موسڵمانبوون لە جیهانێکی بەعالەمانیکراودا
موسڵمانبوون لە جیهانێکی بەعالەمانیکراودا
بۆ زانینی جیاوازیی نێوان هەردوو چەمکی «بەعالەمانیکردن» و «عالەمانییەت» سەرنجی ئەم نموونەیەی خوارەوە بدە:
وەختێک کە دیمەنێکی سروشتیی جوان و سەرنجڕاکێش دەبینیت، چی دەڵێیت؟ بەعالەمانیکردن بریتییە لەو حاڵەتە مەعریفییەی کە دەستەواژەی (واو=wow) بەسەر زەینی مرۆڤدا زاڵ دەکات، لە بریی دەستەواژەی (سبحان اللە)، کاتێک لەبەردەم دیمەنێکی سروشتیی سەرنجڕاکێشدایت.
جیاوازی نێوان ئەم دوو دەستەواژەیە تەنیا جیاوازییەکی زمانەوانی نییە، بەڵکوو جیاوازیی هەڵوێستی مەعریفیی تۆیە لە هەمبەر وجووددا، کاتێک هەر لە خۆوە دەڵێیت «واو»، ئەوا ئەقڵت تەنیا لە سنووری ئەو چرکەساتەدا دەمێنێتەوە! تۆ دەڵێیت واو چونکە دیمەنەکەی بەردەمت سەرنجڕاکێشە و ئەمە هەموو شتەکەیە.
وەلێ کاتێک دەستەواژەی (سبحان اللە) بەکار دێنیت ئەوە دیمەنەکە دەگەڕێنیتەوە بۆ بکەرە حەقیقییەکە و، سنووری بیرکردنەوەت ئەو دیمەنەی ئێستا تێدەپەڕێنێت بۆ ئەودیو ئەو دیمەنانە لە گەورەیی پەروەرگار و بەدیهێنەر.
بەعالەمانیکردن (secularization) حاڵەتێکی گشتگیرە کە دەست بەسەر زەینی مرۆیی و ڕەفتار و بنەماکانیدا دەگرێت، وای لێ دەکات کە بۆ حاڵیبوون لە وجوودی خۆی، سنووری بینینی لە جیهانی دونیا تێنەپەڕێت. بەعالەمانیکردن تەنیا بە سەپاندنی ئەم حاڵەتە مەعریفییە ناوەستێت، بەڵکوو بەشێکی دیکەی پێکهاتنی بریتییە لە سەپاندنی هەستیاری و ئیحراجبوون بەسەر هەر وتارێک باس لە بەهایەکی ئایینی تێپەڕ لەم جیهانە بکات، یان هەر شتێک کە ئاماژە بۆ ڕۆژی دوایی بکات.
بەعەلمانیکردن لە پشت ئەو هەستەوەیە کە شەرم دەکەیت لە کاتی ڕۆشتنت بۆ مۆڵە گەورەکان (السلام علیک) بکەیت، ئەمە ئەو شەرمەیە کە لە ئەنجامی دزەکردنی وتەیەکی مەعریفیی ئایینی لە چوارچێوەی دونیایەکی تەواو بەعەلمانیکراودا دروست دەبێت، وەک ئەوەی کۆمەڵێک دەستەواژە بێژی کە هیی ئەم سەردەمە نەبن و بۆ ئەو شوێنە نەشێت.
فەیلەسووف و زانای لاهوتیی ئەمریکی «هارفی کۆکس» لە پەرتووکەکەیدا (the secular city) سەرنجێکی ورد دەخاتە ڕوو و، دەڵێت: "ئەو شێوازەی کە خەڵکی ژیانی ئاسایی خۆیانی پێ بەسەر دەبەن، کاریگەری هەیە لەسەر شێوازی تێگەیشتنیان لە مانای ئەو ژیانە!"
ئەوەی پێویستە بۆ گۆڕینی قەناعەتی خەڵکی لەبارەی ئایینەکەیان ئەوە نییە کە بیر و هزری ئیلحادییان تێدا بچێنیت، یان قەناعەتیان پێ بکەیت لەبارەی هەندێک تیۆریی نائایینی، بەڵکوو بەهێزترین ڕێگە بۆ گۆڕینی بیر و هزر، بە گۆڕێنی دابونەریتی ڕۆژانەیان دەبێت، یانی ئەوەی ئێستا بە شێوەیەکی کردەیی لە حاڵەتی بەعالەمانیکردندا ڕوودەدات ئەوەیە کە فێری «بێنیازبوونت لە خودا» دەکات لە بریی ئەوەی «باوەڕت پێ بێنێت بە ئیلحاد»، ئەمەش ئەو کاتەیە کە شاری مۆدێرن وات لێ دەکات کە خوو بە شێوازێکی ژیانبەسەربردن بگریت کە هیچ پێویستیت بە یادکردنەوەی خودا نەبێت!
بەپێی تیۆریی (cognitive dissonance)ـی زانای دەروونشیکاریی «لیۆن فیستینگەر» مرۆڤ هەست بە بێزاری و دژبەری دەکات وەختێک هەست بە جیاوازیی نێوان واقیع و بیروباوەڕیان دەکەن، کاتێک بەردەوام تووشی ئیحراجبوون دەبیت بە هۆی ئەو دەستەواژە ئایینییانەی لە ناوەندە بەعالەمانیکراوەکاندا دەیڵێیت، ئەم ئیحراجبوونە دەبێت ڕۆژێک لە ڕۆژان کۆتایی بێت، یان بە وازهێنان لە بیروباوەڕەکانت کە ئەم ئیحراج بوونەت تووش دەکات، یان بە دوورکەوتنەوەت لە واقیع کە بیروباوەڕەکانت تووشی کێشە و گرفت دەکات. بەڵام ئەوەی لەسەر ئێمە پێویستە دوورکەوتنەوە لە واقیع نییە، وازهێنان لە بیروباوەڕەکانیشمان نییە، بەڵکوو جورئەتدان بە خۆمان و، پەیڕەوکردنی هۆشیارانەی ئایینداری و، دەربڕینی دەستەواژە ئایینییەکان لە سنوورە بەعەلمانیکراوەکاندا گەرچی پەرچەکرداری نەرێنیانەی خەڵک بزانین بەڵام هەرگیز گرێی خۆبەکەمزانین زاڵ نەبێت بە سەرماندا.
"لە پاش ئێوە سەردەمێک دێت، سەردەمی ئارامگرتنە، ئەوەی لەو دەم و سەردەمەدا ئارام بگرێت، ئەوە پاداشتی پەنجا شەهیدی ئێوەی هەیە."
مەحموود ئەبووعادی
لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەگەڵمان بن:🌐 تەلەگرام 🌐 فەیسبووک 🌐 ئینیستگرام 🌐 ئێکس
#ئاستانە_Astana