بێمنەتبوون لە خەڵکی لە کوێی پەیامی پێغەمبەردایە؟!​

بێمنەتبوون لە خەڵکی لە کوێی پەیامی پێغەمبەردایە؟! 


وەکوو کاک ئەحمەدی موفتی زادە دەفەرمووێت: "خۆ سوورەتی عەبەسە تەنیا بۆ پێغەمبەر دانەبەزیوە." 


لە ئیسلامدا دوو جۆر مەیدان هەیە، مەیدانی دەعوە و، مەیدانی جەنگ. ناکرێت مامەڵەکانی ئەم دوو مەیدانە تێکەڵ بکرێت! سەیرم لە کەسێک دێت باسی شوناس و توڕاسی ئیسلامی دەکات و بە بیرە توندڕەوەکەی خەڵکی ڕاو دەنێت و پێیان دەڵێت: "ئەگەر فیکری منت بەدڵ نییە گوێم لێ مەگرە و موتابەعەم مەکە." مرۆڤەکان بە هۆی ئیسلامەوەیە کە شتن و ڕەقەمن، پەیامبەریش بەوە وەسفی خۆی دەکات کە خەڵکی لە ئاگر دوور دەخاتەوە، نەک لێیان بگەڕێت، تا بکەونە ئاگرەوە. ئەو بێمنەت نەبوو لە سەرسەختترین دوژمنی کە عبداللەی کوڕی سەلولە، پاش ئەوەی سووکایەتی بە پەیامبەر دەکرد و دەیوت: "موحەممەد بۆنی کەرەکەت بێزاری کردین." پاش بوختانکردن بۆ خێزانەکەی، پاش گەڕاندنەوەی لایەک لە جەیش لە جەنگی هەستیاردا، هێشتا پێغەمبەر (️ﷺ) ڕاوی نەناو خۆی لەگەڵدا ماندوو دەکرد، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی نوێژی لەسەر کرد تا خودا لێی خۆش ببێت، بەڵام خودا سەرزەنشتی کرد. 


بەشەری وا هەیە مەیدانی دەعوە و مەیدانی جەنگ لەیەک جیا ناکاتەوە، لە جەنگدا نییە و لە دەعوەشدا پەلاماری خەڵکی دەدات! لە مەیدانی دەعوەدا دەبێت نەرمی بنوێنین بێ ئەوەی تەنازولی عەقیدەیی بکەین. کاتێک وترا دەعوە لە دەعوەی کافرێکی ڕووتی ئەیسیزمەوە دەست پێ دەکات تا مۆدێرنیستێک و موسڵمانێکی لار و خوار. ئاخر موسڵمانێکی موتەقی چ پێویستی بە دەعوەی ئێمەیە، ئەو خۆی خاوەنی هیدایەتە، مرۆی وا هەیە دەعوە بەوە تێگەیشتووە کە لەگەڵ هاوفیکرەکانیدا لایک و کۆمێنت بگۆڕنەوە! نا ئەمە بانگەواز نییە بۆ ڕێی خودا، لە دەعوەدا نەرمی دەنوێنین لەگەڵ کەسانێکدا کە خۆبەگەورەزانن و خودا بە شیاوی پەرستن نازانن، ئەم نەفسە خۆبەگەورەزانە بە ڕەقی نەرم نابێتەوە، بەڵکوو پێویستی بە کۆمەڵێک ئایەت و بەڵگەی عەقڵی و نەفسی و دەروونی هەیە، تا دڵی نەرم بکات بەرەو ئیمان بێت، تەماشا بکەن کە دوای فەتحی مەککە کاتێک کافر و مەشریکەکان موسڵمان دەبوون، پێغەمبەری خوا پارە و مەڕوماڵات و ماڵ و سامانی دەدانێ، تا دڵیان ڕابگرێت، بەڵام پاش چەند ساڵێک کە ئیمانیان دامەزراو دەبوو، ئەم ئۆفەرانەیان نەدەما و بگرە هەر هەمان ئەو کەسانە ماڵەکەیان لە پێناو خوادا دەبەخشی! ئەمە مەیدانی دەعوەیە. لە هەمان کاتیشدا گێلێتییە مرۆڤ لە مەیدانی جیهاددا باسی بەڵگەی عەقڵی و نەرمونییانی و بەخشینی ماڵ بۆ کافران بکات.


لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەگەڵمان بن:🌐 تەلەگرام  🌐 فەیسبووک  🌐 ئینیستگرام  🌐 ئێکس


#ئاستانە_Astana

11/1/2024 9:37:43 PM