ڕۆژئاوا بتەکانی دەخوات!
ڕۆژئاوا بتەکانی دەخوات!
سێ چوار سەدەیە ڕۆژئاوا بەردەوام وانەی ئەخلاق، ئازادیی، دادپەروەریی، مرۆڤایەتی، شارستانییەت و پێشکەوتن دەڵێتەوە، ڕۆژئاواییەکان پێیان وایە گەیشتوونەتە لوتکەی مرۆڤایەتی و ترۆپکی شارستانییەت، بۆ ئەو مەبەستەش پێویست بوو بەرەو دەرەوە هەنگاوهەڵبگرن و خەڵکی دواکەوتوو و نەگبەت و کۆنەپەرست ئاشنا بکەن بەو شارستانییەتەی ئەوان پێی گەیشتوون.
لەو پێناوەشدا دەیان و سەدان دروشمی ئاڵ و واڵایان بەرز کردەوە، بۆ سەپاندنی ئەو دروشمە لەخشتەبەرانەش دەیان وڵاتیان وێران کرد و، داهاتی سەرزەوی و ژێرزەوی ئەو وڵاتانەیان برد، جگە لە ڕشتنی خوێن و قڕکردنی خەڵکەکەی و سڕینەوەی کولتوور و شوناسی ئەو گەلانە.
بەڵام سەرەڕای ئەوەش لە جیهانی ئیسلامی، هەر لەسەرەتای بەرکەوتنی ڕۆژئاوا بە جیهانی ئیسلامی لە سەدەی هەژدە و بەدواوە، چەندین بیرمەندی ئیسلامی کەوتنە ژێر کاریگەری بیری ڕۆژئاواوە، بەشێکی زۆر لە بیرمەندان بەیار و نەیاری ڕۆژئاواوە، هەستان بە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی مێژوو و فیکری ئیسلامی لەژێر کاریگەری فیکر و تیۆرە ڕۆژئاواییەکاندا، ئەمەش وای کرد کە وێنای ڕۆژئاوا لە زیهن و فیکری تاکی موسڵماندا زۆر گەورە پیشان بدات.
هەتا گەیشتە ئەوەی وتە بەناوبانگەکە ببێتە دروشم و بەردەوام بوترێتەوە : "لە ڕۆژئاوا ئیسلامم دی موسڵمانم نەدی، لە ڕۆژهەڵات موسڵمانم دی ئیسلامم نەدی." ئەم وتەیە زۆرێکمان پێی کاریگەر بووین، ئەگەر بەدەمیش نەمانوتبێت ئەوا بە کردەوە باوەڕمان بەو وتەیە هەبووە.
ڕەنگە هەر کاریگەریی ئەم تێڕوانینانەش بێت کە ئەو هەموو خوێن و وێرانکارییەی دەوڵەتانی عالەمانی ڕۆژئاوا پێی هەستان بەو قەبارە و بارستاییەی خۆی نەم بینیبێت، بەردەوام پاساومان دابێت پێیان کە ئەوان لە پێناو مرۆڤایەتیی و نەهێشتنی توندوتیژی ئەو کارانە دەکەن، بەڵام ئێستا کە زنجیرەی تاوان و کردە تیرۆرستییەکانی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل و یارەکانیان درێژ دەبێتەوە و ناوەستێت لە ڕشتنی خوێنی خەڵکی بێتاوان، ئەبێ لە خۆمان بپرسین، نەک جارێک دەیان جار لە خۆمان بپرسین، چی بپرسین؟
دەبێت بپرسین: باشە تاکەی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا هەموو ڕۆژێک بە بەرچامانەوە بتەکانی خۆیان دەخۆن و، دروستی دەکەنەوە، دەیخۆن و دروستی دەکەنەوە، دەیخۆن و بە ئێمە دەڵێن بیپەرستن، بتەکانمان بپەرستن، تاکەی ئێمە لەم بتانە دوور نەکەوینەوە و، فڕێیان بدەینە دەرەوە و ڕازی نەبین بەردەوام بمانخەڵەتێنن و شەڕی بتە درۆینەکانی ئەوان بکەین، لە کاتێکدا خۆیان هەموو ڕۆژێک بتەکانیان دەخۆن و دەیانخەنە ژێر پێیانەوە.
لەم وتارەدا باسی ئەوە دەکەین کە چۆن ڕۆژئاوا هەر لەسەرەتای پرۆسەی ئیستیعمار و دۆزینەوە جوگرافییەکانەوە خەریکی خواردنی ئەو بتانە بوون کە دروستیان کردوون، بەڵام ئێمە نادیدەمان گرتووە و پشتگوێمان خستووە، لەم وتارەدا دەبینین کە چۆن هەر لەسەرەتاوە بە کۆمەڵکوژی دەستیان پێ کردووە هەتا ئەمڕۆ کە مانگی پێنجی ساڵی ٢٠٢٥، دەبینین ئەوان لەسەر یەک هێڵ ڕۆیشتوون و هەنگاویان هەڵگرتووە، یەک بنەمایان جێبەجێ کردووە، ئەوان سالار و سەرداری ئەم زەوییەن و ئاساییە هەر میکانیزمێک بەکار بهێنن هەتا جگە لە خۆیان بکەنە خزمەتکار و بەردەستی خۆیان.
تەوەرەی یەکەم
ڕۆژئاوا و جینۆساید
چەمکی کۆمەڵکوژی یان ئیبادەتی جەماعی وەرگێڕانی چەمکی (Genocide) سەرەتا ئەم چەمکە لە لایەن «ڕافائیل لومکین»ـەوە داڕێژرا و ئەم مەفهوومەی ئێستای وەرگرتووە، کۆمەڵکوژی بەواتای ئەوە دێت: " تەدمیر و و لەناوبردنی گەلێک یان گرووپێکی عیرقی، ئەم چەمکە نوێیە و لە وشەی یۆنانی (genos) کە بەواتای «عیرق یان خێڵ» دێت، هەروەها وشەی لاتینی (cide) کە بەواتای «کوشتن» دێت.(١)
لومکین کە خۆی جـ.ـوولەکەیەکی پۆڵندی بووە لە سییەکانی سەدەی بیست وردە وردە سیاغەی چەمکەکەی کردووە، سەرەتا بە بەکارهێنانی چەمکی بەربەرییەت، هەروەها بەکارهێنانی چەمکی وێرانکردن، دواتر لە ساڵی ١٩٤٤ کتێبەکەی لەسەر جینۆساید بڵاو کردەوە.(٢)
ڕافائێل لومکین ئاماژە بەوە دەدات کە جینۆساید دوو قۆناغ لەخۆ دەگرێت:
یەکەم: وێرانکردن و خاپوورکردنی شێوازی ژیان و کولتووری گەلی داگیرکراو و ژێردەستە.
دووەم: داگیرکەر هەڵدەستێت بە سەپاندنی شێوازی ژیان و کولتووری خۆی بەسەر گەلی ژێردەستە کاتێک ڕێگە بە مانەوەی گەلە ژێردەستەکە دەدەن، یاخود هەموو گەلە ژێردەستەکە دەردەکەن و خۆیانی تێیدا نیشتەجێ دەبن.(٣) ئەو لەناوبردنەش مەرج نییە بەخێرایی و کوتوپڕی بێت، بەڵکوو کۆتاییهێنان و وشککردنی سەرچاوە سەرەکییەکانی ژیانی گەلێکە بەشێوەیەکی ڕێکخراو، بە ئامانجی بەهیلاکچوونی ئەو گەلە، ئەم پرۆسەیەش جینۆسایدە. لەم ڕوانگەیەوە جینۆساید واتا:"پرۆسەیەکی گشتگیرە کە هێزێک هێرش دەکات بۆ وێرانکردن و لەناوبردنی نەهج و شێوازی ژیانی گەلێک و وێرانکردنی دامەزراوە و دامودەزگاکانی."(٤)
کۆمەڵکوژی زۆر بەقووڵی پەیوەندی هەیە بە بابەتی ئیستیعمارەوە، مۆزس ئاماژە بەوە دەکات کە "پرۆسەی جینۆساید لە جەوهەردا پرۆسەیەکی ئیستیعمارییە، لەم ڕوانگەیەشەوە پرۆسەی ئیستیعمار بە جینۆساید دادەنرێت."(٥)، وڵاتانی ڕۆژئاوا لەو وڵاتانەی چوونەتە ناوی و داگیریان کردووە چەندین کۆمەڵکوژییان کردووە و، کولتوور و ڕۆشنبیری ئەو گەلانەیان لەناو بردووە و وێرانیان کردووە، چەندین توێژەر و لێکۆڵەریش ئاماژەیان بەوە کردووە کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەیە لەنێوان ئیستیعمار و پرۆسەی کۆمەڵکوژیدا.
بەپێی چەند ئامارێک ژمارەی ئەو هندییە سوورانەی کە لەناوبراون ژمارەیان دەگاتە ١١٢ ملیۆن کەس، مونیر عەکش دەڵێت: "دامەزراوەی «سمیشسونیان» کە دامەزراوەیەکی فەرمی بووە، بۆ ماوەیەکی درێژ ژمارەی دانیشتووانی ئەمەریکای باکوری دیاری کردووە و، وتوویانە لە یەک ملیۆن تێناپەڕێت لەو کاتەوەی کۆڵۆمبس بۆ یەکەم جار چووەتە ئەوێ، دوای ئەوەی ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بوونەوە ملیۆنێکی تریان خستە سەری. نە ژمارەی یەکەمیان و نە ژمارەی دووەمیان پشتیان بە توێژینەوەی زانستی نەبەستووە، بەڵکوو خەمڵاندنەکانیان وەک هەڵدانی زار وابووە.
«فرانسیس جینگیز» سەرۆکی پێشووی کۆمەڵەی ئەمریکی بۆ توێنژینەوەی عیرقی و، بەڕێوەبەری پێشوو لە سەنتەری مێژووی ئەمریکییەکان دەڵێت: "خەمڵاندنەکانی سمیشسونیان زۆرینەی لەسەر گریمانەی ناڕاست بینا کراوە کە لەپشتییەوە پاڵنەرێکی ڕەگەزپەرستییانە هەبووە."
لە پەنجاکانی سەدەی بیست زانکۆی کالیفۆڕنیا لە بێرکلی، هەستا بە بەدواداچوون بە پشبەستن بە زانستی شوێنەواری کوشتوکاڵی، گەیشتن بەوەی کە ژمارەی دانیشتووانی ئەمەریکا لەو کاتەی کۆڵۆمبس گەیشتووەتە ئەوێ زیاتر بووە لە ١٠٠ ملیۆن، بە جێبەجێکردن و بەکارهێنانی ئەو میکانیزمە لە لێکۆڵینەوە، هێنری دوبۆینز دەگاتە ئەوەی ژمارەی دانیشتوانی ئەمەریکا لە دەورووبەری ١١٢ ملیۆن کەسدا بووە، هەژدە ملیۆن و نیوی لە ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئێستادا ژیاون."(٦)
لە وڵاتانی ئەفەریقیا و ئوستورالیاش هەمان مەجزەرە دووبارە کراونەتەوە، هەروەها لە جیهانی ئیسلامیش بە هەمان شێوە. ڕابیتەی جەزائیری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە ڕابیتەیەکی سەربەخۆیە لە حوکوومەت، بە بۆنەی تێپەڕینی ٥٤ ساڵ بەسەر ئازادبوونی جەزائیردا لە پێنجی تەمووزی ساڵی ١٩٦٢، ژمارەی ئەو جەزائیریانەی کە کوژراون لە سەرەتای داگیرکردنییەوە لەلایەن فەڕەنساوە هەتا ئازادکردنی جەزائیر (١٨٣٠-١٩٦٢) زیاترە لە ٩ ملیۆن کەس، بۆ ئەمەش پشتیان بەستووە بە لێدوانی پسپۆرانی بواری مێژوو لە فەڕەنسی و جەزائیری.
ڕابیتەکە ڕایگەیاند کە شەهیدەکانمان لەو ڕۆژەوەی فەڕەنسا پێی خستووەتە جەزائیرەوە لە ملیۆن و نیوێک تێپەڕیوە، ئەویش لەبەرئەوەی ژمارەیان زیاترە لە نۆ ملیۆن، ئەوەش بەپێی ئەرشیفی فەڕەنسی تایبەت بە ماوەی داگیرکردنەکە، هەروەها بە پشبەستن بە کتێبەکانی مێژوونووسە فەڕەنسییەکان، لەنێوانیاندا مێژوونوووسی چەپ، جاک جورکی، کە پێی ڕاگەیاندین فەڕەنسا ١٠ ملیۆن مرۆڤی کوشتووە لە جەزائیر لە سەردەمی ئیستیعماردا.
هەروەها بەپێی توێژەری بواری مێژوو (محمد الحسن زغیدی) دەڵێت ژمارەی قوربانییەکان نۆ ملیۆنن، لەنێوان ساڵانی ١٩٥٤ – ١٩٦٢، واتە لە ماوەی حەوت هەشت ساڵدا ئاماری فەرمیی قوربانییەکان ملیۆن و نیوێکە، بەڵام نازانرێت بە وردی لە ساڵی ١٨٣٠-١٩٦٢ ژمارەی قوربانییەکان چەندن.(٧)
ئەمە جگە لەوەی لە وڵاتانی تری ئیسلامی هەزاران کەس بوونەتە قوربانی و وڵاتیان وێران کراوە، یەکێک لەو کۆمەڵکوژییانەی لە سەدەی بیست ئەڵمانیا ئەنجامی دا کۆمەڵکوژی گەلی «هیریرۆ» بوو، ئەڵمانەکان لە ساڵی ١٩٠٤ سەرنجیان خستبووە سەر تاقیکردنەوە پزیشکییەکان، بەتایبەت تاقیکردنەوەکانی «ئیگوین فیشەر» پسپۆڕی بۆماوەزانی، فیشەر بابەتی توێنژینەوەکەی لێکدانی ڕەگەزەکان بوو لە هیریرۆ، هەستا بە هێنانی ژنانی هیریرۆیی و پیاوانی ئەڵمانی، دواتر بزانێت ئەو منداڵەی لێیان دەکەوێتەوە چۆنە.
فیشەر دەربارەی ئەو منداڵە دوو ڕەگەزانە دەڵێت: لەدایکبووانی (هیریرۆ – ئەڵمانی) کە تێکەڵی دوو نەسلە، لە ڕووی جەستەیی و ئەقڵییەوە نزمترن لە باوکە ئەڵمانییەکانیان، هیتلەر کتێبەکەی فیشەری خوێندووەتەوە ئەو کاتەی لە زیندان بووە، دواتر فیشەر لە زانکۆ وانەی دەوتەوە، یەکێک لە دیارترین خوێندکارەکانی فیشەر «جۆزێف میخایلی» بوو کە چەندین تاقیکردنەوەی قیزەونی لە ئۆشفیتز ئەنجام داوە.(٨)
ئەم کارانەش بەبێ پێشینە نەبوون، بەڵکوو لەسەر بنەمای دابەشکاریی عیرقی دامەزراو بوون، کە تائێستاش ڕۆژئاوا عیرقی سپی بەبەرزترین ڕەگەزی مرۆڤ دەزانێت، سیگمۆند باومان ئاماژە بەوە دەکات لە سەردەمی ڕۆشنگەرییدا سروشت بە خودا کرا، زانست ئایینە پاکەکەیی و، زانایان پێغەمبەرەکەیین.
هەموو شت قابیلی ئەوە بوو بخرێتە ژێر لێکۆڵینەوەی بابەتی و دەتوانرا دەربارەی هەموو شت بزانین بە یەقین و متمانەوە، دەتوانرا بەم میتۆدە لە جوانی، خێر و شەڕ، هەموو شت بخرێتە ژێر لێکۆڵینەوەیەکی مەنهەجیی وردەوە، هەروەها تەنیا لەڕێگەی تێبینی ورد و زانستییەوە دەتوانرا مەعریفە بەدەست بێت و بابەتەکان یەکلا بکرێنەوە.
ئەوەی سەردەمی ڕۆشنگەری دایڕشت بۆ دیاریکردنی جێگای دروستی مرۆڤ لە سروشتدا، لە چوارچێوەی تێبینی و پێوانەکردن و بەراوردی نێوان مرۆڤەکان و ئاژەڵدا. لێرەوە هەستان بە توێژینەوە لە جەمجەمە و کەللـەسەر و بەراوردکارییان، لێرەشەوە هاتن جیاوازییان کرد لە نێوان مرۆڤەکاندا، ئەورووپی، ئەفریقی، ئاسیایی... لێکجیاکرانەوە، زانایانیش نەیانتوانی ئەو سەرکەوتنە ماددیە بابەتییەی ئەورووپییەکان پێیگەیشتبوون و میللەتانی تر پێیگەیشتبوون پشتگوێ بخەن.
هەر بۆیە «کارڵ لینایۆس» باوکی تەسنیفی زانستی هەستا بە تۆمارکردنی جیاوازییەکان لەنێوان دانیشتوانی ئەورووپا و دانیشتوانی ئەفریقا، گەیشتە ئەوەی عیرقی سپیپێست عیرقێکی داهێنەر و ڕێکخراوە... بەڵام زنجەکان تەمبەڵ و لادەر و بێتوانان لە بەڕێوەبردنی خۆیان، لێرەوە سپیپێست باڵایە بەسەر عیرقی ڕەشدا، هەروەها «گۆبینۆ» باوکی عنسورییەتی زانستی پێی وایە عیرقی ڕەش تەمبەڵن و زیرەکییان کەمە و شەهوانین، بەڵام عیرقی سپی عاشقی ئازادیی و شەرەف و هەموو شتێکی مەعنەوین.(٩)
جگە لە باومان چەندین کەسی تر ئاماژەیان بەو پەیوەندییە کردووە لەنێوان کۆمەڵکوژیی و پرۆسەی ئیستیعمار، «هانا ئارێند» یەکێکە لەو توێژەرانەی لەو بوارەوە قسەی کردووە، ئارێند باسی ئەوە دەکات کە بڵاوبوونەوەی بانگەشە ئیمپریالییەکان بۆ باڵادەستی ئیستیعماری و خزانی ئەورووپی بەرەو ئەنجامدانی کوشتوبڕ و کاری ئابڕوبەرانە، هانا ئارێند دوودڵ نییە لەوەی کە لە هەیمەنەی ئیستیعماریدا بە تایبەت ڕۆشتنیان بەرەو ئەفریقا کە داماڵرابوو لە هەموو پێوەر و زەوابتێکی ئەخلاقی، کۆبوونەوەی کۆمەڵێک پێکهاتە دەتوانن حوکوومەتێکی دیکتاتۆری دروست بکەن لەسەر بنەمای عیرق، وەک چۆن خۆی نمایش کرد لە نازییەکاندا، لەگەڵ لەبەرچەواگرتنی دەزگا بیرۆکراتییەکان و کوشتنی چڕوپڕ.
«ئیدوی بلینیل» ئاماژە بەوە دەکات کە لەسەر شێوازی هەڵگەڕانەوەی سیحر بەسەر ساحیردا، وەحشییەتی ئیستیعماری هەڵگەڕایەوە بەسەر خۆیدا، کاتێک وەحشگەلێکی شارستانی بەرهەم هێنابوو. لەساتێکدا کە پێی وابوو کە لەدەرەوەی خۆی خەریکی بەشارستانیکردنی وەحشەکانە، وەک چۆن بە شێوەیەکی نایاب مێژوونووسی ئیتاڵی «ئینزۆ تراڤێرسۆ» لە توێژینەوەیەکیدا بە ناونیشانی"توندوتیژی نازی: جینالۆجیای ئەورووپی" خستوویەتییە ڕوو کە ئاماژە بەوە دەکات گەشەکردنی ئیستیعمار لەگەڵ گەشەکردنی ئایدۆلۆژیای ڕەگەزپەرستی پشتبەستوو بە عیرق تەواو هاوکات و ڕێکن.(١٠)
کاتێکیش نازییەکان ڕووخان، هاوپەیمانەکان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا دونیایان وێران کرد، ئەمریکا بۆ یەکەم جار بۆمبێکی بەکار هێنا کە پێشتر بەکاربنەهێنرابوو، بۆمبەکە (١٢.٥٠٠) تەن بوو، ئەمریکا بەو بۆمبە دای لە هێرۆشیما و دواتریش ناکازاکی، زیاتر لە ٧٠ هەزار ڕاستەوخۆ مردن، بە هۆی کاریگەری بۆمبەکەوە هەتا کۆتایی دیسەمبەری ساڵی ١٩٤٥، ژمارەی قوربانیان گەیشتە ١٤٠ هەزار، بەپێی دواهەمین سەرژمێری، ژمارەی کوژراوانی کارەساتی هێرۆشیما ٢٤٢ هەزار کەسە، ئەمە جگە لەوەی دوای چەندان ساڵ و هەتا ئێستاش کاریگەری ئەو بۆمبە هەر ماوە.(١١)
تەنانەت ڕۆژئاواییەکان لەو پرۆسە کۆمەڵکوژیانەشی کەوتوونەتە دەرەوەی خۆیان وەک ڕاوێژکار بەشدارییان کردوە، لەو بارەیەوە «نورمان نایمارک» دەڵێت:" هانا ئاڕێند لە یەکەمین ئەو کەسانەیە کە تێبینی ئەوەی کردووە پەیوەندی هەبووە لەنێوان کۆمەڵکوژییەکاندا، تێبینی ئەوەی کردووە کە دڕندەیی و وەحشییەت و عونسورییەتی ئیستیعماریی کاریگەری هەبووە لە گەشەکردنی سیاسەتی کۆمەڵکوژی لە لای هیتلەر لە ئەورووپا، هیتلەر ئەو کوشتنە بەرفراوانەی دەوڵەتە ئیستیعمارییەکان بەرانبەر گەلە ڕەسەنەکان ئەنجامیان داوە، لە کۆڵۆنییەکانی فەڕەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا و ئەڵمانیا بەشێوەیەکی تایبەت، ئەمانەی گۆڕیی و وەریگێڕان بۆ کردە کۆمەڵکوژییەکانی لە جەنگی جیهانیی دووەمدا.
هەروەها چەند مێژوونووسێک تێبینی ئەوەیان کردووە کە جۆرێک لە بەردەوامی هەبووە لە سیاسەت و جێبەجێکارانیدا، لەنێوان هەوڵەکانی سوپای ئەڵمانی بۆ لەناوبردنی گەلی هیریرۆ و ناما لە باشوری ڕۆژئاوای ئەفریقا لەنێوان ساڵانی (١٩٠٤-١٩٠٧)، بەشێک لەوانەی لەو پرۆسەیەدا بەشدار بوون وەک ڕاوێژکار لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان بەشدار بوون لە ساڵی (١٩١٥) هەروەها «فیرماخت» ڕۆڵی هەبووە لە هۆڵۆکۆستدا.
هەروەها نایمار باسی ئەوە دەکات کاتێک ئەڵمانیا هێرشی کردووەتە سەر پۆڵندا، هیتلەر بە جەنەڕاڵەکانی وتووە: کێ ئەمڕۆ باسی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان دەکات سەرەڕای هەموو ئەوەی ڕووی داوە؟ هەروەها هیتلەر نموونەی بە جەنگیزخان هێناوەتەوە و وەسفی کردووە کە ئیمپراتۆریەتێکی گەورەی دروست کردووە."(١٢)
ڕۆژئاواییەکان ئەزموونێکی زۆریان هەبووە لە کۆمەڵکوژی و قڕکردنی گەلاندا، چونکە بۆ چەندین سەدە لە دەرەوەی خۆیان هەستاون کۆمەڵکوژی گەلانی تریان کردووە، چەندین شێواز و ڕێگای جۆراوجۆریان تاقی کردووەتەوە و ئەزموونێکی زۆریان کەڵەکە کردووە لە کۆمەڵکوژییەکاندا.
هەر لە سەردەمی دۆزینەوە جوگرافییەکانەوە هەتا ئەمڕۆ سەدان جار کۆمەڵکوژی میللەتانیان کردووە، بە دەیان جۆر و شێوازی جیاواز، ئەوەش نییە بڵێین یەک ئاراستە، یان هەڵگرانی فەلسەفەیەکی دیاریکراو کۆمەڵکوژیی و توندوتیژی زۆریان ئەنجام داوە و، ئەوانی تر وا نەبوون، بەڵکوو لە لیبراڵەکانەوە، بۆ جمهوریی و چەپەکان، هەموویان بەشدار بوون لەو پرۆسەکانی کۆمەڵکوژیدا.
ئەگەر تەماشا بکەین دەبینین لەسەردەمی ئیستیعماردا بەگشتی هەموو دەوڵەتانی ڕۆژئاوا کۆمەڵکوژییان ئەنجام داوە، کاتێکیش دێینە سەدەی بیست بەشێکی ئەو کۆمەڵکوژییانە ڕووبەڕووی خۆیان دەبێتەوە، لە فاشییەتی ئیتاڵی، نازییەتی ئەڵمانی، مارکسی – لینینی، مارکسی – ماوی، عالەمانییەکانی فەڕەنسا، لیبراڵییەکان.... هەموویان بەشدار بوون، کاتێک هیتلەر دەکەوێت هاوپەیمانان کوشتوبڕ و دەستدرێژییەکی سێکسی زۆر دەکەنە سەر ژنان و پیاوانی ئەڵمانی، دواتر بە چەکی ئەتۆم لە یابان دەدەن، تەنانەت وڵاتانێکی وەک عێراق کە چەکی کیمیایی بەکار هێناو خەڵکێکی زۆری کوشت هەر لەوانی کڕیبوو، ئاگاداریش بوون چی ڕووی داوە، بەڵام هەتا خۆیان بەرژەوەندییان نەکەوتە خستنی ڕژێمی بەعس هەڵوێستێکی وایان نەگرتە بەر، بەڵکوو حەساریان خستە سەر عێراق و خەڵکیان تووشی نەهامەتی و برسێتییەکی زۆر کرد.
دەبێت ئەوەش بزانین ڕۆژئاواییەکان هەستاون بە کەمکردنەوەی ئەو ژمارەی ئەو کوژراوانەی بە دەستی ئەوان کوژراون، بۆ نموونە کاتێک باسی ژمارەی قوربانییەکانی هندییە سوورەکان دەکەن دەیخەمڵێنن بە یەک دوو ملیۆن، لە کاتێکدا ناگونجێت و دیراسەی تریش هەیە کە ژمارەی زۆر زیاتر لێدەدەن، ئەوان وای پیشان دەدەن ئەو وڵاتانەی چوونەتە ناوی چۆڵ بووە و دانیشتووانی تێدا نەبووە، بەڵکوو ئاوا چەند هۆزێکی سەرەتایی تێدا ژیاون!
بەم جۆرە مێژوو دەشێوێنن و، ئەم مێژووە شێواوە لەڕێگای قوتابخانە و کتێبە مەنهەجییەکانیانەوە بە خوێندکاران دەدەن و خەڵکی لەسەر تەڵقین دەکەن، ئەم سیاسەتە هەتا ئەمڕۆش بەکارە، هەم ئەمریکا و هەم ئیسرائیل و وڵاتانی تریش بەکاری دەهێنن، کاریگەرییەکی گەورەشی لەسەر تێڕوانینی خەڵک بەگشتی داناوە، تەنانەت ئەوانەشی دژی خۆیانن.
هەروەها سیاسەتێكی تری زۆر زیرەکانەیان پەیڕەو کردووە، هەستاون بە ناشیرینکردنی بەرانبەرەکانیان، وێنەیەکی نەرێنیی و دزێویان داتاشیوە بۆ ئەو گەڵ و هۆزانەی کە ڕۆژئاواییەکان چوونەتە وڵاتەکانیانەوە و، داگیریان کردوون، کۆمەڵێک وێنەی نەرێنییان خستووەتە پاڵیان، بەجۆرێک کە ئەو گەلانەت زۆر ناشیرین دێتە پێشچاو.
دەتوانین چەند نموونەیەک بخەینە ڕوو هەتا بزانین چۆن لە کۆن و نوێدا ئەو سیاسەتەیان بەکار هێناوە، کاتێك ئیسپانییەکان چوونە ئەمریکا و، گەلەڕەسەنەکانی نیشتەجێی ئەمریکایان بینی، هەستان بە کوشتن و قڕکردنی گەلە ڕەسەنەکان، هەر لەو کاتەوە هەتا ئەمڕۆ موژدەدەرەکان و ڕەحالەکانیان کتێب و وتاریان نووسیوە دەربارەی سروشت و کولتوور و ئایینی ئەو گەلانە، کە دواتر گەشەیان کرد و لەنێو زانستی ئەنسرۆپۆلۆجیادا جێی کرایەوە، ئەنسرۆپۆلۆجیستەکان ئەو ئەرکەیان گرتە دەست کە پێشتر ڕەحالە و پیاوە ئایینییەکان پێهەڵدەستان، بەشێکی زۆری ئەو ئەنسرۆپۆلۆجیست و توێژەرانەش کەسانێک بوون بە دونیایەک پاشخانی ئایینی و کولتووریی و سیاسییەوە ڕۆیشتوون و، لێکۆڵینەوەکانیان ئەنجام داوە.
یەکێکیش لەو کەسایەتییە کاریگەرانەی کە هەر لە بەراییەکانی داگیرکردنی ئەمریکاوە بۆچوونی دەربڕیوە لەسەر هندییە سورەکان(١٣) «ئۆفیدۆ» بووە، ئۆفیدۆ لەبەرانبەر «دی لاس کازاس» وەستاوەتەوە، لاسکاز خۆی چووەتە ئەمریکا و، ڕەفتاری دڕندانەی ئیسپانییەکانی دیوە، ڕاپۆرتێکی نووسیوە و تێیدا هەستاوە دڕندەیی و بێپەیمانی ئیسپانییەکانی خستووەتە ڕوو، ئۆفیدۆ دژی لاسکازاس بۆچوونەکانی خۆی پێشکەش کردووە، لە ساڵی ١٥١٩ کتێبی نووسی لەو بارەیەوە، لە کتێبەکانی (پوختەیەک لە سرووشتی هند، مێژووی گشتیی هند) کە تێیدا تێڕوانینەکانی خۆی تێدا پێشکەش کردووە دەربارەی دانیشتووانی ئەمریکا کە ئیسپانیا داگیری کردبوو.
ئۆفیدۆ پشتی بە تێڕوانینە ئەرستۆییەکە بەستبوو، پێی وابوو هەندێک لە ڕەگەزەکان هەر بە سرووشتی خۆیان دواکەوتوون و بۆ کۆیلایەتی باشن، هندییەکان لەم گرووپەن. ئۆفیدۆ دەربارەی هندییەکان دەڵێت: ئەوان تەمبەڵن، خراپەکارن، ترسنۆکن، درۆزنن، وەک ئاژەڵوان، هاوسەرگیرییان کۆمەڵێک تقوسە لە پیسی، ئەوانە بترپەرستن، ئارەزووبازن، هاوڕەگەزبازن، بیر لەهیچ ناکەنەوە جگە لە خواردن و خواردنەوە، خودا سزایان دەدات، پێویستە ئەوانە بکرێن بە کۆیلە.(١٤)
دەبینین کە چۆن دونیایەک سیفەتیان داوەتە پاڵ ئەم گەلانە، لە کاتێکدا زۆر سیفەتی جوانیان هەبووە، تەنانەت کار گەیشتووە بەوەی لە وێناکردنی جەستەی ئەو گەلانەش درۆی سەیر سەیر بکرێت، ئیدوارد ویستەر مارک نموونەیەکمان بۆ دەهێنێتەوە لەو بارەیەوە، ویستەر مارک دەڵێت: "پلینیۆس دەڵێت: پیاوان و ژنانی هۆزی جارامنتی لە دۆخی بەربەرەڵایی (مەشاعییەتی) سێکسیدا دەژین، پلینیۆس دەربارەی هۆزێکی تر قسە دەکات، هۆزێکی ئەفریقی بەناوی «بلیمی»، پلینیۆس دەڵێت ئەو هۆزە سەریان نەبووە، دەم و چاویان لە سنگیاندا بووە! چ شتێک پاڵ بە منەوە بنێت کە خۆم بدەم بەدەست نووسەرەوە؟ بەوەی نووسەرەکەمان زانیاریی دەربارەی بارودۆخی پەیوەندییە سێکسییەکانی جارمنتی زیاترە لە ناسینی هۆزی بلیمیی و شکڵ و شێوەیان؟."(١٥)
لێرەدا وەک ویستر مارک دەڵێت ئەگەر کەسێک لە وێناکردنی جەستەییا ئاوا وێنای گەلێک بکات، چۆن دەبێت ئێمە باوەڕ بەو وێنایانەی بکەین کە پەیوەستە بە ئایین و کولتوور و دابونەریتی ئەو گەلانەوە، ئەو نووسەرە هەر لە وێناکردنە جەستەییەکەوە هەستاوە ئەو گەلەی سەیر و سەمەرە پیشان داوە، چ بگات بە بابەتە کولتووریی و نەرتییەکانیان.
یەکێکی تر لەو نموونە زۆر بڵاوانەی کە چووەتە نێو ئەدەبیات و گێڕانەوە ئەدەبییەکانیشەوە وەک ڕۆمان، بابەتی خواردنی گۆشتی مرۆڤە، ڕوانگەیەکیان دروست کردووە کە گوایە هندییە سوورەکان گۆشتی مرۆڤیان خواردوە و مرۆڤخۆر بوون، لە کاتێکدا ئەوەی گۆشتی مرۆڤی خواردووە بەریتانییەکان بوون، ئەگەر نا بەڵگەیەکی بەهێز نییە بیسەلمێنێت کە گەلەڕەسەنەکانی ئەمریکا یان ئوستورالیا گۆشتی مرۆڤیان خواردبێت، بەڵکوو بەڵگە هەیە کە بەریتانییەکان گۆشتی مرۆڤیان خواردوە.
«کاسرین بیبر» دەڵێت: تۆمەتبارکردنی دانیشتووانە ڕەسەنەکان بە خواردنی گۆشتی مرۆڤ، پێداویستییەکی بەریتانییەکان بووە بۆ نکۆڵیکردن لە هەمان ئەو کارانەی خۆیان کردوویانە.
هەروەها برایان سیمپسون، لە کتێبەکەیدا (خواردنی گۆشتی مرۆڤ و یاسای عورفی) کە زانکۆی شیکاگۆ بڵاویان کردووەتەوە باسی چەندان حاڵەت دەکات کە بەریتانیی و ئەمریکییەکان گۆشتی مرۆڤیان خواردووە لە دەریادا، هەروەها لە پرۆسە ئیستیعمارییەکاندا، برایان سیمپسون دەڵێت: خواردنی گۆشتی مرۆڤ بڵاو بووە لەسەدەی ١٧، ئەوکاتەی جیمستاون غەزوکرا و گۆشتی هندییەکانیان خوارد، لەگەڵ خواردنی گۆشتی یەکتر، ئەم پرۆسەیە پەرەی سەند لەگەڵ فراونبوونی بازرگانی بەریتانیی و کشان و فراونبوونی هێرشی ئیستیعماری لە هەموو قاڕەکانی زەوی.(١٦)
هەروەها دەیان تۆمەت و وێنای ناشیرینیان بڕیوە بەباڵای موسڵماندا، وێنەیەکی زۆر نەرێنییان دروست کردووە و، لەسەر ئەو وێنا نەرێنییانە هەنگاویان هەڵگرتووە، وەک ئەوەی موسڵمان هەر بە سروشت کەسانێکی خورافیین، توندوتیژن، ڕۆژهەڵاتی دیکتاتۆرن، ئەمەش لەنێو نووسین و توێژینەوەکانیاندا بەڕوونی دیارە و هەتا ئێستاش کاری لەسەر دەکەن.
«هینری لوران» ئەو پارادۆکسە دەخاتە ڕوو: "ئەگەر ڕۆشنگەرەکان وای دەبینن کە دەوڵەتی موسڵمان نموونەی دیکتاتۆرییەتی سەربازیین، ئەوا کۆمپانیای هند ڕۆژهەڵات (بەریتانی) لە ڕاستیدا باشترین بەرجەستەکەری بووە."(١٧) ئەوەی پێویستە بیزانین ئەوەیە کە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا هەرچی جۆر و شێوازی توندوتیژیی هەیە پەیڕەویان کردووە، خۆشیان بەلایانەوە ئاسایی بووە کە لە جیهانی ئیسلامیدا دەسەڵاتی تاکڕەوی و دیکتاتۆری جێبەجێ بکرێت، یەکێک لەو نموونانەش جۆن ستیوارت میلە کە دەڵێت: "دیکتاتۆرییەت یەکێکە لە شێوەکانی دەسەڵات و، ڕێگەپێدراوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەڕبەڕییەکاندا، بەڵام بەو مەرجەی ئامانجەکە پێشخستن و بەرەوپێشبردنیان بێت."(١٨)
لێرەدا دەبینین جۆن ستیوارت میل چۆن بەلایەوە ئاساییە ڕۆژئاواییەکان لەگەڵ جگە لە خۆیاندا توندوتیژ و دیکتاتۆر بن، بەڵام بەو مەبەستەی ئامانجەکە پێشخستنی ئەو گەلە دواکەوتوو و نەفامانە بێت!
ئەم تێڕوانینە زۆر ئاساییە بە نیسبەت ئەوانەوە چونکە خۆیان بە شارستانیتیرین گەل دەزانن، پێشیان وایە کە گەلانی شەرقیی و ئەفەریقیی و دەرەوەی ڕەگەزی سپیی ئەورووپیی هەر بە سرووشت گەلانێکی دواکەوتوو و کۆنەپەرستن، لە پێناو ئەوەی ئەم گەلانە لەو کۆنەپەرستییە و بەڕبەڕییەتە ڕزگار بکەن ئاساییە بشیانکوژن و بیانچەوسێننەوە، هەر ئەم تێڕوانینانەش بووە بووەتە هۆکاری ئەوەی ئەو هەموو کۆمەڵکوژییە بکەن بە کۆمەڵکوژییەکانی دونیای ڕۆژئاواشەوە.
هەروەها ئەم پاساوانە هەتا ئێستاش بەکارن و کاریان لەسەر دەکرێت، بەجۆرێک ئەمریکا بە بیانووی تیرۆرەوە چۆن هێرشی کردە سەر جیهانی ئیسلامیی و وێرانی کرد، چۆن لەڕێگای نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە جیهانییەکانی ترەوە ئەو وڵاتانە وێران دەکەن لە ڕووی ئابوورییەوە وێرانی دەکەن و گەمارۆی دەخەنە سەر هەتا دراو و پیشەسازیی لە وڵاتدا وێران ببێت و برسێتی و قاتوقڕی دانیشتووانەکەی بگرێتەوە، دواتریش لەڕێگای چەند ڕێکخراوێکەوە وای نیشان دەدەن کە لەخەمی ئەو خەڵکەدان و یارمەتییان دەدەن.
تەوەرەی دووەم
کەوتنی دەمامکەکە
خۆی لە ڕاستیدا دەمامکەکە دەمێکە کەوتووە، بەڵام هێشتا خەڵکانێک هەن و کەمیش نین ئەو کەسانەی کە هێشتا باوەڕیان وایە ئێمە دەبێت دەست بە ڕۆژئاوا و پێوەرەکانییەوە بگرین، چونکە هێشتا ئەوانن ڕابەرایەتی نموونەیی و باڵایی مرۆڤ دەکەن، وەک «فرانسیس فۆکۆیاما» ئاماژەی پێ دەکات دیموکراتییەتی لیبراڵییەتی کۆتا خاڵە کە مرۆڤ بتوانێت پێی بگات، کۆتایی گەشەکردنی ئایدۆلۆجیای مرۆڤایەتییە، کۆتا شێوەی شێوازی بەڕێوەبردنی ئینسانییە، بۆیە لەم لایەنەوە دیموکراتییەتی لیبراڵییەتی کۆتایی مێژووە.(١٩)
ڕەنگە ئاسایی بێت بەلای کەسێکی وەک فۆکۆیاماوە لیبراڵییەتی ئەمریکی کۆتایی مێژوو بێت، بەڵام بەلای کەسێکی موسڵمانەوە گرفتە لیبراڵییەت، یان هەر سیستەمێکی تر لەدەرەوەی دونیابینییە ئیسلامییەکە کۆتایی مێژوو بێت، یان تەنانەت لە ئاستیکی بەرزی حەقیقەتدا دایبنێت ئەگەر بۆ ماوەیەکی دیاریکراویش بێت.
ئەمریکا بە تایبەت کە ئێستا نوێنەرایەتیی ئەو سیستەمە دەکات لەگەڵ هاوپەیمانەکانی هەر لە جەنگی جیهانی دووەمەوە هەتا ئێستا خەریکی کۆمەڵکوژین، دەیان وڵاتیان وێران کردووە، هەتا ئێستاش بە بیانووی جۆراوجۆرەوە هەموو ئەو وڵاتانە وێران دەکەن کە بەتەواوی ناچنە ژێر هەیمەنەی سیستەمەکەی ئەوانەوە.
لە کاتێکدا ئێستا دەبینین ئیسرائیل چی بەسەر غـ.ـەززە هێناوە، چۆن پەلاماری لوبنان و سوریا و هەر وڵاتێک دەدات کە بییەوێت، چۆن لە ماوەی ساڵێکدا شارێکی بەتەواوی تەختی زەوی کرد، چۆن هەموو ئەو یاسا و ڕێککەوتنانەی خستە ژێر پێیەوە کە دەربارەی یاسای جەنگ و پارێزگاری لە پەرستگا و نەخۆشخانە و شوێنەگشتییەکان دەرکراون، چۆن ژن و منداڵ و گەورە و بچووک دەکات بە خۆڵەمێش، نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا و تەواوی دونیا تەنیا تەماشا دەکەن، ئەمریکاش بەتەواوی پشتگیری ئەو کارەیە کە ئیسرائیل دەیکات.
لێرەدا دەبینین چۆن ڕۆژئاوا ئەو بتانە دەخوات کە خۆی دروستی کردوون، چۆن دەمامکەکەی کەوتووە و ڕووە ڕاستییەکەی دەرکەوتووە، پێویستیش ناکات بێم ئامار و ڕێژەی کوژراو و قوربانییەکان بهێنمەوە، چونکە هەمووی لەبەرچاوە و ئێستا بەشێوەی زیندوو لەگەڵی دەژین.
بۆیە دەبێت هەموومان وریا ببینەوە و بزانین کە ڕۆژئاوا جێگای متمانە نییە، بەڵکوو ئەوان بەردەوام کار لەسەر خواردنی دەوروبەرەکەیان دەکەن، کار لەسەر سڕینەوەی کولتوور و ئایین و دابونەریتی کۆمەڵگای موسڵمان دەکەن.
ئەم کۆمەڵکوژییەش ئەمڕۆ دەستیان پێ نەکردوە، بەڵکوو هەر لە پێش ساڵی ١٩٤٨ دەستیان کردوە بە کوشتن و ڕاگواستنی خەڵکی فـ.ـەلەستین، هەتا ئەمڕۆش خەریکن، ئەوەش چەندین توێژەر و پسپۆڕی گەورە باسیان کردووە، وەک ئیلان پاپێ، چۆمسکی، هەتا گۆڵدا مایەر کە یەکێکە لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی جـ.ـوولەکە و ئـ.ـیسرائیل.
ئەوەی گرنگە بیڵێین ئەوەیە: "ئەمریکا تەنیا و تەنیا تا ئەو جێگەیە پشتگیریی لە دیموکراسی دەکات کە بەرژەوەندییە ستراتیجی و ئابوورییەکانی پارێزراو بن. بەکورتی ئەگەر ڕاستگۆیانە لەبابەتەکە بنواڕین جگە لە پرۆژەیەکی گاڵتەجاڕانە هیچ شتێکی تر نابینین، هەر بۆیە دەتوانین بە ڕاشکاوانە بڵێین پرۆژەی ئەمریکا لەبەردەم دیموکراسیدا هۆکارێکە بۆ ڕێگری لە دیموکراسی، نەک پەرەپێدان پێی، پەیوەست بە گەلی فـ.ـەلەستین، ئەم بابەتە بەشێوەیەکی بەرچاو گومانی تێدا نییە."(٢٠)
بەکورتی ڕۆژئاوا دەیان چەمک بەکار دەهێنێت بۆ بەرانبەرەکانیان وەک تیرۆر، کۆمەڵکوژی، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، پێشێلکردنی مافی ژن، ئازادیی ئایینی، تاوانی جەنگ... بەڵام خۆیان هەموو ئەوانە پێشێل دەکەن و کەسیش نییە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکات، بۆیە دەبێت بزانین بەشی زۆری ئەم چەمکانە چەمکگەلێکی بەهەڵەدا بەرن و لەخشتەمان دەبەن، بۆیە دەبێت لەژێر هەیمەنەی ئەم پۆلێنکارییانە بێینە دەرەوە و هێندە پشت نەبەستین بەو پۆلێنکاریانەی ئەوان دەیەکەن، هەر لە مەعریفە و مێژووەوە بیگرە هەتا سیاسەت و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان.
دەبێت موسڵمان وریا بێت و هێندە بەدەوری ئەو چەمک و دروشمانە سەما نەکەین و نەسوڕێینەوە کە ڕۆژئاوا لە ڕێگەیانەوە هەیمەنەی خۆی دەسەپێنێت بەسەر دەوروبەری خۆی و خەڵکی پێوە پەیوەست دەکات.
پەراوێزەکان
١ – الابادة الجماعة، مارتن شو، ترجمة. محی الدین حمیدی، العبیکان، ٢٠١٧، ص ٣٤.
٢- الابادة الجماعیة، نورمان م. نایمارک، ترجمة. احمد باسم سعدون، دار المأمون للترجمة والنشر، بغداد، ٢٠٢٢، ص ١٤-١٥ .
٣- الابادة الجماعة، مارتن شو، ص ٥٧.
٤- هەمان سەرچاوە، ص ٣٥-٣٦.
٥- هەمان سەرچاوە، ص ٥٦.
٦ – امریکا والابادات الجماعیة، منیر العکش، دار النشر ریاض الریس، ٢٠٠٢، ص ٢٤.
٧ – عالەمانییەت لە تاریکییەوە بۆ تاریکی، ئاڤار جەبار قەرەداغی، ئاستانە، ٢٠٢٤، ل٣٩٠-٣٩١.
٨ – المسلم الصالح٠٠ والمسلم الطالح، محمود ممدانی، ترجمة. فخری لبیب، المشروع القومی للترجمة، ٢٠٠٩، ص ٣٩.
٩- الحداثة والهلوکوست، زیجموند باومان، ترجمة. حجاج ابو جبر، دینا رمضان، مدارات للابحاث والنشر، ٢٠١٤، ص ١٤١-١٤٢.
١٠ – من اجل المسلمین، ادوی بلینیل، ترجمة. عبداللطیف القرشی، وزارة الثقافة والفنون والتراث، دولة قطر، ٢٠١٥، ٧١-٧٣.
١١- جەنگی جیهانی دووەم، شەریف مقدم، و. سەمیر حسێن، چاپخانەی گەنج، سلێمانی، ٢٠١٠، بەرگی٢ ل ٥٥٤- ٥٥٥. هەروەها بۆ دوا ئاماری قوربانیانی هێرۆشیما تەماشای سایتی فی دەبلیو، DW بکە، مأساة هيروشيما وناكازاكي, بەرواری وەرگرتن، ٢٩/١٠/٢٠٢٣.
١٢ – الابادة الجماعیة، نورمان م. نایمارک، سەرچاوەی پێشوو، ص ١٨-١٩.
١٣ - لە ڕاسیدا دانیشتوانی ئەمەریکای فراون واتە هەردوو ئەمەریکا و مەکسیک و کەنەدا... چەندین گەلن و هەر گەلە و ناوی تایبەت بەخۆیان هەبووە و، کلتور و ئایینیشیان کەمتازۆر جیاواز بووە، بەڵام ناوی هندی سور دراوە بەسەر هەموویاندا.
١٤ – تاریخ الحضارات العام، باشراف موریس کروزیة، ترجمة. فرید م. داغر، فؤاد ابو ریحان، عویدات، لبنان، ٢٠١٤، مجلد٤، ص ٤٨٤.
١٥ – موسوعة تاریخ الزواج، ویستر مارک، ترجمة: مصباح الصمد، صلاح صالح، هدی رطل، المؤسسة الجامعیة للدراسات والنشر والتوزیع، بیروت، ٢٠٠١، ص١٠٢.
١٦ – امریکا والابادت الثقافیة، منیر العکش، ریاض الریس للکتب والنشر، ٢٠٠٩، ص ٤٨.
١٧ – الاسلام فی اللیبرالیة، جوزیف مسعد، ترجمة. ابو العباس ابراهام، جوزیف مسعد، جداول للنشر وترجمة، ٢٠١٨، ص ٤١-٤٢.
١٨ – عن الحریة، جون ستیوارت میل، ترجمة: عبداللە امین غیث، منبر الحریة، بەبێ ساڵی چاپ، ص ١٩.
١٩ – نهایة التاریخ والانسان الاخیر، فرانسیس فوکویاما، ترجمة. فؤاد شاهین، جمیل قاسم، رضا الشایبی، مرکز الانماء القومی، ١٩٩٣. ص ٢٣.
٢٠ – غەززە لە قەیراندا، نوام چۆمسکی و ئیلان پاپێ، و. عەلی نادر، ڕێنوێن، ٢٠٢٤، ل ١٤.