هیچ شتێک زیادە و لەخۆوە نییە

هیچ شتێک زیادە و لەخۆوە نییە


عادەتەن لێواری باڵەکانی فڕۆکە و پەروانە ساردکەرەوەکان لووس و ڕێکن، بۆ ڕێگەدان بە تێپەڕینێکی سافتر و ڕێکتری هەوا، بەڵام بە پێچەوانەی ئەم تێگەشتنە باوە، نەهەنگەکان لە لێواری پێشەوەی باڵەکانیان کۆمەڵێک دەرپەڕیوییان (Tubercles) هەیە کە هەر یەکێکیان بە قەبارەی مستێکی مرۆڤە. ئەم دەرپەڕیوییانە بۆ ساڵانێکی زۆر بیرکردنەوەی توێژەرانی داگیر کردبوو، بۆچی باڵەکانی نەهەنگ لووس نین؟


لە توێژینەوەیەکدا کە لە گۆڤاری (Physical Review Letters) بڵاو کراوەتەوە، تیمێکی توێژینەوە لە زانکۆی هارڤارد دەریان خست کە ئەو دەرپەڕیوییانەی لەسەر باڵی نەهەنگی پشتکوڕ، پەستان لەسەر باڵەکە دابەش دەکەن و هێزی ڕاکێشان (Drag) کەم دەکەنەوە. ئەم کاریگەرییەش ئازادییەکی زیاتری جووڵە بە نەهەنگەکە دەدات، لەگەڵ ئاسانییەکی زیاتر لە لادان و پێچکردنەوە بە گۆشەی تیژ و چالاکییەکی زیاتر دەبەخشێت لە کاتی هێرشی دەریایی نەهەنگەکان.


هەروەها دۆزیانەوە کە جیاوازی بەرزی دەرپەڕیوییەکان ڕۆڵێکی گەورەتر لە ژمارەیان دەگێڕێت کە تەنانەت جیاوازی قەبارە و شێوەی ئەم پارچانە ڕۆڵێکی ورد و کاریگەر دەگێڕێت. «ئێرنست ڤان نیرۆپ» -کە خوێندکاری دکتۆرایە لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی هارڤارد- پێمان دەڵێت کە ئەم دیزاینە دەکرێت لەسەر فڕۆکە شەڕکەرەکان و ژێردەریاییەکان جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی چالاکتر بن.


هەروەها توێژینەوەیەکی زانستی لە گۆڤاری (Robotics and Computer-Integrated Manufacturing) پێشنیاری تێکەڵکردنی تەکنیکی دەرپەڕیوییەکان دەکات لە تیغەکانی پەروانەی سیستەمەکانی ئەیرکۆندیشن و، هەواکێشی کارگەکان و، ساردکەرەوەی کۆمپیوتەر و پەروانەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، چونکە ئەمە وزەیەکی بەرچاو دەگەڕێنێتەوە و دەنگەدەنگیش کەم دەکاتەوە.


حسان بن عابد


سەرچاوە:

(١) Van Nierop, E. A., Alben, S., & Brenner, M. P. (2008). How bumps on whale flippers delay stall: an aerodynamic model. Physical review letters, 100(5), 054502.


(٢) Tyler Hamilton. (2008). Whale Inspired Wind Turbines. MIT Technology Review.


(٣) Quinn, S., & Gaughran, W. (2010). Bionics—An inspiration for intelligent manufacturing and engineering. Robotics and Computer-Integrated Manufacturing, 26(6), 616–621.



لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەگەڵمان بن:🌐 تەلەگرام  🌐 فەیسبووک  🌐 ئینیستگرام  🌐 ئێکس


#ئاستانە_Astana

11/10/2024 7:18:58 PM