ڕۆژئاوا دەبەزێت!
ڕۆژئاوا دەبەزێت!
ئەو فەیلەسووفەی ساڵی ١٩٧٦ وتی: "سۆڤیەت دەڕووخێت."
لە سەروبەندی جەنگی سارد و لەو کاتەی یەکێتیی سۆڤیەت لەوپەڕی هەژموونی سیاسی و دەسەڵاتیدا بوو لە جیهاندا، لێکۆڵەرێکی فەڕەنسی بە ناوی «ئیمانوێل تۆد» لە توێژینەوەیەکیدا پشت بە لێکدانەوەیەکی نوێ دەبەستێت کە لێکدانەوەی دیمۆگرافییە. ئەم جۆرە شرۆڤەیەکی داتاییە و لە تایبەتمەندیی دانیشتووان لە نموونەی ژمارە، چڕی، شێوازی دابەشبوون، نەتەوە و پێکهاتەکانی دەکۆڵێتەوە. هەروەها گرنگی بە گەشەی دانیشتوان و ڕێژەی لەدایکبوون و مردن، نەخۆشی و کۆچ و دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ناوەندی تەمەن و ڕەگەز و ئاستی ئابووری تاک دەدات.
بۆ ئەو کات دەرەنجانی لێکۆڵینەوەکەی تۆد کە لەژێر ناوی «کەوتنی کۆتایی»دا بڵاوی کردوەوە، گاڵتەجاڕانە بوو، لە باشترین حاڵیشیدا دەکرا وەکوو دەرەنجامێکی نامۆ سەیر بکرێت. پاش تێپەڕبوونی چەندین ساڵ، لێکدانەوەکەی تۆد بەڕاست گەڕا و، ئەمەش هێندەی تر پێگەی تۆد و میتۆدی لێکۆڵینەوەکەی کردە جێگە سەرنج و متمانە.
جێگەی باسە کە تۆد یەکێک بووە لەو چەند کەسە کەمەی کە دژی کاریکاتێر و سوکایەتییەکانی گۆڤاری «شارلی هیبدۆ» وەستاوەتەوە و، ئەمەش وای کردووە لە ناوخۆی فەڕەنسادا هێرشی زۆری بکرێتە سەر.
ئەمساڵ ئەم فەیلەسووفە پەرتووکێکی نوێی بە ناوی «بەزینی ڕۆژئاوا» بڵاو کردەوە کە بە هەمان پێوانەکانی پێشوو پێشبینی ڕووخانی ئەورووپا دەکات و پێی وایە کیشوەرەکە لە ڕێگەی بەزینیدایە. یەکێک لەو پرسە سەرەکییانەی کە تۆد بە هۆکاری شکستی دادەنێت، نەمانی ئایین و پرسی ڕۆحانییەتە لە ئەورووپادا، کە بە لەناوچوونی پرسە ڕۆحانییەتەکان زۆر لایەنی تری ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی لەناوچوون و، بوون بە هەڕەشە بۆ کیشوەرەکە، چونکە بە پێچەوانەی ڕابردووە لە ئێستادا ئەوروپا خاوەنی هیچ بەهایەکی جێگیر نییە و مانا و پێوەرەکان گەیشتوونەتە ئاستی سفر. هەروەها هەڵوەشانەوەی خێزان و هێنانەخوارەوەی باوک لە ڕۆڵی پیاو و سەرگەورەی ماڵ، وێنایەکی دروست کردوە کە هیچ کەس بە چاوی ڕێزەوە سەیری پێکهاتەیی کۆمەڵایەتی ڕۆژئاوا نەکات. ئەمە جگە لە دابەزینی ڕێژەی لەدایکبوون و پیربوونی کیشوەرەکە و چەندین کێشەی پەیوەست بە لەدایکبوونی منداڵەوە.
لە ڕێگەی ئەم لێکدانەوە دیمۆگرافییەوە، تۆد بە هەمان شێوەی ڕابردوو پێشبینییەکەی خۆی بونیاد دەنێت و پێی وایە کە داهاتوو بۆ ئەورووپا نییە و هەرەسی نزیکە.
#ئاستانە_Astana
لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەگەڵمان بن:🌐 تەلەگرام 🌐 فەیسبووک 🌐 ئینیستگرام 🌐 ئێکس