ڕۆژئاوا چۆن گەلان قان دەدات بە بیروباوەڕەکانی

بۆمبی دوکەڵی ڕۆژئاوا

ڕۆژئاوا چۆن گەلان قان دەدات بە بیروباوەڕەکانی


یەکێک لە تەکنیکە هەڵخەڵەتێنەرەکانی ڕۆژئاوا ئەوەیە؛ شتێک بەکار دەهێنن بە ناوی تەکنیکی بۆمبی دوكەڵ (smoke grenade) کە ئەم بۆمبە بەکاردێت لە سەربازیدا بۆئەوەی دوکەڵێکی زۆر دروست بکات، بە جۆرێک دوژمن هیچ شتێک نەبینێت و شت لە شت جیا نەکاتەوە.


کاتێک کە شاڵاوی ئیلحاد لەسەر دەستی ڕۆژئاوا هاتە کایەوە، وەکوو بۆمبێکی دوکەڵ وا بوو، لە هەموو لایەکەوە تەنگیان بە ئاییندار هەڵدەچنی. بە جۆرێک لێشاوی فیکرەکەیان دەنارد کە مرۆڤی ئاییندار لە ڕۆژئاوا شەرم بکات کە بڵێت باوەڕم بە خودا هەیە، چونکە ئەوان بیروباوەڕە ئیلحادییەکانیان بەو پەڕی متمانەبەخۆبوون و گاڵتەجاڕی بە بەرانبەر تەرح دەکرد، لەگەڵیدا دەیان لۆبی و سەدان دامودەزگای میدیایی و سەنتەری ئەکادیمی پاڵپشتی دەکردن، ئەوانەشی لە مەسیحییەکان وەڵامیان دەدانەوە بەشی پێویست نەبوو.


ئەم تەکنیکەیان بەکار هێنا لە هێنان و بڵاوکردنەوەی چەندەها بابەت، «ئێدوارد فیسەر» لە پەرتووکی (the last superstition) باسی ئەوە دەکات کە دادگای کالیفۆرنیا هاوڕەگەزبازی و هاوسەرگیریی هاوڕەگەزبازەکان بە یاسایی کرا، خەڵک بە جۆرێک لە جۆرەکان بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لێیان بوو بە ئەمری واقیع، لە کاتێکدا چەند دەیەیەک پێش ئەو کاتە ئەگەر یاسایی بکرایە، خەڵک سەری دەسوڕما و بە وەحشیگەری لە قاڵبی دەدا، بەڵام هۆکاری ئەم قبووڵکردنە ئەو بۆمبە دوکەڵەیە کە لەناکاو میدیا و پارتە سیاسییەکان و هونەرمەندەکانی هۆڵیوود و ڕیکلامەکانی سەر جادە پشتگیری ئەو کارە دەکەن، بە تێکەڵکردنی باشە و خراپە بۆمبە دوکەڵینەکە چاوت کوێر دەکات و وات لێ دەکات ڕاستییەکان نەبینیت وەکوو خۆی، هەر بۆیە قبووڵی دەکەیت، بە هەمان شێوە فێمینیزم کە لە فەرەنسا بڵاو کرایەوە، سەرەتا هەوڵیان دەدا دەستەواژەی (منداڵ لەباربردن) بڵاو بکەنەوە، ئەگەر لە سنووری بە خراپ باسکردنیشیدا بێت.


بەڵام لە ئەنجامدا پرۆسەی لەباربردن ئاسایی بووەوە، ئەمیش بە هۆی زۆر باسکردنی و دووبارەکردنەوەی کە وای لێ دێت مرۆڤ هێندە کەوتووەتە ژێر کاریگەریی بۆمبەکەوە لەناو خۆیدا، دەڵێت ئەگەر دژایەتی شتانێکی لەم جۆرە بکەم -کە قبووڵێکی گشتی وەرگرتووە- من دەبم بە کەسێکی خورافی و ئەشکەوتی و هێرشم دەکرێتە سەر لە لایەن ئایینی عەلمانییەتەوە.


هەر بە ڕاستی ئەگەر یەکێک غوبار و دوکەڵ لە چاویدا بێت حەقیقەت و ڕاستی شتەکانی لێ ون دەبێت.

وەکوو شاعیر دەڵێت:

‏قد تنكرُ العينُ ضوءَ الشمسِ من رمدٍ

‏ويُنْكِرُ الفَمُ طَعْمَ الماءِ منْ سَقَمِ


دەکرێت چاو کە تەپوتۆز بچێتە ناوی ڕووناکی خۆر بەو گەورەیی و گەشییەوە نەبینێت و، دەمیش هەست بە ئاوخواردنەوە نەکات بە هۆی نەخۆشییەوە، بەڵام موسڵمان دەبێت خاوەن فیراسە و وریایی بێت، زۆر و بۆری گومڕایان وای لێ نەکات ڕێگای ڕاستی لێ ون ببێت و بیری بچێتەوە. ئازیزمان (ﷺ) دەفەرمووێت: «اتقوا فراسة المؤمن فإنه ينظر بنور الله».


بە ڕاستی موسڵمان دەبێت بە نووری خودا بڕوانێتە مەوجودات، بۆئەوەی ئەو غوبار و دوکەڵ و گومڕاییەی بڵاو دەکرێتەوە پێی کاریگەر نەبێت. ئەویش بە دەستگرتن بە پەیامی خودا و پێغەمبەرەوە بە تەبەنیکردنی توراس و مەرجەعییەتی مێژوو و یاخیبوون لە هەموو ئەم ناشازییە مۆدێرنەی کە هەیە.

2/28/2025 2:08:55 PM