نێوان فەلسەفەی متمانەبەخۆبوون و حیکمەی متمانەبەخوابوون!
نێوان فەلسەفەی متمانەبەخۆبوون و حیکمەی متمانەبەخوابوون!
لە دوای شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە بۆ سەرەوە کۆمەڵێک ڕاهێنان و خول لە ژێر ناوەکانی گەشەپێدانی مرۆیی و گەشەپێدانی خود و دەرخستنی توانا شاراوەکانی نێو ناوەوەی مرۆڤ و کۆمەڵێک ناوی تری بریقەدار و سەرنجڕاکێش هاتنە کایەوە، توانی لە نێو جەرگەی ئەو گەلە ڕووداوە سیاسی و ئایینی و هزری و زانستی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و هتد...، سەرنجی مرۆڤی سەردەممان ڕاکێشێت و فەلسەفەکانی نێو ئەم خولانە لەگەڵ داواکارییەکانی ئەم مرۆڤە گونجێندران! هەر لێرەوە ئەو فەلسەفەیەیان گەرم کردەوە کە ئیتر مرۆڤ ئەوەی بیەوێت دەتوانێت لە ناوخۆی خۆیەوە بیکات و پێویستی بە دەرەوەی خۆی نەما!
چەمکی متمانەبەخۆبوون کە ئاوێتەیە و لە دوو بەش پێک هاتووە، کە متمانە و بە خۆبوونە واتە: (باوەڕبوون بە نەفسی خۆت) چەمکێکی نوێیە، و باوەڕبوون (الثقة) بە بڕوای زمانناسانی عەرەبی بە واتای حوکمدان و متمانە دێت، ئەگەر بوترێت کەسێک جێی متمانەیە، مانای وایە متمانەپێکراوە، هەروەها (خۆبوون – النفس)یش لە ڕووی زمانەوانییەوە بە واتای خودی کەسەکە دێت لێرەدا، و زمانناسانی عەرەبیش ئەم دوو بەشەیان (الثقة بالنفس – متمانە بە خۆبوون)یان بە جیا پێناسە کردووە.
هەروەها لە ڕووی پێناسەی چەمکەمیشەوە زانایانی تەفسیر بە شێوازێکی سەریح پێناسەیان نەکردووە، بەڵکوو متمانە (الثقة) بە شێوەی ناڕاستەوخۆ باس کراوە لە بۆ تەفسیری بەشێک لە ئایەتەکان کە تێیدا (الثقة) بە مانای تەوەکولکردن و پشت بەستن بە الله دێت، و هەرگیز (الثقة) بە هاوبەشی و ئاوێتەیی لەگەڵ (النفس) پێکەوە نەهاتووە. واتە: لە هەموو کار و کردەوەیەکماندا بە دڵ و گیان و ڕۆح پشت بە خوا ببەستین و بۆ ئەنجامدانی کردەوەکانیش هۆکارەکان بگرینە بەر!
هەروەها متمانە (الثقة) لای زانایانی فەرموودە و زانایانی الجرح والتعدیلیش نزیکە لە ڕووە زمانەوانییەکەیەوە و مەبەست لێی لەو کەسەیە کە بە شێوەیەکی گشتی باوەڕ و متمانەپێکراوە، واتە: ئەو کەسەی کە لە ڕووی گواستنەوەی فەرموودەوە لە پێغەمبەری خوداوە (ﷺ) بە شێوەیەکی گشتی متمانەپێکراوە، و خودی متمانە بە خۆبوون پێکەوە لای ئەم زانایانە نەهاتووە و تەنها متمانە و باوەڕپێبوون هاتووە و دراوەتە پاڵ کەسەکە لە گێڕانەوەی فەرموودەدا.
بەڵام متمانە (الثقة) لای پسپۆڕانی زانستی دەروونی چەمکێکی زۆریش گرنگە و کۆمەڵێک پێناسەی بۆ کراوە و بە گشتی لای ئەمان پەیوەست کراوە بە دوو لایەنی پەیپێبردنی مەعریفی و لایەنی ڕەفتاری، لایەنی مەعریفی: بریتییە لە ئاگاداریی خودی کەسەکە لە خۆی و قبووڵکردنی خۆی و زانینی سنوورەکانی، هەروەها لایەنی ڕەفتاریش: بریتییە لەوەی کە بە کردارەکان نوێنەرایەتی دەکرێت کە ئاماژەیە بۆ توانای مرۆڤ بۆ مامەڵەکردنێکی کاریگەر لە کاتی ئەو بارودۆخانەدا کە دەیانخاتە ڕوو.
پرسەکەمان لێرەدا دەست پێ دەکات کاتێک لە خولەکانی گەشەپێدانی مرۆیی (نەک سەرچاوەکانی گەشەپێدانی مرۆیی) و بەشێک لە کتێبە وەرگێڕدراوەکانی نێو ئەم قوتابخانەیە کە لە پاش شەستەکاندا لە نێو جەرگەی پەیمانگای ئیساڵینەوە لە ئەمریکا هاتنە کایەوە و وتیان خودا جەوهەری ئێمەیە و هەر یەک لە ئێمەی مرۆڤ خوایەکی تێدایە و پێویستە بە خەبەری بهێنین، و ئەم خوایە هێزێکی ئێمەیە و ئیتر پێویستە پشتی پێ ببەستین و بەم متمانە بە خۆبوونە دەتوانین ئەوەی بمانەوێت بە دەست بهێنین و بیخولقێنین و خولقێنەر و خالق هەر خۆمانین (حاشا لله) لەم جیهانەدا و خودا لە ئێمە و ئێمەش لەوین و یەکین!
هەر لەم فەلسەفەیەوە، فەلسەفەی بزووتنەوەی سەردەمی نوێ لە دایک دەبێت، و هاواری لێ هەڵدەستێت و بانگ بۆ بە خوابوونی مرۆڤ دەکات (حاشا لله).
لێرەدا پێویستە بزانین جیاوازیی نێوان حیکمەی متمانە بە خوابوون و فەلسەفەی متمانە بە خۆبوون لە چیدایە؟
لە حیکمەتی ئیسلامیدا متمانە بە خوابوون بوونی هەیە و لەسەر بنەمای پەیاکانی ئیمان و ئیسلام بنیاتنراوە، و مرۆڤیش هۆکارەکان دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی بگات بەو ئامانجەی کە لە بەرنامەی خواییدا بە ڕێگای پێغەمبەران علیهم السلام و پێغەمبەرمان (ﷺ) پێشکێشمان کراوە و بۆمان دانراوە، و ئەو تەمەنەی لەم ژیانەدا بۆی دیاری کراوە پرۆسەی چاکسازی لە عەقڵ و دڵ و دەروون و ڕۆحیدا ئەنجام بدات بۆ ئەوەی ژیانی دونیایی پێ چاکساز و ئاوەدان بکات، و لێرەشەوە بگات بە چاکسازبوونی دوارۆژی و ژیانی ئاخیرەتی و پلەی فەلاح بە دەست بهێنێت!
بەڵام بە پێچەوانەوە لە فەلسەفەی قوتابخانەی گەشەپێدانی مرۆیی - خوددا متمانە بە خۆبوون بوونی هەیە، و لەسەر بنەمای یەکێتیی بوون و بە خوابوونی مرۆڤ بنیاتنراوە، و پێویستە لە ناوەوەی خۆتەوە پرۆسەی متمانە بە خۆبوون ئەنجام بدەیت، تا هەموو ئامانجەکانی بوونت دەخوڵقێنی، و هەموو خۆشی و ناخۆشی و تەندروستی و نەخۆشی و سەرکەوتن و شکستن هەموویان خۆتی و لە ناوخۆی خۆتەوەیە و بە خۆتەوە بەندە!
چونکە متمانە بە خۆبوون لە فەلسەفەی ئەماندا پرۆسەیەکی ناوخۆییە هەر لە بنەڕەتدا حیکمەی متمانە بە خوابوونی ئیسلامی ڕەت دەکاتەوە و لە تەرازووی هاودژبووندان!
نموونەی جەنگی غەززە لە نێوان حیکمەی متمانە بە خوابوونی ئیماندارانی غەززە و متمانە بە خۆبوونی نەیارانی زلهێزانی جیهاندا:
ئاماژەیەک لەم نموونەیە: فەرموون جیهان هەمووی بە چاوی سەر و چاوی عەقڵ و چاوی دڵ بینیان کە چۆن زایۆنی داگیرکەر بە پاڵپشتی ئەمریکای گەورە زلهێزی جیهان و زلهێزانی هاوپەیمانانی ڕاستەوخۆ و لە نێو ڕاگەیاندنەکانی جیهاندا فەلسەفەی متمانە بە خۆبوونی لێدا و بڕیاری دا لە ژێر و سەری زەوی غەززە بکاتە خۆڵ و تەخت بکات، چونکە لەوپەڕی متمانە بە خۆبووندا بوو کە ئەوەی ئەو لە باشترین چەکی مۆدێرن و تەکنیک و پاڵپشتی سەربازی و ئابووری و پلە یەکی لە دەست و پشتە و بوونی هێزێک نییە لە سەروی ئەو و ئەم (کن فیکون)ە (حاشا لله).
بەڵام ئیماندارانی غەززە لەوپەڕی متمانە بە خوابووندا و لە ژێر سێبەری پەیامی ﴿كَم مِّن فِئَةٍ قَلِيلَةٍ غَلَبَتْ فِئَةً كَثِيرَةً بِإذْنِ اللَّهِ وَاللَّهُ مَعَ الصَّابِرِينَ﴾ [البقرة: ٢٤٩]، و ﴿لَقَدْ نَصَرَكُمُ اللَّهُ فِي مَوَاطِنَ كَثِيرَةٍ وَيَوْمَ حُنَيْنٍ إِذْ أَعْجَبَتْكُمْ كَثْرَتُكُمْ فَلَمْ تُغْنِ عَنكُمْ شَيْئًا وَضَاقَتْ عَلَيْكُمُ الْأَرْضُ بِمَا رَحُبَتْ ثُمَّ وَلَّيْتُم مُّدْبِرِينَ﴾ [التوبة: ٢٥] بەرخودانانە نەوەستان، و دەرئەنجام واقیعی فەلسەفەی متمانە بە خۆبوون و حیکمەی متمانە بە خوابوون لە گۆڕەپاندا نیشان دا!
سەرباری ئەمە واین دایر کەسایەتییەکی دیاری نێو بواری گەشەپێدانی مرۆیی و گەشەپێدانی خود بوو و لە بەشێک لە کتێب و ڤیدیۆکانیدا بڕوای بە فەلسەفەی متمانە بە خۆبوون هەبوو و مرۆڤی کردە خالق، کەچی خالق بوونی لە 2015دا نەیتوانی لە نەخۆشییەکەی ڕزگاری بکات و کوشتی! هەروەها ئۆشۆ لەو پەڕی فەلسەفەی متمانە بە خۆبووندا بوو، تەنها ئیمانی بە خوایەک هەبوو کە ئێمەی مرۆڤین، لێ ئەم متمانە بە خۆبوونە لە سەرە مەرگدا نەیتوانی فریای کەوێ و هاواری لێ هەڵساند و وتی جەستەم لێ وەرگرنەوە وەکوو دۆزەخی لێ هاتووە!
کەواتە: مرۆڤ دەسەڵاتێکی ڕەهای نییە و لاوازە، و مرۆڤەکان هەڵە دەکەن و لەبیرچوونیان هەیە، و هەمیشەش پێویستیان بە ڕێنمایی و پشتیوانیی دەرەوەی خۆیان هەیە، و پشت بەستن بە خۆبوونی ڕەهاش هۆکاری خۆ بە زلزانین و هەڵەکردنە، و سەرکەوتنی ڕاستەقینە لە ڕێگای متمانە و پشت بەستن بە خوداوە سەرچاوە دەگرێت، و سەرکەوتن تەنها لە هێزی مرۆڤەوە نایەت.
دەرئەنجامیش: بەو پێیەی مرۆڤ لاوازە، و سەرکەوتن تەنها بە پشت بەستن بە خۆت بە دەست نایەت، و متمانەی ڕەها بە خۆبوون ڕەتدەکراوەیە، دەبێت متمانە بە خوابوون لە پێش هەموو شتێکەوە بێت، و پاشان بەو توانایانەی کە خودا بە مرۆڤی بەخشیوە.
نووسین/ عەلی محەمەدکەریم تاڵەبانی - پسپۆڕ لە پەروەردە و فەلسەفەی ئیسلامی (لێکۆڵەری دکتۆرا لە فەلسەفەی ڕۆح)
سەرچاوە:
لە لێکۆڵینەوەی فەلسەفەی ئیلحادیی ڕۆحی، عەلی محەمەدکەریم، لێکۆڵینەوەکە بڵاو نەکراوەتەوە.