داگیرکاریی ڕۆژئاوا لە بەرگی فەقیهێکدا «چۆن هەوڵیان دەدا بابەتی وەقف پەک بخەن»!
داگیرکاریی ڕۆژئاوا لە بەرگی فەقیهێکدا «چۆن هەوڵیان دەدا بابەتی وەقف پەک بخەن»!
داگیرکاریی داپلۆسێنەری ڕۆژئاوا و سپیپێستە موتەکەبیرەکان لە مێژوودا تەنیا کورت نەبوونەتەوە لەسەر لایەنی داگیرکاریی جیۆپۆلەتیک و مەیدانی و خوێنڕشتن، بەڵکوو ئەم مرۆڤانەی کە خۆیان بە پێوەری هەموو جیهان دەزانن، هێندە خۆیان لە لا شتە لە زۆر وڵاتانی ئیسلامیدا هاتوون دەمیان خستووەتە ناو فیقهـ و زانستە ئیسلامییەکان و، خۆیان لە بەرگی فەقیهێکدا دەرخستووە، فیقهێک کە زیاد لە هەزار ساڵە نووسراوە و کاری لەسەر کراوە و، زانایانی بە هیممەتی
ئیسلام ئارەقی ڕەشیان ڕشتووە بۆ پەرەپێدانی، بەڵام سپیپێستی ئەورووپی دێت باسی دەکات، وەکوو بڵێیت زۆر ئاشنا بێت پێی و بەکاری دەهێنێت بۆ ویستە ماددییەکانی خۆیان.
شاراوە نییە کە لە کتێبە فیقهییەکاندا دەبینرێت هەمیشە بابێک کراوەتەوە بە ناوی (بابٌ فی الوقف)، هەروەها بابەتی وەقف -واتە: تەرخانکردنی شتێک بۆ موسڵمانان و سوودی گشتی- کە خێرێکی مەعنەوی مەزن بووە لە ئیسلامدا و، چەندەها ملیۆن مرۆڤی هەژار و نەدار لە سایەیدا حەساونەتەوە و لە بەرووبوومیان خواردووە.
زەوییە وەقفەکان پێک دێن لە: «زەویی کشتوکاڵی، مزگەوت، خوێندنگە، چێشتخانە و پەناگەکان» کە تەنیا و تەنیا دروست کرابوون بۆ سوودی مرۆڤایەتی بەبێ هیچ قازانجێکی ماددی، بەڵام بێگومان هەژاردۆستی و خێر و سەدەقە شتانێک نین لە قامووسی بەربەرییەکانی ڕۆژئاوادا هەبن، بۆیە هەوڵی پەکخستنیان دەدا. چۆن؟! بۆ نموونە لە جەزائیر کاتێک کە ئیستیعماری فەڕەنسی خۆی فەرز کردبوو، دەهاتن بۆ ئەوەی کە خاک و ئاوێکی زیاتر داگیر بکەن بۆ مەرامە ماددییە چڵێسەکانیان، دەیانوت کە وەقف لە قورئاندا نەهاتووە و پێویستە لاببرێت!
بە نەفەسێکی ئایینی و ئاییندۆستی هاتن ئەو زەوییە وەقفانەی کە هەبوون بە تایبەت لە زەوییە کشتوکاڵییەکان کە بەرووبوومیان بۆ سوودی گشتی بوو، دەستیان بەسەردا دەگرت و ترێیان لێ دروست دەکرد، تاوەکوو شەرابی پێ دروست بکەن و بینێرنەوە بۆ فەرەنسا.
هەروەها لە میسر چەندەها جێگەی خزمەتگوزاریی وەقف هەبوو کە تایبەت بوو بە خزمەتکردنی هەژار و نەداران، بەڵام دەسەڵاتە چڵێسەکەی ناپلیۆن دەستیان گرتبوو بەسەر ئەم داهاتانەدا و، زۆر بێبەزەییانە گلیان نەدەدایەوە بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستن بەو داهاتە.
بە هەمان شێوە لە وڵاتی توونس وەقفێک هەبوو بە ناوی «وەقفی ئینزال» کە مانای ئەوەیە زەوییەک بەکرێ دەگیرێت بۆ ماوەیەک، یاخود بۆ هەمیشەیی کە خێری کرێکەی دەگەرێتەوە بۆ کەسانێک کە پێویستیان پێی بێت، بە هەمان شێوە داگیرکاری فەڕەنسییش ئەمەی قۆستەوە و تەرخانیان دەکرد بۆ سوود و دەستمایەی ئابووری و خوێنمژین، لەسەر هەژماری خوێنی هەژار و نەدار.
بە هەمان شێوە وڵاتانی شام بە گشتی و مەغریبیش ڕووبەڕووی هەمان زوڵم و ستەم ببوەوە. هۆکارەکەی ئەوەیە کە لە لای ئەم جانەوەرە بەڕبەڕیانە لە بنچینەدا دەستەواژەی «خێر، سۆز، بەزەیی» لە لای ئەم بوونی نییە، بۆیە زۆر ئاساییە لە لایان هەموو شتێک وەکوو سوودی ماددی ببینن.
بەڵام ئەم دەستەواژانەی موسڵمان لەگەڵیدا گەورە دەبن، وەکوو خوای گەورە دەفەرمووێت: {وَجَعَلْنَا فِي قُلُوبِ الَّذِينَ اتَّبَعُوهُ رَأْفَةً وَرَحْمَةً}، [الحديد: ٢٧] واتە: «سۆز و میهرهبانیمان خستە دڵی ئهوانهی که شوێنی -پێغەمبەر- کهوتبوون»، ئەم ئایینە پاکە دڵ پڕ دەکات لە ڕەحمەت و بەزەیی.
زۆر سەختە کە مرۆڤێک لەگەڵ فەرموودەی: (رجل سقي كلبا فدخل الجنة) وە (الرحماء يرحمهم الرحمن) گەورە بوو بێت و ئەم دیدگا ڕۆژئاواییەی هەبێت. موسڵمان هەست بە بەرپرسیارییەتی مافی ئاژەڵێکیش دەکات چ جای مرۆڤی موکەررەم.
هەروەها سەختیشە کە ئەم داگیرکارە ئەورووپییانە تێبگەیشتنایە کە لەم دونیایەدا شتانێک هەن بە ناوی «بەزەیی، یارمەتیدانی هەژاران، خێرکردن»، چونکە سەدان ساڵە لە لەیەکتر خواردن و پەلەقاژەدا بوون وەکوو ئاژەڵ و، دین و ئیمانیان بووە بە پێشکەوتنە ماددییەکان، تازە دڵیان ڕەش بووە بە توغیان و زوڵم و ستەم.
سەرمەد فوئاد
#ئاستانە_Astana