«مژدە بێت لە ئوممەتی خۆڕاگری»
«مژدە بێت لە ئوممەتی خۆڕاگری»
بێ ئومێد مەبن!
﴿وَلَا تَهِنُوا وَلَا تَحْزَنُوا وَأَنتُمُ الْأَعْلَوْنَ إِن كُنتُم مُّؤْمِنِينَ﴾
دۆش دامەمێنە، سەرت بەرز ڕابگرە و فرمێسکەکانت بسڕەوە. دڵی خۆت ئارام بکەرەوە و مەهێڵە ناڕەحەتی و ئاستەنگەکانی ڕێگای موسوڵمانان دەروونت بڕووخێنن.
تۆ دەبێت بزانیت کە ئێمە ئوممەتێک نین: وەکوو هیندییە سوورەکانی ئەمریکا تیا بچین، وەکوو یەکێتی سۆڤیەت بچینە لاپەڕەیەکی مێژووەوە. وەکوو ئیمپراتۆریەتی ڕۆم و فارس هەڵبوەشێینەوە.
وەکوو ئیمپراتۆری مەغۆلی بە چاوتروکانێک هەڵتۆقین و دواتر لەسەر نەخشە نەمێنین.
وەکوو ئیمپراتۆریەتی بەریتانی خۆری حوکمڕانیمان ئاوا بێت.
هەموو ئوممەتەکان ون دەبن و نابووت دەبن، بەڵام ئوممەتی ئیسلامی هەمیشە دەمێنێتەوە.
ئەم ڕووداوانەی کە لە غـ.ـەززە و سوودان و وڵاتانی دیکەی ئیسلامی ڕوویان دا بێگومان جێگای دڵتەنگی هەموو موسڵمانێکە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە مێژوو پڕیەتی لەم کارەساتانە: ئابڵوقەی بەغداد، کەوتنی قورتوبە، داگیرکردنی مەککە بە دەستی قەڕامیتە. بەڵام نەک نەبووەتە هۆی لاوازکردنی ئوممەتی ئیسلامی، بەڵکوو بووەتە هۆی دووبارە هەستانەوە و بەهێزبوونی.
چەندین سەدە لە وڵاتانی بەڵقان حوکمێکی ماددی شیوعی سەپێندرابوو و دینداری قەدەغە کرا، بەڵام دەبینین ئێستا شیوعیەت ڕووخا و موسڵمانان مانەوە.
چەندەها دەیە جەزائیر لەژێر دەسەڵاتی فەڕەنسادا بوو. دەیانویست بە ناوی شارستانیەتەوە ئایین و کولتووری موسڵمانان لەناوبەرن، چەندەها ملیۆن موسڵمانیان شەهید کرد، بەڵام لە کۆتاییدا شکستیان هێنا و موسڵمانان پێ قایمانە مانەوە. ئێستا لە خودی فەڕەنسادا نزیکەی ٦ ملیۆن موسڵمان دەژین.
چەندین ساڵ زلهێزترین وڵاتی جیهان، ئەمریکا، بە دەیان هەزار سەرباز و چەکی پێشکەوتوو شاخ بە شاخ بەدوای موسڵمانانەوە بوو، بەڵام لە کۆتاییدا موسڵمانان مانەوە و ئەمریکا بە لووت شکاوی چووە دەرەوە.
بۆچی ئەم هەموو نموونەیە لە مێژوودا دووبارە بووەتەوە؟ چونکە ئێمە ئوممەتی مانەوە و خۆڕاگرین! چونکە ئێمە ئەو ئوممەتەین کە خودا دەفەرمووێت: ﴿لِّتَكُونُواْ شُهَدَاء عَلَى النَّاسِ﴾
خودا ئێمەی کردووە بە شایەت بەسەر هەموو خەڵکەوە. هەموو ئوممەت و گەل و دەسەڵاتەکانی جیهان بە بەرچاومانەوە دەچنە نێو لاپەڕەکانی مێژوو و ئێمەش ئاگادارین.
ئەوە بزانە کە ئێمە و ئەوان جیاوازین.
#ئاستانە_Astana
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵمان بن:🌐 تەلەگرام 🌐 فەیسبووک 🌐 ئینیستگرام 🌐 ئێکس