ڕێنیشاندەر بن، نەک ڕێونکەر
ڕێنیشاندەر بن، نەک ڕێونکەر
ئاگادارکەرەوە بن، نەک شکێنەرەوە
ئەگەر لە وشەی (ذرني) ورد ببینەوە لە قورئاندا، دەردەکەوێت کە خودا هەمیشە بە پەیامبەرەکانی فەرمووە ئەگەر مرۆڤەکان بە درۆزنیان زانیت، وازیان لێ بهێنە، تەنیا پەیامی خۆت بگەیەنە: ﴿ذَرْنِي وَمَنْ خَلَقْتُ وَحِيدًا﴾!
ئەم ئایەتە لە کاتێکدا دابەزی کە «وەلیدی کوڕی موغیرە» سەرقاڵی بوهتانکردن بوو بە پەیامی پێغەمبەرەوە. پاش ئەوە خودا لە دونیا هیچی بۆ نەهێشتەوە، بە جۆرێک سووکی کرد کە «خالیدی شمشێری خوا»ی کوڕی ئەو ئایەتانەی دەخوێندەوە کە لەسەر باوکی دابەزیون! چ پلەیەک لەوە سووکتر کوڕەکەی خۆت و ملیاران کەس پاش مردنت بەهیلاکەتچوونت یاد بکەنەوە و پەندت لێ وەربگرن!؟
یان خودا لە شوێنێکی دیکە دەفەرمووێت: ﴿فَذَرْنِى وَمَن يُكَذِّبُ بِهَٰذَا ٱلْحَدِيثِ ۖ سَنَسْتَدْرِجُهُم مِّنْ حَيْثُ لَا يَعْلَمُونَ﴾، واتە: «لێم گەڕێ بۆ ئهوانهی که بڕوا بهم قسانە ناهێنن، ئێمه بهرهبهره ئهوانه بۆ سهرهنجامی ناکامیان کێش دهکهین، بێ ئهوهی بهخۆیان بزانن و ههستی پێ بکهن.» چی لەوە خراپتر بۆ دوژمنێک کە خودا خۆی سووکایەتی پێ بکات؟
بۆیە ئەرکی بانگخواز ئەوە نییە سزای بێباوەڕان بدات و سوکایەتییان پێ بکات، یان جنێو و قسەی ناشیرینیان پێ بڵێت، ئەگەر بانگخواز کەوتە وەڵامدانەوە لەسەر نەفسی خۆی، ئەوە دەعوەکەی پیس بووە و، بانگەوازیی خوای تێکەڵ بە بانگەوازیی نەفسی خۆی کردووە.
پەیامبەران تەنیا ئاگادارکەرەوە بوون، نەک شکێنەرەوە. ئەوان لە ئەرکی خۆیان تێگەیشتبوون، بۆیە تەنیا دەیانوت: ﴿إِنَّمَا أَنَا نَذِيرٌ مُّبِينٌ﴾، واتە: «من تەنیا ئاگادارکەرەوە و ڕونکەرەوەم.» پەیامبەر ناوەکەی بە خۆیوەیەتی، پەیام دەهێنێت، ئاگادارکەرەوە و شیکەرەوەیە، هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات تا پەیامی خودا بگەیەنێت، کێ گوێی گرت با گوێ بگرێت و، کێش گوێی نەگرت با نەیگرێت.
بۆیە لە مەیدانی دەعوەدا ئەگەر بە درۆزنیان زانیت، تۆ ڕاستگۆیانە پەیامی خۆت بگەیەنە و ڕوونی بکەوە، ئەوەی دیکە بۆ خودا بەجێ بهێڵە. خۆی دەزانێت چۆن بە شێوەیەکی پلەبەندانە سزایان دەدات.
ئەگەر تەنیا پەیام بگەیەنین، ڕێنیشاندەرین. بەڵام ئەگەر مەبەست و حەزی سەرکەوتن و خۆدەرخستنمان کردە کاروباری پەیامبەرییەوە، دەبین بە ڕێونکەر. دەبێت بزانین کە ئێمە ئاگادارکەرەوەی مرۆڤەکانین، نەک شکێنەرەوەیان.
زەکەریا ژاکاو
لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەگەڵمان بن:🌐 تەلەگرام 🌐 فەیسبووک 🌐 ئینیستگرام 🌐 ئێکس
#ئاستانە_Astana