ھەژموونی ڕۆژئاوا و کاریگەری لەسەر تێڕوانین و ھەڵوێستی تاکی موسڵمان

ھەژموونی ڕۆژئاوا و کاریگەری لەسەر تێڕوانین و ھەڵوێستی تاکی موسڵمان


لە یەکەمین کۆڕبەندی ئاستانە بە ناونیشانی «دواهاتەکانی مۆدێرنە لەسەر شووناسی گەلان (گەلی کورد بە نموونە)»، مامۆستای ئازیز دکتۆر ئەیاد لەژێر ناونیشانی «مۆدێرنە لە باکگراوندی گوتاری ئیسلامیی هاوچەرخدا» یەکێک لە پێویسترین و گرنگترین باسەکانی پەیوەست بە ڕۆژگاری ئەمڕۆمانەوە باس کرد و، دەستی خستە سەر کۆمەڵێک کێشە و کەموکوڕی و بانگی لێ کردین کە تێکڕا هەموومان هەوڵی چارەسەرکردنیان بدەین، هەر دوای وانەکەش کاک گۆران پێشنیاری کرد بۆ مامۆستا کە ئەم وانە و توێژینەوە بەپێزە لە چوارچێوەی پەرتووکێک یان نامیلکەیەکدا بڵاو بکاتەوە. 


لە بەشێکی وانەکەدا دکتۆر ئەیاد جەختی لەوە کردەوە کە یەکێک لە هۆکارەکانی هەژموونی مۆدێرنە کاریگەربوونمانە بە ڕۆژئاوا، بە هۆکاری سەرسامبوون بە پێشکەوتنە ماددییەکان و نەمانی هەستی شانازیکردن بە شووناسی ئیسلامەتییەوە. کاک گۆرانیش لەگەڵ پێشنیارەکەیدا، ئاماژەی بەوەشدا کە لە ڕابردوودا بەشداری کۆڕێکی کردووە و چەند قسەکەرێکی موسڵمانیشیان تێدا بووە کە بەداخەوە شووناسی ئیسلامی لە وتەکانیاندا ڕەنگی نەداوەتەوە.


دوای وانە و پێشنیارەکە، لەگەڵ کاک گۆران لەسەر سفرە و خوانی ئێوارە باسی هەمان بابەتی نامۆبوونی شووناسی ئیسلامی لە تێڕوانین و هەڵوێستی موسڵماناندا کردەوە و لە نموونەیەکی زۆر سادەدا باسی ئەو ڕاستییە تاڵەم کرد، کە بەداخەوە هەژموونی ڕۆژئاوا بە ئاقارێکی بردووین، کاتێک دیمەنێکی دڵگیر و سەرنجڕاکێش دەبینین، ڕاستەوخۆ دەڵێین: واو (wow) لەبریی ئەوەی بڵێین: (ما شاء الله)، یان (سبحان الله).


 ئەمە لە کاتێکدا موسڵمانێکی وەک «سەعیدی نوورسی» لە «پەیامەکانی نوور»دا سەرنجی خۆی بەوشێوە دەخاتە ڕوو کە نابێت ھیچ شتێکمان لەبەر خوودی خۆی خۆش بوێت، بەڵکوو دەبێت لەبەر ئەو واتایە خۆشمان بوێت کە ڕایدەگەیەنێت -یان ھەڵیگرتووە-، نوورسی ئامۆژگاریمان دەکات و دەڵێت: بە ھیچ شتێک مەڵێن ئەمە چەندە جوانە، بەڵکوو بڵێن چەند جوان بەدیھێنراوە!


 ئەو پێی وایە چەشتنی خواردەمەنی و میوە بەلەزەت و خۆشەکان، دەبێت یادی نیعمەتەکانی کردگاری شکۆمەندی بەخشندەیی میھرەبانمان بخاتەوە، دەبێت دایک و باوک و ئازیزان و، دیمەنی جوانی بەھار و سەرجەم شتەکانی تر ھەر بمانباتەوە بۆ یادی پەروەردگارمان.


 وتم کاک گۆران تەنیا بەراوردێکی هەڵوێست و تێڕوانینی خۆمان و موسڵمانانی سەردەم بکەین، بەو تێڕوانینە مەزنەی نوورسی، ئاخۆ ئێمەش پێمان دەوترێت موسڵمان!



موحەممەد جەمال


#کۆڕبەندی_مۆدێرنە

#مۆدێرنە_و_شوناس

#ئاستانە_Astana

 

1/8/2025 10:11:12 PM