بەڵگەی بەدیهێنان (دليل الخلق)

بەڵگەی بەدیهێنان (دليل الخلق)


بەڵگەی بەدیهێنان واتای ئەوەیە کە: هەموو بەدیهێنراوێک (مُحدَث) کە لە نەبوونەوە بەدیهاتووە -ئەزەلی نییە- و، دەبێت بەدیهێنەرێکی (مُحدِث) هەبێت.

بەم شێوەیەش بەڵگەی بێشومار لەسەر بوونی خودای گەورە بوونیان هەیە. هەموو گەردیلەیەک لە گەردووندا بەڵگەیە لەسەر بوونی بەدیهێنەرێک، کەواتە هەموو بەدیهێنراوێک بەڵگەیە لەسەر بوونی خودایەکی بەدیهێنەری ڕەها.


کاتێک سەیری بوون دەکەین، تێدەگەین کە دروستکراو و گۆڕاوە، نەک هەمیشەیی و ئەزەلی بێت. هەروەها تەنها پشتی بە خۆی نەبەستووە، ئەوەش وات لێ دەکات بگەیت بەو دڵنیاییەی کە بەرپاکەرێکی هەیە، لە ئەنجامدا تەنیا بە سەریکردن و سەرنجدانی جیهان بە بەدیهێنەری جیهان ئاگا دەبیت.


لەبەر ئەوەیە زۆرێک لە ئایەتەکانی قورئان بانگەشە بۆ سەرنجدان و تێڕامان لە جیهان و بەدیهێنراوەکانی دەوروبەرمان دەکەن، هەر وەکوو خودای بەدیهێنەر دەفەرمووێت: {قُلِ ٱنظُرُواْ مَاذَا فِي ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضِۚ وَمَا تُغۡنِي ٱلۡأٓيَٰتُ وَٱلنُّذُرُ عَن قَوۡمٖ لَّا يُؤۡمِنُونَ} [يُونس: 101] واتە: «بە بێباوەڕان بڵێ: بەوردی سەیرێکی زەوی و ئاسمانەکان بکەن، بزانن چی دەبینن؟! لە: خۆر، مانگ، شەو، ڕۆژ، باران، هەور، شاخ، ڕووبار، بەرزی و نزمیی و ... هتد. هەموویان بەڵگەن بۆ وەحدانییەت و تاقانەیی خودای بەدیهێنەر، ئەگەر چی ئەو هەموو پێغەمبەر و بەڵگە و نیشانە و ترسێنەرە کار ناکەنە سەر گەلێک کە باوەڕ ناهێنن.»


هەروەها دەفەرمووێت: {أَوَلَمۡ يَتَفَكَّرُواْ فِيٓ أَنفُسِهِمۗ مَّا خَلَقَ ٱللَّهُ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضَ وَمَا بَيۡنَهُمَآ إِلَّا بِٱلۡحَقِّ وَأَجَلٖ مُّسَمّٗىۗ وَإِنَّ كَثِيرٗا مِّنَ ٱلنَّاسِ بِلِقَآيِٕ رَبِّهِمۡ لَكَٰفِرُونَ} [الرُّوم : ٨] واتە: «ئەوانەی نکۆڵى زیندووبوونەوە دەکەن! ئاخۆ بیریان لە خۆیان نەکردووەتەوە کە چۆن دروست کراون؟ دیارە هەر ئەو دروستکەرەی دروستى کردوون، دەشتوانێت زیندوویان بکاتەوە. خوا ئاسمانەکان و زەوى و ئەوەى لە نێوانیاندایەی دروست نەکردووە بە هەق و عەدل و ماوەیەکى دیاریکراو نەبێت، کەچى زۆرێک لەم خەڵکە بە گەیشتنى دیدارى پەروەردگاریان و زیندووبوونەوە بێباوەڕن.»


هەروەها دەفەرمووێت: {أَوَلَمۡ يَنظُرُواْ فِي مَلَكُوتِ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضِ وَمَا خَلَقَ ٱللَّهُ مِن شَيۡءٖ وَأَنۡ عَسَىٰٓ أَن يَكُونَ قَدِ ٱقۡتَرَبَ أَجَلُهُمۡۖ فَبِأَيِّ حَدِيثِۭ بَعۡدَهُۥ يُؤۡمِنُونَ} [الأعرَاف : ١٨٥] واتە: «ئایا بۆ زانینى دەسەڵاتى گەورەیى و فراوانیى خوا، لە ئاسمانەکان و زەویی و لەو هەموو شتانەى تر کە خوا دورستى کردوون ڕانەماون، تا ملکەچ بن؟! خۆ لەوەش دەچێت ئاکامیان نزیک بووبێتەوە و دەرفەتیان نەمێنێت بۆ بەدەستهێنانى کردەوەى چاک،  جا ئەگەر بەم قورئانە بڕوا نەکەن و دانەچڵەکێن، دەبێت بە چ قسەیەکى تر بڕوا بکەن.»


کەواتە هەموو بەدیهێنراوێک لە گەردووندا بەڵگەیە لەسەر بوونی بەدیهێنەرێک.


لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەگەڵمان بن:🌐 تەلەگرام  🌐 فەیسبووک  🌐 ئینیستگرام  🌐 ئێکس


#ئاستانە_Astana

10/12/2024 10:38:41 PM