تاوان ... ڕێگەی چوون بەرەو لای خوا!

تاوان ... ڕێگەی چوون بەرەو لای خوا!


ئاشکرایە کە فریشتەکان تەسبیحاتی خودا زۆر دەکەن و هیچ ساتێکی تەمەنیان بەفیڕۆ نادەن، پیس نین و هەمیشە لە عەبدایەتیدان، لەهەمان کاتیشدا نازانن تاوان چییە و تاوان ناکەن! 

بەڵام مرۆڤەکان جیاوازن، هەم زیکر و تەسبیحاتی خوا دەکەن، هەم تاوان و سەرپێچی!


بەڵام تا ئێستا تۆ لەخۆتت پرسیوە کە بۆچی لە جیهانبینی ئیسلامیدا، لای خوا مرۆڤە باوەڕدارەکان لە فریشتەکان بەڕێزتر و گەورەتر و خۆشەویستترن؟! لەکاتێکدا خۆ مرۆڤە باوەڕدارەکانیش هەر تاوان دەکەن!


بەشێکی زۆر لە خەڵکی بە هەڵە لە چەمکی تاوان تێگەیشتوون، بۆیە زۆرجار دەبیستیت دەڵێن "ئەگەر خودا دەزانێت من تاوان دەکەم، کەواتە بۆچی دروستی کردووم؟"

هۆکاری دروستبوونی ئەم پرسیارە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە خەڵکی پێیانوایە تاوان تەنیا ڕێگەیەکە بۆ دۆزەخ، بەڵام لە حەقیقەتدا ئەم بۆچوونە دروست نییە، چونکە تاوان ڕێگەیەکیشە بۆ نزیکبوونەوە لە خوا.


تاوان زیکرێکی تایبەتی هەیە بۆ نزیک بوونەوە لە خوا، لەکاتێکدا فریشتەکان ئەم زیکرەیان نییە. فریشتەکان تەسبیحات و تەکبیرات دەکەن، دەڵێن "الحمد للە – اللە اکبر – لا الە الا اللە..." بەڵام زانیوتانە کە لەبەرئەوەی فریشتەکان تاوان ناکەن، ئیستیغفار ناکەن و لە زیکرەکانیاندا "استغفراللە" نییە؟!

بەڵام مرۆڤەکان هەم تەسبیحات و زیکری فریشتەکان دەکەن، هەم زیکرێکی تایبەت بە خۆیان هەیە دەیکەن، کە ئیستیغفارە لەسەر تاوانەکانیان.

بۆیە کائینێک کە لەنێو جەرگەی جیهانی تاواندا کە خودای لەیادە و ڕێگەی ئیستیغفار دەگرێتە بەر بۆ نزیکبوونەوە لە خوا، خۆشەویستترە لە کائینێکی گەورەی تر کە لەناو جیهانی عیبادەتدایە.

فریشتەکان تەنیا یەک ڕێگەیان هەیە بۆ نزیک بوونەوە لە خوا، بەڵام مرۆڤەکان دوو ڕێگەیان هەیە.

بۆیە دەتوانین بڵێین کە ئیستیغفار، زیکرێکی گەورە و تایبەتە بە مرۆڤەکان.


"زەکەریا ژاکاو"


لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەگەڵمان بن:🌐 تەلەگرام  🌐 فەیسبووک  🌐 ئینیستگرام  🌐 ئێکس


#ئاستانە_Astana

11/8/2024 8:00:28 PM