شەتەحاتی چەمکبازەکان: «ژن - ژیان - ئازادی»!

شەتەحاتی چەمکبازەکان: «ژن - ژیان - ئازادی»!


کۆمەڵێک درووشمباز و چەمکباز هەیە لەنێو فەریکەخوێنەوار و فشنبیرە عالەمانییە کوردەکاندا، کاتێک لێیان بپرسیت: "ئەرێ برالە، خۆشت دەزانیت ئەم درووشمە بە واتای چی دێت کە بەرزت کردووەتەوە؟"  خۆشیان نازانن وەڵام بدەنەوە! بگرە هەر لێی حاڵی نەبوون! 


بە نموونە: لە پێشەکی پەرتووکی «سەرمایەی مارکس» کە وەرگێڕانی بۆ کراوە، نووسراوە: "بەرز و پیرۆز بێت گیانی هەموو گیانبەختکردووانی ڕێگای شیوعییەت (کۆمۆنیزم)"، لێرەدا بووەستە و وەڵامی ئەم پرسیارە بدەوە: ئایا کۆمۆنیستێک بۆی هەیە وشەی پیرۆز بەکار بهێنێت؟ وشەی پیرۆز وشەیەکی ئایینییە، چەمکێکی دینییە، کۆمۆنیست و عالەمانی و تەواوی فیکرە لادەرەکانی تر بە هۆی تێکەڵاوییان بە خەڵکی دیندارەوە ئەم درووشمەیان لێ تێکەڵ بووە و بەکاری دەهێنن، ئەگینا ناکرێت بەکاری بهێنن.


یان کاتێک سەربازێکی عالەمانی بێدین دەمرێت، عالەمانییەکان پێی دەڵێن «شەهید»، لە کاتێکدا چەمکی شەهید چەمکێکی تەواو ئایینییە و تایبەتە بەو باوەڕدارانەی گیانیان لە پێناو خودادا بەخت دەکەن، لە ڕۆژی سەڵاشدا خوا بە بەهەشتیان شاد دەکات و لێپرسینەوەیەکی جیا لە خەڵکی ئاساییان لەگەڵدا دەکات، لە بەهەشتیشدا پێگەیان بەرزترە، کۆمەڵێک مامەڵەی تایبەتی تریش ...، بەڵام حەز دەکەین بزانین بۆچی چەمکی شەهید بۆ بێباوەڕێکی مردوو لە لایەن عالەمانییەکانەوە بەکار دەهێنرێت؟ چ جیاوازییەکیان هەیە لەگەڵ مردووی ئاساییدا؟ ئایا مارکس، ئەنگڵس، لینین، ستالین و هیتلەر پاداشتی خێریان دەدەنەوە؟! ئەمە گاڵتەجاڕییە.


یان کاتێک فێمینیستێک دەبینیت دروشمی «ژن - ژیان - ئازادی» بەرز دەکاتەوە، بیوەستێنە، بڵێ ئەسڵەن ژن چییە کە تۆ بڕوات بە خوا نییە و وەکوو «سیمۆن دی بۆڤوار» نازاندنی چەمکی ژنت کردووە؟ ئایا ژن لای تۆ چ ڕەگەزێکە؟ ئایا لای تۆ ژن تەنیا ئەو ئافرەتەیە کە بە سروشتی خۆی ژنە و دەکەوێتە سووڕی مانگانەوە، یان ئەو کەسەیە جێندەری خۆی گۆڕیوە و بە چەپکێ سمێڵ و ملێکی پانەوە دەڵێت: "من ژنم"؟!


یان کە بنەڕەتی فیکرەکەت پووچگەراییە و لە ژیانتدا واتایەک بوونی نییە، پێت وایە لەنێوان دوو هیچدایت، چۆن چەمکی «ژیان» بەرز دەکەیتەوە؟


یان پێت وایە کە ئەم گەردوون و ژیانە بەرهەمی هەڕەمەکییەت و ڕێکەوتە و، جووڵەکانت دەرەنجامی کارلێکێکی کیمیایین، چۆن بانگەشەی ئازادی دەکەیت؟! یان مۆدێرنیستێک کە باسی «مافی مرۆڤ» دەکات، ئایا دەزانێت بنچینەکانی بەدەستهێنانی ماف چین و بەبێ خوا ماف بەدەست ناهێنرێت؟ ئەسڵەن دەزانێت مرۆڤ بە واتای چی دێت؟!


ئەم جۆرە خەڵکەی کە چەمک و دروشمی دزراومان پێ دەفرۆشنەوە، فلیمی پارادایمی فەلسەفییان سووتاندووە، خۆشیان لە خۆیان حاڵی نابن و نازانن کە قسە دەکەن تووشی شەتەحاتێک دەبن!


زەکەریا ژاکاو


#ئاستانە_Astana


لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵمان بن:🌐 تەلەگرام  🌐 فەیسبووک  🌐 ئینیستگرام  🌐 ئێکس

1/26/2025 10:50:04 PM