دژیەکیی مۆدێرنە
دژیەکیی مۆدێرنە
مۆدێرنە وەکوو تەوژمێکی دژە شارستانییەت کە سەری هەڵداوە، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی هەبووە بەسەر کولتوور و فەرهەنگ و شوناسی گەلانی جیهاندا، بە تایبەت پاش فراوانبوونی داگیرکاری «کۆلۆنیالیزم»ـی ئەورووپی، بەڵام وەکوو هەمیشە کە ڕۆژئاوای نوێ هەمیشە ناسراوە بە جیهانی دژیەکی و دووڕوویی، لە تەوژمی مۆدێرنەشدا چەندەها دژیەکی لەخۆ دەگرێت ...
هەموو هۆکاری دژیەکی و حەیرانی ئەوان دەگەڕێتەوە بۆ دوورکەوتنەوە لە پێوەری خودایی و ڕۆچوون لەناو فرەییدا، «ئیمانوێل کانت» لە وتەیەکدا جەخت لەسەر بنەچەی مۆدێرنە دەکاتەوە و دەڵێت: "مرۆڤ دەبێت هەڵهێنجاندنی پرەنسیپ و بنەماکانی بکات بە ئیرادەی خودی خۆی، نەوەک سەرچاوەیەکی تر."
ئەم خود گەورەبینییە مایەی تێڕامانە کە چی وا دەکات مرۆڤ هێندە لوتبەرز بێت، مەزاج و هەوای خۆی بکات بە پێوەری ژیانکردن، ئایا مرۆڤێکی فانی مەعدووم توانای یاسادانانی هەیە؟!
مرۆڤ کە لە سەرەتای پەیدابوونی ئاوێکی نەجیس: پیس -بەپێی هەندێک لە مەزاهیب- و کۆتاییەکەی لاشەیەکی گەنیوە (اولک نطفە مذرە و اخرک جیفە قذرە)، بەم هەموو لاوازییەوە چی دەیگەیەنێت بەم وەرگەڕانەوەیە لە توراس و لە ئیلاهییات! بۆیە ئەم گومڕابوون و ڕێونکردنە بێ زەرەر نەشکاوەتەوە بەسەریاندا.
یەکێک لەو تەوەرە گەرمانەی لە ڕەخنەگرتن لە مۆدێرنەدا دەوروژێنرێت زۆری دژیەکییەکانییەتی. بۆ نموونە: لوویس مینداند لە پەرتووکی «لابردنی پەردە لەسەر مۆدێرنە»دا دەڵێت: "لە ڕێگەی بڵاوبوونەوەی بیرۆکە و ئایدیای نوێ لە پاش سەرەتای پەیدابوونی مۆدێرنە، چەندەها تەوەری گاڵتەپێکراو بڵاو بۆوە، یەکێک لەو خاڵانەی مایەی گاڵتەپێکردن بوو، ئەوەیە کەسی مۆدێرن کۆتوبەند بۆ خۆی دادەنێت، تاوەکو، دووری بخاتەوە لە کۆمەڵگە و دابونەریتەکانی کە پێشتر دروستی کردبوو، بۆ هەمان هۆکار پێش (۱٠ ـ ۲٠) ساڵ."
سەرەتای هاتنی ئینگلیزەکان بۆ ئەفریقا مایەی تێبینی بوو لەلایان کە بۆچی ئەفریقییەکان پۆشتە و داپۆشراو نین و بە نیشانەی وەحشیگەری و نامرۆییان دەزانی، بەڵام ئێستا لە بەریتانیا و کیشوەری ئەورووپی بە گشتی دەرخستنی ناوک لە لای ئافرەتان بووە بە باو! هەروەها بڵاوبوونەوەی فیکری لیبرالیزم و پاشان گۆڕانی بۆ فیکری پۆست لیبراڵیزم، دەیان هەزار نموونەی تر ...
هۆکارەکەشی ئەوەیە مۆدێرنە هاندەرە بۆ هەڵگەڕانەوە لە هەموو گرێبەست و پەیوەندییەکی مێژوویی و شۆڕشکردن دژی، بەڵام جۆرە شۆڕشێک کە ئامانجی نییە، واتە شۆڕش لە پێناوی شۆڕش، چونکە ئەگەر مۆدێرنە ئامانجێکی دیاریکراوی هەبێت و بیەوێت پێی بگات، ئەوە چیتر مۆدێرنە نییە.
لە کۆتاییدا ئەم سەرگەردانی و سەرلێشێواوییە دەگەڕێتەوە بۆ دوورکەوتنەوە لە خودا و گرتنەبەری ڕێگای شەیتان، خوداش دەفەرمووێت: {وَمَنْ أَعْرَضَ عَن ذِكْرِي فَإِنَّ لَهُ مَعِيشَةً ضَنكًا وَنَحْشُرُهُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ أَعْمَىٰ} [طـە: ١٢٤]
#ئاستانە_Astana
لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەگەڵمان بن:🌐 تەلەگرام 🌐 فەیسبووک 🌐 ئینیستگرام 🌐 ئێکس