ببە ئەمریکی بەبێ ئەوەی ئەمریکی بیت!
ببە ئەمریکی بەبێ ئەوەی ئەمریکی بیت!
کاتێک لە ساڵی ١٩٨٢ سەردانی مۆسکۆم کرد، بە شەقامەکانیدا دەڕۆیشتم و چاودێری هەموو شتێکم دەکرد و تێبینیەکانم تۆمار دەکرد، چونکە بەنیاز بووم بەراوردێک لەنێوان کۆمەڵگەی ئەمریکی و سۆڤیەتیدا بکەم. زۆر سەرسام بووم بە شانۆی «بۆڵشۆی» و لەبەردەمیدا ڕاوەستام و سەیری ئەم بینا شارستانییە بەرزەم دەکرد کە دەرفەتی بینینی ئۆپێرا و بالێی بە نرخێکی هەرزان بۆ هەزاران کەس دەڕەخساند.
بەڵام تێبینی جوڵەیەکی سەیرم کرد لە دەوروبەری خۆم، هەمووان پشتیان لە شانۆکە کردبوو و سەیری شتێکیان لە بەردەمیان دەکرد.
چونکە منیش کۆمەڵناسێکی جیددی بووم، سەیری دەوروبەری خۆمم کرد و گەڕام بەدوای ئاگرکەوتنەوە، یان ڕووداوی پێکدادانی ئۆتۆمبێل، یان گەمەبازێک، یان مەیموونێک، یان بریکاری وەزارەت، یان یەکێک لە بەرپرسانی وڵات دەکرد لە ئۆتۆمبێلێکی گرانبەها، یان هەر شتێکی تر کە لە خەیاڵ و تێگەیشتنی عەرەبێکی وەک مندا هەبێت، بەڵام بێسوود بوو.
بۆ بەختی باشم کەسێکم دۆزییەوە کە ئینگلیزی دەزانی، لێم پرسی نهێنی ئەم هەرایە چییە؟ ئاماژەی بۆ کچێکی بچووک کرد کە لە وێستگەی پاس ڕاوەستابوو. دیسانەوە نموونەی تێڕوانینە عەرەبییەکەم بەکار هێنا و سەیرم کرد، بەڵام بینیم کچێکی ئاساییە و جوانییەکی نائاسایی، یان ڕاکێشەرییەکی زۆری نییە (هەرچەندە قژ زەرد بوو، بەڵام ئەمە هۆکارێک نییە بۆ کۆبوونەوەی خەڵک لە یەکێتیی سۆڤیەت). کچەکە کراسێکی کراوەی لەبەر نەبوو و هیچ کردەوەیەکی ناشیرین، یان سەیر، یان گەورەی نەدەکرد.
منیش سەرسوڕمانیم زیاتر بوو و داوای ڕوونکردنەوەی زیاترم لە هاوڕێکەم کرد. پێکەنی بە سەرسوڕمانەکەم و ئاماژەی بەوە کرد کە کچەکە پانتۆڵێکی کابۆ (جینزێکی) ئەمریکی ڕاستەقینەی لەپێدایە. لەو کاتەدا تێڕوانینەکانی خۆمم هەموار کردەوە، هەروەها تێگەیشتم ئیمپریالیزمی دەروونی ئەمریکی هەمووانی داگیر کردووە و من تەنیا کەسم کە سەرسامی بیرۆکەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دامودەزگا شەعبییەکانم کە خزمەتی خەڵک دەکات و یەکێتیی سۆڤیەت بەتەواوی ڕووخاوە و جەستە مردووەکەی بەپێوە وەستاوە.
عەبدولوەهاب مەسیری
لە پەرتووکی «جیهان لە تێڕوانینی ڕۆژئاواوە»
لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەگەڵمان بن:🌐 تەلەگرام 🌐 فەیسبووک 🌐 ئینیستگرام 🌐 ئێکس
#ئاستانە_Astana