گوڵبژێری قسە
گوڵبژێری قسە
چۆن بەرهەمی زانستەکەمان بەسوود دەبێت؟
بۆچی شیر و هەنگوین لە باشترین بەرهەمەکانی خۆراکن؟
خوای گەورە لە قورئاندا باسی کەسانێک دەکات کە خۆی هیدایەتی داون و خاوەنی دڵێکی فراوان و عەقڵێکی گەورەن. ئەو باوەڕدارانەش سروشتیان وایە کە گوێ لە هەموو قسە باشەکان دەگرن و لەناو قسە زۆرباشەکاندا، باشترین هەڵدەبژێرن. کاتێکیش دەنووسن، یان کە دەدوێن، باشترین وتە دەڵێن و گوێگرەکانیان سوودیان لێ وەردەگرن. بە تەبیعەت ئەم کەسانە کاتێک هەوڵی فێربوونی زانستی شەرعی دەدەن، یان کە دەیانەوێت لە فکردا شارەزابن، نابن بە دەروێشی یەک کەس، بەڵکوو گوێ لە تەواوی زانایانی مێژووی ئیسلام دەگرن و باشترین بۆچوونیان هەڵدەبژێرن، یاخود یەک دوو کەس ناکەن بە بیرمەندی خۆیان بۆ هەموو شتێک گوێ لەوان بگرن، بەڵکوو ئەمانە سەرچاوەی زانیارییان زۆرە. ئەفکارێکی زۆر وەردەگرن و دواتر هەڵێنجانی بۆ دەکەن. بۆیە پەرتووک و وتەکانیان باشترین بەرهەمە.
ئەگەر تەماشای زیندەوەرەکانی تریش بکەن، دەبینین هەنگ بۆنی گوڵی زۆر دەکات و شیلەی زۆر گوڵ دەمژێت، تەنیا یەک گوڵی نەکردووە بە سەرچاوەی هەنگوینەکەی، بۆیە دەبینیت بەرهەمێکی زۆر باش و گرانبەها دەبەخشێت بە مرۆڤەکان. یاخود مانگا، کۆمەڵێکی زۆر گیا دەخوات، بۆیە باشترین بەرهەم بە مرۆڤەکان دەبەخشێت کە شیرە. بەرهەمی خۆراکی ئەم ئاژەڵانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سەرچاوەی خۆراکییان زۆرە. بۆیە ئەگەر بەندەیەکیش بیەوێت بەرهەمێکی ناوازە ببەخشێت بە مرۆڤایەتی، پێویستە سەرچاوەی زانیارییەکانی زۆربێت.
{الَّذِينَ يَسْتَمِعُونَ الْقَوْلَ فَيَتَّبِعُونَ أَحْسَنَهُ أُولَٰئِكَ الَّذِينَ هَدَاهُمُ اللَّهُ وَأُولَٰئِكَ هُمْ أُولُو الْأَلْبَابِ} [الزمر: ١٨]
ئەمانە کەسانێکن خودا هیدایەتی دڵ و عەقڵی داون و، خاوەن حیکمەتن.
لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەگەڵمان بن:🌐 تەلەگرام 🌐 فەیسبووک 🌐 ئینیستگرام 🌐 ئێکس
#ئاستانە_Astana