پێویستیی شەریعەت

پێویستیی شەریعەت


ئەگەر لە زانست بپرسین بۆن چییە؟ لە وەڵامدا ئەوەمان پێ دەڵێت کە بریتییە لە کۆمەڵێک تەنۆلکەی کیمایی کە لە هەوادا هەڵواسراون. خۆ ئەگەر سەبارەت بە تام و ڕەنگ و زۆر دیاردەی تریش پرسیار لە زانست بکەین، وەڵامەکانی هاوشێوە، یان نزیکن لەم چەشنە وەڵامە کە هیچ مانایەکی مەعەنەوی نابەخشن، بەڵکوو ئەوە ئێمەین بە هەستەکانمان مانا بەم تەنۆلکانە دەبەخشین و وەریان دەگێڕین بۆ تام و بۆن و ڕەنگ، هەر بەم جۆرەش هەریەک لە ئێمە وەکوو مرۆڤ جۆرە بۆن و تام و ڕەنگێکمان بەلاوە پەسەندترە کە ئەمەش زادەی ئەو هەست و ئەزموونانەن کە ئێمە وەکوو مرۆڤ هەمانە و پێیدا تێپەڕ دەبین کە هەندێکیان هاوبەشن لە نێوانماندا، هەندێکی تریشیان گۆڕان، ئەم گۆڕاوانەش هەندێکیان پەسەند یان ئاسایین، هەندێکی تریان ترسناکن.


 مرۆڤ لەبەرئەوەی دروستکراوێکی کارتێکراوە بە ژینگەی دەوروبەری، بۆیە بەردەوام فیکر و بۆچوونەکانی گۆڕاون کە ئەگەر ئەم گۆڕانانە هاوتا نەبن لەگەڵ پێودانگەکانی شەریعەت، ئەوا مرۆڤ سەری لە هەموو فیکرێکی نامۆ و شاز دەردەچێت، بە نموونە باوەڕنەمان بە هیچ شتێک ﴿وَقالوا ما هِيَ إِلّا حَياتُنَا الدُّنيا نَموتُ وَنَحيا وَما يُهلِكُنا إِلَّا الدَّهرُ وَما لَهُم بِذلِكَ مِن عِلمٍ إِن هُم إِلّا يَظُنّونَ﴾ [الجاثية: ٢٤]، یاخود خۆلێبوونە خودا لە چەشنی فیرعەون و نەمروود ﴿فَقالَ أَنا رَبُّكُمُ الأَعلى﴾ [النازعات: ٢٤]، هەروەها تێکچوونی ڕەوشت و پەیدابوونی نێربازی ﴿إِنَّكُم لَتَأتونَ الرِّجالَ شَهوَةً مِن دونِ النِّساءِ بَل أَنتُم قَومٌ مُسرِفونَ﴾ [الأعراف: ٨١]، هەموو ئەم لادانە فیکرییانە بە هەمان چەشنی ڕەنگ و بۆن زانست هیچیان لەسەر ناڵێت، خۆ ئەگەر قسەیەکیشی هەبێت، ئەوا نەفسە لادەرەکان دەیگۆڕن بە چەشنێک کە هاوتەریبی فیکری لادەریان بێت. 


ئا لەم ساتەدا کە ئێستامان، ڕابردوومان، داهاتوومان دەگرێتەوە، تاکە پەناگە کە مرۆڤ ڕووی تێ بکات و پارێزراو بێت لە هەموو لادانە فیکری و ڕەوشتییەکان، تەنیا و تەنیا شەریعەتە، چونکە لەم پەناگەدا بەهاکان جێگیرن، هەرگیز نابینیت مرۆڤ خۆی لێ ببێت بە خودا، بەڵکوو هەمیشە لە ئاستی عەبدا دەیهێڵێتەوە ﴿لَن يَستَنكِفَ المَسيحُ أَن يَكونَ عَبدًا لِلَّهِ وَلَا المَلائِكَةُ المُقَرَّبونَ وَمَن يَستَنكِف عَن عِبادَتِهِ وَيَستَكبِر فَسَيَحشُرُهُم إِلَيهِ جَميعًا﴾ [النساء: ١٧٢]، هەرگیز نابینیت نێرێک خۆی بە مێ ببینێت، یان بە پێچەوانەوە، بەڵکوو ئەوەی هەیە نێر نێرە و مێ مێیە، دەرگا بۆ هیچ لادانێک ناکرێتەوە، بەڵكوو هەر لادانێک لەم بنچينە وەک نەخۆشی مامەڵەی لەگەڵ دەکات و چارەسەری دەکات، نەک قبووڵی بکات ﴿يا أَيُّهَا النّاسُ إِنّا خَلَقناكُم مِن ذَكَرٍ وَأُنثى وَجَعَلناكُم شُعوبًا وَقَبائِلَ لِتَعارَفوا إِنَّ أَكرَمَكُم عِندَ اللَّهِ أَتقاكُم إِنَّ اللَّهَ عَليمٌ خَبيرٌ﴾ [الحجرات: ١٣]


کەواتە بۆئەوەی مرۆڤ لەسەر ڕێگا ڕاستەکەی فیتڕەت بمێنێتەوە، پێوستی بە سەرچاوەیەکی نەگۆڕ هەیە کە لە هەموو گۆڕانە لادەرەکان بیپارێزێت کە بێگومان ئەم سەرچاوەیەش بریتییە لە شەریعەتی ئیلاهی بە شاهێدی مێژوو و ئێستا.


ئاودێر مەرگەیی


#ئاستانە_Astana

1/13/2025 7:40:17 PM