مۆدێرنە و هەستی برایەتی
مۆدێرنە و هەستی برایەتی
لە سەردەمی ماددەگەری، حەزی مرۆڤەکان بۆ شتە ڕووکەشەکان چوون، بە جۆرێک مرۆڤ وێڵە بەدوای بەختەوەری و دەستخستنی، بە زۆر ڕێگا و زۆر جۆر لە چێژ تاقی دەکرێنەوە، وەک خواردنێکی ئامادەکراو و هەڵگیراو لە سەبەتەی ئارەزووەکان جێگایان بۆ کراوەتەوە.
چێژەکان زۆر بوون و سەختییەکانی ژیانکردن کەمتر بوونەتەوە، بەڵام داتاکان پێمان دەڵێن خواردنی دەرمانە خەمۆکییەکان زیاتر بوون و تووشبووان بە نەخۆشیی خەمۆکی لە بەرزبوونەوەدان، بە هەموو ئەو پێوەرانەی لەژێر دەستدان، مادام ئارەزووە جەستەییەکان تێر دەکرێت و کەرستە ماددییەکان فەراهم دەکرێن، دەبووایە مرۆڤەکان زیاتر لە ئاسوودەیی و دوور لە خەمۆکی بوونایە.
بەڵام لەبەرئەوەی حەقیقەتی دەستخستنی بەختەوەری پێش جەستە لە دڵ خۆی دەبینێتەوە، سەیر دەکەیت مۆدێرنە و ماددەگەرایی پەی پێ نابات و ناتوانێت لە تاقیگەی خۆی چارەسەرێکی دروست بۆ تیماری دەردی دڵ ئامادە بکات.
ئەو چوزانێت باوەشی ماڵئاوایی لە برایەک و خستنە باوەشی پڕ لە سۆز و هەست، لەگەڵ گوشینی دەستی پڕ لە مەحەببەت دەبێتە سارێژی زۆر دەرد، کاتێک خەندەیەکی دوور لە بەرژەوەندی و برایەتییەکی دینی هەست پێ دەکەیت، ئینجا تێدەگەیت ئەوەی دوورە لە دین و ئەم خۆشی و ئاوێتەبوونەی یەکتر، لە چ تاریکییەکی سەخت و دەروونێکی پڕ لە زامدایە، ئاخر پێم نالێیت ئەوەی ئیمانێکی چەسپاو و خێزانێکی تۆکمە و مەنهەجێکی ڕۆشن و هاوڕێیەکی ئەم ڕێگایە شک دەبات، تۆ بڵێیت لە چی کەم بێت!
داواکارم لە خوا هەموومان لە بەهەشتەکەی خۆی کۆ بکاتەوە، کە لە پێناو ڕەزامەندیی ئەو هەموومانی وا کۆ کردووەتەوە.
بەشار بارانی
لەبارەی «خێوەتگەکەی ئاستانە»وە.
#ئاستانە_Astana