چێشتخانە وەهمییەکەی باتلەر و زاڵبوونی وێنە بەسەر ناوەڕۆکدا!
چێشتخانە وەهمییەکەی باتلەر و زاڵبوونی وێنە بەسەر ناوەڕۆکدا!
لە ساڵی ٢٠١٧ ڕۆژنامەنووسی بەریتانی «ئۆباهـ باتلەر» تاقیکردنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سەیری ئەنجام دا کە چێشتخانەیەکی تەواو ساختە و وەهمی لەسەر ماڵپەڕی (TripAdvisor) دروست کرد، بەبێ بوونی خۆراک، یان کارمەند، یان شوێنێکی ڕاستەقینە و، ناوی لێ نا (The Shed at Dulwich). لە ماوەی شەش مانگدا ئەم چێشتخانەیە بووە ژمارە یەک لە لەندەن، بەبێ ئەوەی تێیدا هیچ خۆراکێکی ڕاستەقینە پێشکەش بکرێت، یان کەسێک سەردانی بکات.
باتلەر پشتی بە هەڵسەنگاندنی ساختە بەست کە هاوڕێکانی نووسیبوویان و، لیستێکی خۆراکی خەیاڵی دیزاین کرد بە ناوە سۆزدارییەکانی وەک «ئارامی و ئارەزوو️»، بیرۆکەی ئەوەی بڵاو کردەوە کە حیجزکردنی ژەمێک تێیدا شتێکی زۆر قورسە. سەیرەکەش ئەوە بوو کە خەڵک گومانیان نەکرد، بەڵکوو داواکارییان لەسەری زیادی کرد، چونکە وایان زانی کە دەگمەن و تایبەتە، هەر کات هەر کەسێکیش پەیوەندی بکردبایە، باتلەر دەیوت: "داوای لێبوردن دەکەین بۆ ماوەی ٦ هەفتەی داهاتوو بە تەواوی حیجز کراوین و داواکاری وەرناگرین."
ئەم چیرۆکە نیشانمان دەدات کە عەولەمە و سەرمایەداری چۆن ڕاستییەکی دروست کردووە کە تێیدا بەرهەمەکە بەکار ناهێنرێت، بەڵکوو «تێڕوانین» بەکار دێت، واتە تێڕوانینی کۆمەڵ بەها دەداتە شتەکان، هەروەها سەردەمی نوێ جیهانێکی بەرهەم هێناوە کە تێیدا وێنە لە ڕاستی زیاتر دەدوێت، سەرمایەداریی نوێ ڕەنگدانەوەی ئەوەیە چۆن «دەگمەنی و دەستنەکەوتن» بووەتە پایەیەکی سەرەکی بەبازاڕکردن.
فێڵەکە تەنیا کاتێک ئاشکرا بوو کە باتلەر خۆی چیرۆکەکەی ئاشکرا کرد. بەڵام پێش ئەوە، شەوێک نانخواردنێکی ئامادە کرد کە تێیدا چەند خۆراکێکی بەستوو و لە قتونراوی لە سووپەرمارکێتەوە هێنا و لە باخچەی ماڵەکەیدا پێشکەشی میوانەکانی کرد، لەگەڵ ئەوەشدا میوانەکان وتیان کە ژەمێکی زۆر تایبەت بووە.
چیرۆکەکە ئەو ڕاستییە دەردەخات کە لە سایەی سەردەمی نوێ و نوێگەری و سەرمایەداری، تێڕوانینی کۆمەڵ و هەستی دەگمەنی و وێنە دەستی بەسەر ناوەڕۆکدا زاڵە.
#ئاستانە_Astana