دەستلەملانێی ئاستانەییەکان
دەستلەملانێی ئاستانەییەکان
بەشێک لەوانەی لە سۆشیال میدیا چالاکن و دەنووسن و وەڵام دەدەنەوە، لە کاتێکدا لەبەر هەر هۆکارێک بێت، یان ڕەنگە بە هۆی لێکتێنەگەیشتنێکی بچووک و ڕاجیاییەکی کەم، دڵیان بەرانبەر یەکتر گەردی گرتبێت و نەیاندرکاندبێت.
بەڵام کاتێک دوور لە دونیای بێگیانیی ئەکاونتەکان و لە دەرەوەی شاشە بچووکەکان یەکتر دەبینن و لە نزیکەوە ڕایەکانیان ئاڵوگۆڕ دەکەن، لەم کاتەدا جوانتر و زیاتر و باشتر لە یەکتر تێدەگەن، لەوەش تێدەگەن کە ئەو دڵئێشانە لە هیچ و خۆڕایی بووە و هی ئەو لە دڵگرتنە نەبووە.
ئەو کات، بەڵێ هەر ئەو کاتە خۆشەویستییەکی نەبڕاوەی ئیمانی لە نێونیاندا دروست دەبێت، برایەتییەکی موعجیزە ئاسا بە باڵەکانی دایان دەپۆشێت. ئا لێرەدا ئاستانە لە یەکەمین کۆڕبەندیدا ئامانجی سەرەکی خۆی دەپێکێت.
ئێمەش لەم کاتەدا، واتایەکی نوێ بۆ وشەی «کۆڕبەند» دەدۆزینەوە، تێدەگەین کە هەم «کۆڕ» و کۆبوونەوەیە بۆ زانیارییەکان و، هەم «بەند» بوونی دڵەکانە بە یەکتری، بەڵگەی ئەوەش دەستلەملانێی ساتی ماڵئاوایی بەشداربووانی کۆڕبەندەکەیە، دەستلەملانێ و لە باوەشگرتنێک دوور لە هەموو بەرژەوەندییەک و، پڕ پڕ لە خۆشەویستیی ڕاستەقینەی برایی کە بۆ وەسفکردنی ئەو ساتە، پێنووس لە گۆ دەکەوێت.
ئێستا ...
هەمووان بە تاسەی دووبارە چێشتنی ئەو خۆشییەی بەهەشتین.
ئێستا ...
هەمووان تامەزرۆی دووبارە لە باوەشگرتنی برایەکانمانین.
ئێستا ...
هەمووان لە دڵەوە چاوەڕوانی دووەمین کۆڕبەندی ئاستانەین.
برایان، بیرتان دەکەم.
عەبدوڵڵا نزایی
#کۆڕبەندی_مۆدێرنە
#مۆدێرنە_و_شوناس
#ئاستانە_Astana