لاوازی چێندراو
لاوازی چێندراو
پاش ماوەیەکی زۆر پشکنین و بەدواداچوون، بۆم دەرکەوت کە گەورەترین سەرکەوتن دوژمنانمان بەدەستی بهێنن بەسەرماندا ئەوەیە کە لاوازی بچێنن تیاماندا، و بڕۆن! هەر خۆمانین، نە شمێرەکانیان لەسەر گەردنمانە، نە قامچییەکانیان لەسەر پشتمانە، نە کۆت و زنجیریان لەدەستمانە، نە لەژێر چاودێریانداین.
سەرباری ئەوەش هەست بە شكست دەکەین، بە لاوازی، بە بچووک تەماشاکردنی خۆمان، بێکەڵکی هەر ئیشێک کە بیکەین، هەر دەستپێشخەرییەکیش بکەین بۆ چاککردنی بارودۆخمان ئەوە پێش لەدایکبوونی لەباری دەبەین، بۆیە هەر هەوڵ نادەین! بەڵکوو هەندێکمان گەشە بەم هەستە لەناوبەرە دەدات لەوانی دیکەدا، لەڕێی ئەو قسە نەرێنیانەی کە دەیهاوێژین.
بۆ ئەوەی تۆوی لاوازی بەزیندوویی تیاماندا بمێنێتەوە تەنیا ئەوە بەسە کە دوژمنانمان هەموو فەترەیک ئاوی بدەن، بە فشار خستنەسەر دەستپێشخەرییەکی هیوابەخش لێرە و، داخستنی دەرگایەکی خێر لەوێ، بە سوود وەرگرتن لە خراپ پێناسەکردنمان بۆ سەرکەوتن کە بیرمان دەچێت هەموو کارێکی خێر موسڵمانێک بە نیەتێکی باشەوە ئەنجامی بدات سەرکەوتنە و، ئەجرێکە کە چاوەڕێ دەکرێت بە کەڵەکەبوونی بەرەکەتی ئەو کارە و هاوشێوەکانی خوای گەورە دەرووی خێر لەم ئوممەتە بکاتەوە و، دەرچەیەکی بۆ بکاتەوە گەرچی ئەو خێرەش وا دەرکەوێت کۆتایی هاتووە.
وریای ئەم تۆوی لاوازییەی ناوت بە، سوێند بە خودا زیانی زیاترە بۆت لە هەموو چەکەکانیان، بۆیە دەبینیت خوای گەورە وریایی دەدات لەبارەی ئەم لاوازییە: ﴿وَلَا تَهِنُوا وَلَا تَحْزَنُوا وَأَنتُمُ الْأَعْلَوْنَ إِن كُنتُم مُّؤْمِنِينَ﴾ [آل عمران: 139]، «با سستی ڕووتان تێ نەکات و خەمیش مەخۆن، هەر ئێوەن کە سەردەکەون، ئەگەر بڕواتان بە خوا هەبێت».
هەوڵبدە وەک ئەوانە بیت کە پەروەردگار لەبارەیانەوە دەڵێت: ﴿فَمَا وَهَنُوا لِمَا أَصَابَهُمْ فِي سَبِيلِ اللَّهِ وَمَا ضَعُفُوا وَمَا اسْتَكَانُوا ۗ وَاللَّهُ يُحِبُّ الصَّابِرِينَ﴾ [آل عمران: 146]، «هەرچەند بەڵا لەڕێی خوا تووشی هاتن، نە هیچیانی سست کرد و نە زەبوونی ڕووی تێکردن. لەوانەی کە خۆڕاگرن، خوا خۆشی دێ».
ئارام بگرە، یەقینت بێت، کار بکە بێ بێزاربوون و، دڵخۆش بە بە ڕەحمەت و بەزەیی خودا، و ﴿سَيَجْعَلُ اللَّهُ بَعْدَ عُسْرٍ يُسْرًا﴾ [الطلاق: 7]، «خوا زوو لە پاش تەنگانە فەرحانی دێنێ».
پەرتووکی: مزگێنییەکان
نووسینی: دکتۆر ئیاد قونەیبی
#مزگێنییەکان
#ئاستانە_Astana
#پەرتووکەکانی_ئاستانە