ڕاکە فریانا کەویت!

ژیان لە سەردەمی نوێدا، وەک ڕاکردنە لەسەر ئامێری ڕاکردن (Treadmill). تۆ لەسەر ئامێری ڕاکردن ڕا دەکەیت، بەڵام بۆ پێشەوەش ناڕۆیت. بەردەوام دەبیت لە ڕاکردن تەنیا بۆئەوەی لە شوێنی خۆت بمێنیتەوە. نابێت لە ڕاکردن بوەستیت، ئەگینا دەکەویتە سەر زەوی!

ئەم لێکچوواندنە زیرەکانەی «میشێل ساری»ـی فەیلەسووف بەکاری دەهێنێت بۆ وەسفکردنی پەیوەندیمان وەک تاک لە جیهانی ئەمڕۆدا. جیهانێکی زۆر گۆڕاو و پڕ لە ئاڵوگۆڕ کە پێویستی بە جووڵەی بەردەوام هەیە، بەردەوام وزەت لێ دەبات و زوو زوو تووشی شەکەتی دەروونیت دەکات.

لە کۆتایی هەر ساڵێکدا، مرۆڤ خۆی دەبینێتەوە لەنێو گەمارۆی هەموو ئەو پۆست و ڤیدیۆیانەی کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕ دەکەن و، پێت دەڵێن: "دەبێت لە ساڵی نوێدا چی بکەیت؟" نمایشکردنی هەموو ئەو دەستکەوتە گەورانەی کە هاوڕێیان لە ساڵی ڕابردوودا بەدەستیان هێناوە.

بێگومان زیادەڕۆییەکی زۆر هەیە، چونکە پێویستە تۆ ئەوەندە گەورە بووبیت و پێگەیشتبیت و بزانیت کە

نەبینینی ئەم ٥ فیلمە -وەک پێت دەڵێن- نیوەی ژیانت لەدەست نەداوە! خوێندنەوەی ئەم ١٠ پەرتووکە ناتکات بە مرۆڤێکی باشتر! ئەو سێ هەنگاوەی لە یەکێک لە پۆستەکاندا دۆزیتەوە، ژیانت ١٨٠ پلە ناگۆڕێت! هەندێک کەس پێت دەڵێن کە ژیانت ٣٦٠ پلە دەگۆڕن، ئەمەیان ڕاستترینیانە، چونکە دەگەڕێیتەوە شوێنی سەرەتات.

ئەم لافاوە لە ڕێنمایی و ئامۆژگاری وامان لێ دەکات تەواو تێبگەین مەبەستی بیرمەندان چییە، کاتێک مرۆڤی هاوچەرخ وا وەسف دەکەن کە خودێکی گەمارۆدراوە (Self Under Siege)؛ تۆ لە کۆتایی هەر ساڵێکدا هەست دەکەیت مرۆڤێکی گەمارۆدراویت، بەم هەموو گوتارانە. دواکەوتوویت و، زۆر شتت هەیە بۆ ئەنجامدان و زۆر شت هەیە بۆ هەوڵدان لە ساڵی نوێتدا، وا نییە؟

دڵگران دەبیت کە هەموو ئەو زنجیرە درامایانە لە دەست بدەیت کە باسیان دەکەن و، بێزار دەبیت کە ئەو ڕۆمانە نازانیت کە هەمووان باسی دەکەن. ڕێجیمێکی خۆراکیی نوێی باو هەیە کە هەمووان لەسەری دەنووسن کە چەند سەرسوڕهێنەرە!

کێشەکە دوو هێندە دەبێت، ئەگەر پێشتر ژیانت بە ونبوویی بەسەر بردبێت و بێئامانج ژیا بیت. ئەو کات کاتێک یەکێک لەم پۆستانە دەخوێنیتەوە، حەزێکی بە پەلە دەسپێکردن و خێراکردنت بۆ دێت، هەست دەکەیت کە دەبێت بە هەموو ئاڕاستەکاندا لە هەمان کاتدا ڕا بکەیت!

لە جیهاندا وا زانراوە کە سەری ساڵ ئەو مانگەیە کە بەرزترین ڕێژەی بەشداربوونی تێدایە لە یانە وەرزشییەکان. ئەمە ئەنجامێکی سروشتییە بۆ ئەو هەموو گوتارە کە وات لێ دەکەن هەست بە کەمتەرخەمی بکەیت بەرانبەر خۆت و، هەست بە تاوان بکەیت بەرانبەر شێوازی ژیانت کە لە بنەڕەتدا هیچ کێشەیەکت تێدا نەدەبینی پێش خوێندنەوەی ئەو پۆستانە.

یەک دەقە بووەستە!

ئایا گۆڕان بۆ باشتر شتێکی هەڵەیە؟ بۆچی هەموو ئەم ڕەخنەیە لەو پۆستە نیازپاکانە کە ئامانجیان ڕێنماییکردنی خەڵکە بۆ باشترکردنی ژیانیان؟ بۆچی ئەم هەموو ڕەخنەیە لەو پۆستانە دەگیرێت کە نیازپاکن و مەبەستیان ڕێنیشاندانی خەڵکە بۆ باشترکردنی ژیانیان؟

بێگومان گۆڕان بەرەو باشتر پێویستە و ئامۆژگاریکردنی خەڵکیش چاکەیەکە کە هەرگیز کۆتایی نایەت. بەڵام هێڵێکی زۆر باریک هەیە لە نێوان «ئامۆژگاریکردنی خەڵک» و «بانگەشەی زانینی ئەوەی باشترە بۆیان»! هێڵێکی باریک هەیە لەنێوان ئامۆژگارییە زانستییە سەلمێنراوەکان و خۆهەڵکێشان بە دەستکەوتە کەسییەکانت. هێڵێکی باریک هەیە لەنێوان ئامۆژگارییە گشتگیرەکان و، ئەزموونە تاکەکەسییە سەرکەوتووەکان کە ناکرێت بکرێن بە گشتی. هێڵێکی باریک هەیە لەنێوان گرنگیی گۆڕان بۆ باشتر و، پەرستنی گۆڕان تەنیا لەبەر گۆڕان.

ئەمە سووک تەماشاکردنی ڕێنماییەکانی پەرتووک و ئامۆژگارییە باشەکان، یان پۆستەکانی ساڵی نوێ نییە. بەڵکوو ئەمە یادخستنەوەیەکی نەرمونیانە بۆئەوەی دەست لەسەر خۆت ئاسان بگریت، تۆ مرۆڤیت و سنووری مرۆڤبوونت هەیە!

دەمەوێت خێرا ئاماژە بە چەند خاڵێک بکەم:

١- ئەوەی لای خەڵکی تر گرنگە، مەرج نییە لای تۆش گرنگ بێت، بۆیە جیاوازی بکە لەنێوان ئەوەی بە ڕاستی دەتەوێت و، ئەوەی وات لێ کراوە هەست بکەیت دەتەوێت.

٢- بارودۆخە باشەکانی تۆ بۆ هەموو کەس دەست ناکەوێت. لەدایکبوونت لە خێزانێکی تۆکمە، تووشنەبوونی خوشکەکەت بە شێرپەنجە، ناچارنەبوونت بۆ کارکردن بۆ کاتژمێری زۆر و بێنیازکردنت لە لایەن خواوە لە داواکردن لە خەڵک بە هۆی هەژاری و پێویستییەوە، ئەمانە هەمووی نیعمەتێکن کە تۆ هەڵت نەبژاردوون، بەڵکوو لە بەخششی خوای میهرەبان و بەخشندەن. کەواتە کەسێکی ناپاک مەبە کە سەرکەوتنە کەسییەکانی خۆی وەک یاسا و ڕێسا بەسەر خەڵکی تردا بسەپێنێت.

٣- تۆ خودا نیت؛ ناتوانیت هەموو ئەوانە بیت کە دەتەوێت! ناتوانیت هەموو ئەو ڕێگایانە بگریتەبەر کە خەڵکی تر گرتوویانەتە بەر. ناتوانیت ببیت بە بەهێزترین و خێراترین و جوانترین و زۆرترین گەشتیار و، زۆرترین خوێنەر و، پسپۆڕترین کەس. هەڵبژاردنی هەر ڕێگەیەک لەم ژیانەدا لە بەرانبەریدا باجەکەی لەدەستدانی ڕێگەکانی ترە.

٤- زۆر جووڵان مانای بەرەپێشچوون نییە؛ بە هۆی گوتاری ساختەوە وا باو بووە کە جێگیربوون وەک دواکەوتوویی سەیر بکرێت، -وەستان لە ڕاکردن-، بەڵام گرنگە فێری هونەری «ڕازیبوون» ببیت، دیاری بکەیت كە چی بەسە بۆ تۆ، چی گرنگە لەم ژیانەدا و، تێبگەیت کە خودی ڕاکردن و گۆڕانی بەردەوام لە خۆیاندا پێویست نین.

٥- ئامانجە سەرەکییەکەت لەبیر مەکە؛ قورئان پێی نەوتویت: بەشی خۆت لە «دواڕۆژ» لەبیر مەکە! بەڵکوو قورئان پێت دەڵێت کە ماڵی دواڕۆژ ئامانجی سەرەکییە لەم ژیانەدا. ئەگەر ئەم ئامانجەت چەسپاند، ئەو کات بەشی خۆت لە دونیا لەبیر مەکە، نەک بە پێچەوانەوە! بۆیە هەر پلانێک بۆ خۆت دادەنێیت و دواڕۆژی تێدا ناخەیتە سەنتەر و، باش ڕەچاوی تەقوای تێدا ناکەیت، ئەوا پلانێکی لادەرە ئەگەر سەرنجڕاکێشیش بێت.

دوعات بۆ دەکەم بەو دوعایەی کە «کیندی» لە نامەکەیدا کردوویەتی بۆ دوورخستنەوەی خەم: "خودا گرنگترین کاروباری دونیا و دواڕۆژت بۆ دابین بکات کە بە تەواوترین ئارامی و خۆشترین ژیان بگەیت!"

مەحموود ئەبوو عادی

1/11/2025 7:50:06 PM