دەرزییە ناوازەکەی مێشوولە!
دەرزییە ناوازەکەی مێشوولە!
وەکوو ئاشکرایە، مێشوولە دەتوانێت پێمانەوە بدات بەبێ ئەوەی تا چەند خولەکێک هەست بە هیچ شتێک بکەین. توێژینەوە زانستییەکان بەبێ دوودڵی دەرزیی لووتی مێشوولە بە دەرزیی نموونەیی (ideal needle) وەسف دەکەن، چونکە لە کاتی پێست بڕیندا هیچ ئازارێک دروست ناکات.
بەپێی توێژینەوەکان چەند هۆکارێک لە پشت ئەمەوەن، لەوانە: كۆتاییە تیژەکەی دەرزیی لووتی مێشوولەیە کە گرنج گرنج و مشارییە و وەکوو دەرزییە پزیشکییە ئاساییەکان ساف نییە، هەروەها مێشوولە لە کاتی پێوەداندا هەڵدەستێت بە ڕژاندنی لیکەکەی کە ماددەی سڕکەر و دژە خرۆشانی تێدایە، لەگەڵ دژە خوێن مەین، پاشان ڕاستەوخۆ دەرزییەکەی ناباتە ناوەوە، بەڵکوو بە لەرەلەر هاوشێوەی مشارێک دەیخاتە ناوەوە (vibration during the piercing) ئەمەش هەستیاریی کۆتاییە دەمارییەکانی دەوروبەری برینەکە کەم دەکاتەوە.
زانایان هەوڵیان داوە لەڕێی داتاشینی سیلیکۆنییەوە بە تەکنیکی هەڵکۆڵینی کارۆکیمیاوی (electrochemical etching) لاسایی دەرزیی مێشوولە بکەنەوە، دەرزییەکی مایکرۆیی وردیان بەرهەم هێنا کە لە بەشێکی جێگیر و دوو بەشی لەرەدار پێک هاتووە، لەگەڵ ڕێڕەوێکی زۆر بچووکی دیکە بۆ ڕشتنی ماددەیەکی سڕکەر.
ئەم دەرزییە ڕۆڵێکی باشی هەبووە و هەوڵدراوە لە وەرگرتنی سامپڵ (زەرع)دا بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە بەکار بهێنرێت، لەبەرئەوەی شێوازی چوونە ناوەوەی بۆ ناو شانە شێرپەنجەییەکان لە پاراستنی شێوەکەی (reduce tissue deformation) و، کەمکردنەوەی خوێنبەربووندا هاوکار دەبێت، بە پێچەوانەی دەرزیی ئاساییەوە، بەڵام بە گوێرەی توێژەران ئەم دەرزییە ئەگەری شکانی هەیە، بە پێچەوانەی دەرزیی لووتی مێشوولەوە کە نەرمە و ئەم کێشەیەی نییە.
حەسان بن عابید
سەرچاوەکان:
Izumi, H., et al. (2011). Realistic imitation of mosquito’s proboscis: Electrochemically etched sharp and jagged needles and their cooperative inserting motion. Sensors and Actuators A: Physical, 165(1), 115–123.
Li, A., et al. (2020). Mosquito proboscis-inspired needle insertion to reduce tissue deformation and organ displacement. Scientific Reports, 10(1), 12248
Suzuki, M., et al. (2015, June). Fabrication of microneedles precisely imitating mosquito's proboscis by nanoscale tree dimensional laser lithography and its characterization. In 2015 Transducers-2015 18th International Conference on Solid-State Sensors, Actuators and Microsystems (TRANSDUCERS) (pp. 121-124). IEEE.
لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەگەڵمان بن:🌐 تەلەگرام 🌐 فەیسبووک 🌐 ئینیستگرام 🌐 ئێکس
#ئاستانە_Astana