ئازارێکی تری لەبننەهاتوو لە زیندانی سیدنایاوە!

ئازارێکی تری لەبننەهاتوو لە زیندانی سیدنایاوە!


ئەو گەنجەی خەونی بوو ڕۆژێک ببێت بە پزیشک بۆ چارەسەری نەخۆش و نەهێشتنی ئازار، ئێستا بووە بە ڕەمزی ئازارێکی لەبننەهاتوو، لە بیستەکانی تەمەنی بە هەڵگرتنی پەرتووک و خەونەکانی، شارە بچووکەکەی «کفرنەبل»ی جێهێشت و ڕووی لە شاری «حەمما» کرد بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی چارەنووسساز لە کۆلێژی پزیشکی، نەیدەزانی ئەم هەنگاوانەی دوا هەنگاو دەبن کە خانەوادەکەی دەیبینن.


ئەو ساڵانەی تێپەڕی زۆر قورس بوون لەسەر دایک و باوکی، بە تایبەت دایکی کە هەموو ڕۆژێک لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی ڕۆڵەکەی بوو. ڕۆڵەکەی ڕۆیشت و لەگەڵ ڕۆیشتنیشی خەونەکانی دایکیشی ڕۆیشتن کە پێی وابوو ڕۆڵە تاقانەکەیان دەبێتە کۆڵەگە بۆیان لە تەمەنی پیرییاندا. کات زۆر هێواش تێدەپەڕی، هیواش وردە وردە کاڵ دەبوویەوە، تا وای لێ هات دایکی چاوەکانی کوێر بوون، چاوەکانی دایکی ئیتر بەرگەی ئەو فرمێسکانەی نەدەگرت کە لە تاسەی لەدەستدانی کوڕەکەی دەکەوتنە خوارەوە. وای لێ هات دەستی لە دیوارەکانی ماڵەکەی دەدا، هەر بە دوای شوێنەواری ئەو دەگەڕا، بۆنی جلە کۆنەکانی دەکرد، قسەی لەگەڵ دەکرد وەک ئەوەی هێشتا هەر لەوێ بێت.


لە یەکێک لە ڕۆژەکان، دوای ١٣ ساڵ لە دیارنەمانی، هەواڵێک هات: «کوڕەکەتان لە زیندانی سیدنایا ئازاد کرا.» دایکی بەو هەموو هێزەی کە مابوویەوە ڕای کرد بەڵام نەیناسییەوە. ئەو کەسەی لەبەردەمی وەستابوو، نامۆ، کاڵ و ماندوو بوو. ئەمە کوڕەکەی نەبوو کە بە زەردەخەنەیەکی پڕ لە هیواوە خواحافیزی لێ کرد!


بە لەدەستدانی عەقڵ و یادەوەری هاتە دەرەوە. هیچی لەبیر نەماوە. ئیتر تەنانەت ناوی خۆیشی نازانێت. نیگاکانی بەتاڵ و بێگیان. تێپەڕینی ساڵەکان نەک هەر ئازادییەکەی بگرە هەموو ژیانیشی لێ سەندووەتەوە.


شۆکەکە زۆر سەختە. ئەو دایکەی کە ساڵانێکی زۆر چاوەڕێی گەڕانەوەی بوو، کوڕەکەی دۆزییەوە، بەڵام وەک ئەوە وایە کە نەیدۆزیبێتەوە. جەستەی کوڕەکەی لایەتی، بەڵام ڕۆحی کوڕەکەی لە زیندان و ئەشکەنجەدا ون بوو.


#ئاستانە_Astana

 

12/11/2024 8:08:51 PM