ئیکسیری ئیمانداربوون
ئیکسیری ئیمانداربوون
چۆن خوێنمژە مەغۆلەکان موسڵمان بوون؟!
چیرۆکەکە ئەو کاتە دەستی پێ کرد کە شێخی فەرموودەناس و تەسەوف و تەزکییە «شێخ نەجمەددینی کوبرای شافیعی بوخاری» دەرکەوت و ناوبانگی پەیدا کرد لە بوخارادا. وەعز و زانست و ئیرشادی پەرەی سەندبوو، بەڵام زۆری نەبرد سوپای تاریکی مەغۆلەکان هاتن و پەلاماری شارەکەیان دا. زۆرێک لە زانایانی بوخارا ڕایان کرد، بەڵام شێخ نەجمەددین لەو کەسانە بوو کە ڕای نەکرد و شمشێری گرتە دەستەوە بۆ جیهادی دەفع، تاوەکوو ساڵی (٦١٨)ـی کۆچی شەهیدبوونی بە نسیب بوو.
ئەم زانایە خاوەنی چەندین بەرهەمی نووسراو و چەندین فەقێ و موریدی مەزن بوو لە دەوری. پاش چل ساڵ لە شەهیدبوونی، یەکێک لە خوێندکارەکانی بە ناوی «شێخ سەیفەددینی باخەرزی» کە یەکێک بوو لە زانا دیارەکان، ڕێی کەوتە خوێنمژی مەغۆلەکان و نەوەی چەنگیز خان «بێرکێ خان» کە سەرۆکی «هۆزی ئاڵتوونی» مەغۆلەکان بوو و دەسەڵات و قەڵەمڕەوییەکی یەکجار فراوانی هەبوو.
فیراسەت و بەلاغەت و نووری ئیمانی شێخ سەیفەددین توانی سەرنجی بێرکێ خان بە لای خۆیدا ڕابکێشێت. زەهەبی لە (سیر أعلام النبلاء) دەگێڕێتەوە کە بێرکێ خان بەیعەتی موسڵمانییەتی دا بە شێخ سەیفەددین و ئایینی پاکی ئیسلامی قبووڵ کرد، هەم خۆی و هەم ژمارەیەک لە سەربازەکانی.
بێرکێ خان، برایەکی هەبوو بە ناوی «باتوا» کە زەهەبی دەگێڕێتەوە کەسێکی زۆر زاڵم بوو و خاکێکی زۆری بەدەستەوە بوو. کاتێک بیستی براکەی موسڵمان بووە، زۆری پێ خۆش بوو. باتوا خان وێڕای کوفرەکەی، زۆر شێخ سەیفەددینی خۆش دەویست.
تاوەکوو ڕۆژێک بڕیاری دا لە خاکی بولغارەوە بکەوێتە ڕێ بەرەو بوخارا. لە سەرما و سۆڵەیەکی زۆردا گەیشتە بوخارا لە کاتی عیشادا. لە دەرگای ماڵی شێخی دا، بەڵام شێخ سەیفەددین دەرگای لێ نەکردەوە. زەهەبی دەفەرمووێت: لە کەسانێکم بیستووە کە گومان لە قسەیاندا نییە، وتوویانە: باتوا خان تاوەکوو بەیانی چاوەڕێی کردووە دەرگای لێ بکرێتەوە و بەیانییەکەی شێخ دەرگای لێ کردەوە. هەروەها دەڵێت: کەوتە سەر قاچی شێخ سەیفەددین و شێخیش بەیعەتی موسڵمانییەتی لێ وەرگرت.
پاش موسڵمانبوونی بێرکێ خان، ناوخۆی مەغۆلەکان کێشەی زۆری لێ کەوتەوە و بە هۆی جیاوازیی ئایینەوە بێرکێ خان کەوتە جەنگەوە لەگەڵ هۆلاکۆی ئامۆزای. تا لە کۆتاییدا ئەگەر بێرکێ خان نەبووایە، هەر سێ شاری مەدینە و مەککە و قودس دەکەوتنە ژێر شاڵاوی مەغۆلەکانەوە، بەڵام خوای گەورە ئەم سەرۆکە موسڵمانبووەی کرد بە هۆکار تاوەکوو ئەو سێ شارە پارێزراو بکات.
جا لێرەدا سەرنجتان ڕادەکێشم بۆ وشەی ئیکسیر. لای کیمیازانە کۆنەکان باوەڕیان وا بوو ماددەیەک هەیە ئەگەر بڕێژرێت بەسەر بەردیشدا دەیکاتە ئاڵتوون. ئەمە ڕەنگە نزیک بێت لە خورافەیەکی کۆن، بەڵام بە ڕاستی ئیکسیری دڵ و دەروون ڕاستە و هەیە. ئیکسیرێک هەیە خوای گەورە دەیخاتە ناو دڵی هەندێک لە بەندەکانییەوە کە بە بەرەکەتی خوا دەبنە هۆکار بۆ ئەوەی وەحشیترین و تاریکترین مرۆڤەکانی زەوی دڵیان ڕووناک ببێتەوە بە نووری ئیمان.
لەوپەڕی سنوورەکانی کوشتار و خوێنڕێژی و تاودانی ئەسپی نەفس، دەیانبات بۆئەوەی زانایەکی موسڵمان گۆچان لە ملیان بکات و فێری موسڵمانییەتی و خواپەرستییان بکات و خوای گەورە بیانکات بە وەسیلەی پاراستنی دین و دونیا.
وەکوو چۆن هاوەڵانیش بە هەمان شێوە خوا ئیکسیری هاوەڵی پێ عەتا کردن و لە تاریکی سەردەمی نەفامیدا بوون بە هاوەڵی باشترینی مرۆڤایەتی.
مەحوی وتەنی:
خودا پێداوەکانی فایزی ئیکسیری سوحبەت بوون.
چ من، چی تۆ، مەلائیک، ئەنبیا خۆزگەی بە خۆیانە.
ئەم ئیکسیری ئیمانداربوونە هەر بەردەوام دەبێت تا ڕۆژی دوایی. خودا بێبەشمان نەکات لەو نوورە، ئامین.