بۆنی بەهەشتم کرد ...
بۆنی بەهەشتم کرد ...
هەر کاتێک و لە هەر شوێنێکدا، ئیرەیی، کینە، بوغز، ڕق و ململانێ، لێدان و پەیوەندی بە مەرامی ماددی و لوتبەرزی و هاوشێوەکانی نەما، لە بریی ئەوانە، سڵاوکردن و پەیوەندیی ئیمانی و پەیامدارێتی و یەک ئامانجی و دڵسۆزی و بەزەیی بۆ یەکتر و دابەشکردنی ئەرک و خۆشییەکان و کارکردن بۆ پەیامێک شوێنی گرتەوە، لەو شوێنەدا بۆنی بەهەشت بڵاو دەبێتەوە. واتە نەمانی غل. وەک ئەوەی لەماوەی دوو ڕۆژی کۆڕبەندی ئاستانەدا بینیم.
لە هەموو لایەکەوە هەر (السلام علیکم) بوو، ڕێز و ئەدەب و نەرمی و زمانی شیرین و گفتوگۆی دوور لە (لهو ولعب) و ئازاری زمان و دەست.
لە سەرووی هەموویەوە، ئەم هەموو مرۆڤە جوان و باشە، یەک کەسم نەبینی جگەرە بکێشێت! کەچی هەر کە بۆ ئێوارەی پێنجشەممە گەیشتمەوە مزگەوتی شار، کابرایەک لە مزگەوت بە خەرمانێک دووکەڵەوە هاتە دەرەوە و سفری کردمەوە.
لە هەموو شارەکانەوە، مرۆڤێک هاتووە کە پێویستی بە ناسینی من و ئەویتر نییە، بەڵکوو سڵاو دەکات و بە ڕووی براکەیدا پێدەکەنێت. وەک خۆم، وا هەستم دەکرد «پێغەمبەرستانە».
یەقینی زیاترم وەرگرت، کە تەنیا دینی حەقیقەتی ڕەها دەتوانێت کۆمەڵگەی وا دروست بکات کە لە خەیاڵ دەچێت، بە جۆرێک دڵنیایی، هەر دڵنیایی ... کەسێک نەبوو خۆی لە ئەرک و کاری دیاریکراو بشارێتەوە.
یەکتر لە ئامێزگرتنی ڕاستەقینەی ئیمانیی بێ مەرام، وەک موسڵمانبوویەکی غەربیی وتبووی لە تەمەندا کەس بەو جۆرە بە گەرمی و سۆزەوە لە ئامێزی نەگرتووم، وەک لە مزگەوت بینیم پاش موسڵمانبوون لە ئامێزیان گرتم!
ڕێز و نوێژی جەماعەت لە کاتی خۆیدا، وەبیری هێنامەوە چ نیعمەتێکم بە هۆی کەمتەرخەمییەوە لەدەست چووە، وەک جوولەکەیەک پاش موسڵمانبوونی و چوونە مزگەوت، وتی ئەم ڕیزانەی نوێژ هێندە جوانن، هەر دەڵێی ڕیزی فریشتەکانن، بە ڕاستی ئەمانەن هاتوون مرۆڤ لە تاریکی ڕزگار بکەن.
الحمدللە کە دیمەنێکی هێندە مەزنم بینیوە، زمان دەرەقەتی وەسفکردنی نایەت، اللە دەرفەتی زیاتری لەم جۆرەمان بۆ بڕەخسێنێت.
#ئاستانە_Astana