ئەو پرۆگرامە ئیلاهییەی کە جەخت دەکات لەسەر پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان خودا و فەرمانڕەوایی سەرزەمین.

10/2/2024 3:38:01 PM