ئیتر خێر بە کەس ناکەین!

ئیتر خێر بە کەس ناکەین!


لە چاوتروکانێکدا ترەمپ بڕیاری دا سەدان هەزار مرۆڤ بەزیندوویی بنێژێت، بڕیارێکی واژۆ کرد بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی دەرمانی مەلاریا و ئـ.ـایدز بۆ وڵاتە هەژارەکان کە ئەفریقا یەکەم زیانمەندی ئەم بڕیارەیە.


دوو لەسەر سێی تووشبووانی ئایـ.ـدز لە جیهاندا لە ئەفریقان (٢٥ ملیۆن کەس) و، ٩٤٪ی تووشبووانی مەلاریا لە ئەفریقان کە دەکاتە ٢٣٣ ملیۆن کەس.


چارەنووسی هەموو ئەم کەسانەی پشتیان بە دەرمانی ئەمریکی بەستووە نادیارە، چونکە کەسێکی گێل لە چاوتروکانێکدا بڕیاریدا کە چارەسەرکردنیان خێر و سەدەقەیەکی ئەمریکییە و دەبێت ڕابووەستێت!


ئەمەش ڕاست نییە، چونکە ئەمریکا زۆر بەناشیرینیی ئەو کیشوەرەی تاڵان کرد. بۆ نموونە لە چاد، کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل لە ساڵی ١٩٩٦ حەوزێکی زەبەلاحی نەوتی بە ناوی «حەوزی دۆبا» دۆزییەوە کە ملیارێک بەرمیل نەوتی تێدایە. کۆمپانیا ئەمریکییەکە بە هاوکاریی سندووقی بانکی جیهانی بڕیاری دا نەوتەکە دەربهێنێت و بیفرۆشێت و قازانج و پشکی حوکوومەتی چادیش لە سندوقێکی ئەمریکی هەڵبگرێت و، پارەکە تەنیا بۆ کڕینی کەلوپەلی ئەمریکی بەکار بهێنرێت.


لەوەش زیاتر؛ گەر تراژیدیای کۆنگۆ لە نێوان ساڵانی ١٩٩٧-٢٠٠٣ بزانیت کە ٥.٥ ملیۆن کەسی تێدا کوژرا. ئەمریکییەکان نەک تەنیا سەرچاوە سروشتییەکانیان دزی، بە تایبەت ئەڵماس و زێڕ و کۆباڵت، بەڵکوو راپۆرتی لیژنەی «لۆتۆندۆلا» دەریخست کە ٩٧ کۆمپانیای ڕۆژئاوایی تێوەگلاون لە تاڵانکردنی سەرچاوەکانی کۆنگۆ، لەوانە ٦٨ کۆمپانیای ئەمریکی بە بەهای زیاتر لە ٦.٢ ملیار دۆلار!


ئاساییە با ٦ ملیار دۆلار لێرە و ملیارێک بەرمیل نەوت لەوێ بدزن، لەگەڵ نەوتی ئەنگۆلا و کانی ئاسنی «سیماندۆ» لە گینیا کۆناکری کە گەورەترینە لە جیهاندا و ٢.٢ ملیار تەن یەدەگی هەیە! با بیدزین، بەڵام کاتێک هەندێک دەرمان دەدەن بە ئەفریقییەکان دەگەڕێنەوە و تانەیان لێ دەدەن و دەڵێن لە گیرفانی باجدەری ئەمریکییە کە بڕەکەشی هیچ جیاوازییەک دروست ناکات بەسەر بەرهەمی نەتەوەیی ئەمریکییەوە کە لە ٢٧ تریلیۆن دۆلار تێپەڕیوە.


ترەمپ تەنیا دەیەوێت هەمووان بشکێنێت، سەرەتا هەژارانی جیهان، پاشان ئەمریکای لاتین و دواتر ئەفریقا تاوەکوو پیشانی جیهانی بدات کە کێ پیاوی بەهێزە، پاشان هەندێک دەپرسن بۆچی ڕقمان لە شارستانییەتیان و هەموو بەها و بەرهەمەکانیانە، چونکە سەرەتا داگیرت دەکەن و دواتر دەتدزن، پاشان تانەت لێ دەدەن، نەخۆشت دەکەن، دەتنێژن و، کاتێک کۆچ دەکەیت بۆ وڵاتەکەیان بە تەمای بەشێک لە دنیا، کەلەپچەت دەکەن و دەتنێرنەوە، ترسی پیاوی سپی کە بەسەر ناوچەوانی جیهاندا بڵاوبۆتەوە!


عەبدە فاید

2/7/2025 4:30:28 PM